کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات و مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە

12:18 - 19 خەرمانان 2722

شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "هەولێر" سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستانی کرد.

ڕۆژی ١٤ی خەرمانان شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "هەولێر" بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری"، سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێتەختی هەرێمی کوردستانیان کرد.

شاندی حیزب لەلایەن هەیئەتی خانەخوێ بە سەرپەرەستیی "سەعدی ئەحمەد پیرە"، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەشداریی چەند ئەندامی سەركردایەتیی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا هەیئەتی خانەخوێ وێڕای ڕاگەیاندنی پێخۆشبوونی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، ئەو بڕیارە گرینگەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی لە بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز نرخاند.

لەو دیدارەدا، هەیئەتی یەكیەتیی نیشتمانی وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی یەکبوونەوەی حیزبی دێموکرات كە جێگای دڵخۆشیی هەموو نیشتمانپەروەرانی كوردستانە، مێژووی پەیوەندیی و هاوكاریی نێوان حیزبی دێموكرات و یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستانیان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتدا بە بیر هێنایەوە و پێیان لەسەر بەردەوامیی پێوەندی دوولایەنی نێوانیان داگرتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی حیزبی دێموکراتیش وێرای دەربڕینی سپاس لە هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی یەكیەتیی نیشتمانی، پاراستنی تەبایی و هاوكاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسی و خاوەن گاریگەرییەكانی كوردستانیان بە ئەرکێکی گرینگ دانا و ئەو ڕێوشوێنانەیان دەستنیشان کرد کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەنەکان بیگرنە بەر.