
بەڕێوەبەریی ناوندی سەرچاوە سرووشتییەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ئێران دەبنە بیابان و چۆڵەوانی.
هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە زاری "عەباسعەلی نۆبەخت"، بەڕێوەبەریی ناوەندی سەرچاوە سرووشتییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە ساڵانە یەک ملیۆن هێکتار، لە زەوی و زارەکانی ئێران، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاوەوە دەبێتە بیابان و چۆڵەوانی کە ئێمە تەنیا دەتوانین پێش بە سەتا ٣٠ی ئەو کارەساتە بگرین.
ناوبراو وتوویەتی؛ ئێران ١٦٥ ملیۆن هێکتار پانتایی هەیە و لەو ڕێژەیە نزیکەی ١٣٥ تا ١٣٧ ملیۆن هێکتاری سەرچاوەی سرووشتییە.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی تاران وتوویەتی؛ لە سەدا ٩٨ی ئاگرکەوتنەوەکانی لێڕەوار و دارستانەکان بە دەستی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت و تەنیا ٢ لەسەدی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هۆکاری سروشتییە و ئەوەش زیانێکی زۆر بە دارستان و ژینگە دەگەیەنێت.