کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە کوردستان دەستی پێ کرد (نوێ دەبێتەوە)

09:59 - 9 رەزبەر 2722

مانگرتنەکان لە کوردستان دەستیان پێ کردوە
..............................................................................

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەئاکام تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە ئەمنییەتییەکان لە خۆپێشاندەرانی شاری مەریوان، هاونیشتمانییەک بەناوی "موختار ئەحمەدی" دوای ئەوەیکە بەسەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی ئەو شارە شەهید بوو. هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری سەقز و مەریوان بە قەستی کوشتن تەقە لە خەڵک دەکەن لەگەڵ ئەمەش خەڵک بە گوڕوتینەوە بەردەوام درێژە بە خۆپێشاندانەکان دەدەن.
***
خەڵک لە مەیدانیی مەولەوی و مەیدانی ناوەندی شاری پاوە کۆبوونەتەوە و ماشێنەکانیش بە دەنگی سیگناڵی بەردەوام هێزە ئەمنییەتییەکانییان هەراسان کردووە. دوای مانگرتنە گشتییەکان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و لەهەرکام لە شارەکان بەشێوازی ئاشتییانە هەوڵی دەربڕینی ناڕەزایەتیی دراوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەرەو توندوتیژی ڕاکێشراوە.
***
لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، مەریوان، سنە، کرماشان، دێولان و سەقز خەڵک شەقامییان چۆل نەکردووە و لە هەندێک شوێن بەرەوڕووی هێزە ئەمنییەتییەکان بوونەتەوە. ئەو درووشمانەی لەم شارانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە بریتین لە "ژن، ژیان، ئازادی" و "مەرگ بۆ خامنەیی"ـە. لەم شارانەی هەتا ئێستا خۆپێشاندان بەردەوامە، ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکرێ و هەتا ئێستا چەند هاونیشتمانیی لە بۆکان و مەریوان بریندار بوونە.
***
لە بەشی هەرە زۆری شەقام و گەڕەکەکانی شاری تاران خۆپێشاندان بەردەوامە و خەڵک بەردەوام درووشمی دژ بە حکومەت دەڵێنەوە، باس لەوە دەکرێ خەڵک بە ڕووخانی ڕێژیم لە داهاتوویەکی نزیکدا گەلێک دڵخۆشن. هەروەها لە شارەکانی رەشت، ئەراک و مەشهەد هەتا ئێستاش خەڵک شەقامەکانی چۆل نەکردووە و ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندان بەردەوامە.

لە سنە، مەریوان و بۆکان خۆپیشاندان بووە و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کردوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە مەریوان چەند کەسێک بریندار بوون.
***

تۆپخانەکانی ئێران بە بەردەوامی ناوچەکانی دۆڵی ڕوستێ، کونە گورگە، بەردەسۆران، کەپرە، شیلان، ئەستێرۆکان لە دەڤەری بالەکایەتی تۆپباران دەکەن. سەرچاوەیەک لە ناوچەکە ڕایگەیاند کە بە ھۆی تۆپبارانەکەوە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە شوێنەکانی خۆیان جێ ھێشتوە.
***

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، هێرشی ئەمجارەی ئێران جیاواز بوو، هاووڵاتی مەدەنی، قوتابخانە و نەخۆشخانەشی کردە ئامانج.

ڕەحمان غەریب دەڵێ بۆردوومانی ئێران بە شێوەیەکی گشتی دوو ڕووی هەیە، یەکەم، ئەم بۆردومانەی ئێران لە ڕووە سیاسییەکەیەوە گواستنەوەی قەیرانەکانە نێوخۆییەکانیەتی بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە تایبەتی لە کاتی ئێستادا کە ڕاپەڕینێکی بەرفراوانی نێوخۆی میللی لەو وڵاتەدا بەدی دەکرێ. لە ڕووەکەی دیکەوە، وەک دراوسێیەک کە هەرێمی کردووەتە ئامانج، ئەمە پێشێلکردنی یاسا نیودەوڵەتییەکانە. هاوکات لە ڕووی ئەخلاقییشەوە قبوڵکراو نییە و پێشێلی یاساکانی جەنگی کردوە، کەواتە تاوانی جەنگیی ئەنجام داوە.
***

لە بریتانیا لە شارەکانی لەندەن و ساوتهمتون و چەند شارێکی دیکە هەروەها لە فڕانکفۆڕت و کۆڵنی ئاڵمان، لە هیلسینکیی فەنلاند و ستۆکهۆلمی سوێد ئەمرو کۆبوونەوەی پشتیوانی لە مانگرتن و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.
***

لە بریتانیا لە شارەکانی لەندەن و ساوتهمتون و چەند شارێکی دیکە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە مانگرتن و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.
***

هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن ئێرانەوە مەحکووم دەکەین. هاوپەیمانیی نەسر دەڵێ ئەو هەڵسوکەوتانە ئێران زیان بە پەیوەندییە دوولایەنەکان دەگەیەنن و ئەو دەستدرێژییانە گرژی و پەرچەکرداری خراپ لێ دەکەوێتەوە.
***

چەندین ڕێکخراوی کورد، ئێرانی و فەڕانسەویی داکۆکیکەری مافی ژنان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک سیاسەتی سەرکوتگەرانە کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد. لە بەیاننامەی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا هاتوە کە سپای پاسداران بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکان هێرشی مووشەکیی کردە سەر حیزبە کوردییەکان و ژن و منداڵی کوشت و ئێمە ئەو سیاسەتە قیزەونە مەحکووم دەکەین.
***

زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ پاش مانگرتن دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و دروشمی توندیان دژی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە.
***

ئێستا کوێستانی سارتکە لەسنووری شارەدێی سمیلان لەژێر تۆپبارانی چڕی تۆپخانەکانی ئێران‌دایە. شاخەوان حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سمیلان ڕایگەیاند کە کوێستانەکە شوێنی ڕەوەندەکانە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەکەش کاری کشتوکاڵیی وەرزییان لەو شوێنە هەیە.

هەروەها بەهۆی بەردەوامیی تۆپباران ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خوێندنی قوتابییانی قوتابخانەی بنەڕەتیی گوندی بنیڕەشكین ڕاگیراوە.
***

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی باشووری کوردستان سپاس و پێزانینیی خۆی دەربڕیوە. ناوەندی هاوکاری دەڵێ ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی خەڵكی باشوور جارێكی دیكەی ئەوەی سەلماند كە هەر خۆمان پشت‌وپەنای یەكترین و ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی كورد، وەك كۆماری ئیسلامی كە هەمیشە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان كوردانی باشور و ڕۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە دەدات.
***

هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە شاری تەورێز پەلاماری زانکۆی ئەو شارەیان داوە و خوێندکارانیان سەرکوت کردوە. خۆپیشاندانەکان چەندین ناوچە لە تارانیشیان گرتۆتەوە کە بەتوندی سەرکوت کراون
***

هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم لە دێولان تەقەیان لە خەڵکی ڕاپەڕیو کرد. لە شاری قوروەش خەڵک بە دروشمی "ئەگەر کوردی پشتی دێولان بەر مەدە) ڕژاونەتە سەر شەقام
***

دەیان کەسایەتیی ئەدەبی و ئاکادیمیی باشووری کوردستان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە. لەو نامەیەدا هاتوە کە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی سیاسەتی ڕاستەقینە و دوژمنکارانەی ڕێژێمی ئێران دەرحەق بە هەردوو بەشی کوردستانە بەبێ هیچ جیاوازییەک.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتوە کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خومان بۆ ژنان و پیاوان و لاوانی ئازا و بوێر و ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بەو هەمووە نادادی و ‌زوڵم و زۆرەی ڕژێمی ئێران دەردەبڕین و پشتگیری لە مانگرتنی سەرانسەری ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەری خەڵکی کوردستان دەکەین.
***

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەستەوەستان لە بێدەنگ‌کردنی کوردکاناڵ و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بە مووشەکی بالستیک و دڕۆنی خۆتەقێنەر، ئەمجارەیان پەنایان بۆ پاڕازیت برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە پێمان دەگا، کوردکاناڵ لە زۆر شار و شوێنی کوردستان وەک بۆکان، سەقز، بانە و سەردەشت و ناوچەکانی دیکە پارازیتی توندی لەسەرە.

کوردکاناڵ بە ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئێران لە ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەت ڕووداوەکانی دوای مووشەکبارانی بنکە و بارەگانی حیزب، کردنی کوردکاناڵ بە تریبوونی مافخوازیی نەتەوەکانی دیکە و ئێستاش بە ڕووماڵکردنی مانگرتنی گشتی و سەرانسەری، بۆتە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی؛ بۆیە ئاوا بە هاویشتنی پاڕازیت دەیەوێ ئەو دەنگە کپ بکات.
***

لە دەرەوەی وڵات کوردەکان و دانیشتووانی ئێرانیی دیکەی شاری ملبۆرنی ئۆسترالیایە بۆ پاڵپشتیی ڕاپەڕینەکەی ئێران هاتنە سەر شەقام و کۆ بوونەوە.
***

خەڵکی پەهرەی سیستان و بەلووچستان دژی ڕێژیم خۆپیشاندانیان دەست پێ کرد.
***

خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتی شەریفی ئیسفەهان، زانکۆی تەورێز و زانکۆی ئەلزەهرا لە ڕیزی کاروانی مانگرتووانی ئەمڕۆدان.
***

لە گەوهەر دەشتی کەرەج خۆپیشاندان دژی سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردەوە.
***

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەراسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچانی قوتابیی پۆلی یازدەهەم لە قوتابخانەی حەزرەتی زەینەب لە گەڕەکی حەماڵاوا لە شاری سەقز لە چوونەسەر کلاسی دەرس خۆیان بوارد .

بەپێی هەواڵ بەهۆی پشتگیریی چەند مامۆستایەکی بوێری قوتابخانەکە هەوڵی مودیری مەدرەسە و یەک دوو لە مامۆستایانی دیکە بۆ شکاندنی مانگرتنی ئەو قوتابییانە بێ‌ئاکام مایەوە. دواجار حەراسەتی ئامووزش و پەروەرشی سەقز و چەند مۆرەیەکی لیباس شەخسیی ئیتلاعات هاتنە نێو حەوشەی مەدرەسە و سەرەتا بە دانی وادە و بەڵێنی درۆ و دوایەش هەڕەشەکردن ویستیان کۆتایی بە مانگرتنەکە بێنن، بەڵام کیژانی بوێری مانگرتوو بەتوندی بەرەنگاریان بوونەوە و ڕایانگەیاند کە ئەوان خوازیاری ئازادین. 

"بۆ ژینا ئەمینی‌تان کوشت؟" "بۆ منداڵان مووشەک‌باران دەکەن؟" و "بۆ منداڵێکی دوو ڕۆژە دەکوژن؟" بەشێک لە پرسیاری ئەو کچانە لە هێزەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بوون.
***

ناوەندە ئەمنیەتییەکان کاتێک نەیانتوانی لە ڕێگەی هەڕەشە و ترساندن و پاشان گوشاری کۆمەڵەی کاروباری ئەسناف بۆ یەکیەتییە پیشەییەکانەوە پێش بە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان بگرن، لە ڕێگەی کۆمەڵە مەلایەکی مزگەوتەکانەوە هەوڵ دەدا ئەم مانگرتنە بە ئاژاوەگێڕی و هاندانی دەستی دەرەکی ببەستێتەوە. لە هەموو ئەو شوێنانە لاوانی خوێنگەرم ئەو کۆمەڵە مەلایەیان ئاگادار کردۆتەوە کە نەبنە زمانی زوڵم و زۆر و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی. خەڵک هەموویان دەیانناسن و لە بەرژەوەندیی خۆیانە کە بێنە بەرەی خەڵکەوە.
***

زانستگەی بڕقی زانکۆی تاران و زانکۆی دەرمانسازیی مەشهەد مانیان گرتوە. خوێندکارانی زانکۆی ئازادی ئیسلام‌شار و زانکۆی هونەری بە کۆبوونەوە لە لابیی زانکۆکەیان ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بە سەرکوتی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە پێشان داوە.
***

کرێکارانی حەوت‌تەپە لە بانگەوازێکدا لەژێر ناوی "بەرەو بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانەکان" هاتنە ڕیزی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی ڕێژیم.
***

میرحوسێن مووسەوی وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی سەرانسەریی ئێران لە پەیامێکدا ڕوو بە هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاندوە کە لە بەرەی خەڵکدا بن.
***

لە زاهیدان، ڕوانسەر و ئیلام مانگرتنەکان گشگیرن. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئیسفەهانیش هاتوونەتە سەر شەقام و دژی ڕێژیم دروشمیان بەرز کردۆتەوە.
***

کۆمەڵەی کاروباری سنفەکان (مجمع امور صنفی) لە زۆربەی شارەکان کۆبوونەوەیان گرتوە و گوشاریان خستۆتە سەر بەرپرسی یەکیەتی و بەشە سنفییەکان کە بە زۆر دوکان بە خەڵکی بکەنەوە، بەڵام بەرپرسی زۆر لە بەشەکان گوتویانە کە ناتوانن وەها چاوەڕوانییەکیان لە خەڵک هەبێ وەها داوایەکیشیان لێ ناکەن.
***

زانکۆکانی ڕازیی کرماشان، نەوشیروانی بابول، زانکۆی مێعماری و هونەری تاران، زانکوی باهونەری کرمان، زانکۆی ئازادی پوونەکی تاران، ئازادی شومالی تاران، زانکۆی ئیسفەهان، زانکۆی کوردستانی سنە و زانکۆی یەزد چەند زانکۆیەکی دیکەن کە هاتوونەتە ڕیزی مانگرتنەکانی سەرانسەریی ئەمڕۆی ئێرانەوە.

پێشتری گوترابوو کە زانکۆی خوارەزمیی کەرەج، زانکۆی بەهەشتیی تاران، زانکۆی ئازادی قەلهەک، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کەرەج، زانکۆی فیردەوسیی مەشهەد، زانکۆی عیلم و سەنعەتی تاران، زانستگەی پزیشکیی کەرەج، زانکۆی زەنجان، زانکۆی ددان‌پزیشکیی زانکۆی ئازادی تاران و زانکۆی زەنجان بۆ پاڵپشتیی ڕاپەڕینە گشتییەکان مانیان گرتوە.
***

سپای پاسداران ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆپباران دەکا

ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوامە کەوتوونەتە ژێر ڕەهێڵەی ئاگر و تۆپخانەی ڕێژیم.

هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٩ی ڕەزبەرەوە و لە تووڕەیی مانگرتنی گشتیی کوردستان ناوچە سنوورییەکانی هەڵگورد، سیدەکان، بەربزین و سەقەری بە خەستی تۆپباران دەکا.

کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی کە ئەم تۆپبارانە تا ئێستا زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام زەرەر و زیانێکی یەکجار زۆری بە ژینگە و پەرێزی وەرزێڕانی ناوچەکە گەیاندوە.
***

لە شاری نەغەدە و ناوچە کورد و ئازەری‌نشینییەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ مانگرتنی گشتی تابلۆیەکی دیکەی لە هاوپێوەندی و هاوچارەنووسی و هاوخەباتیی کورد و تورک لەو شوێنانە پێشان دایەوە.
***

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە شاری دێولانی سەر بە سنە مانگرتنی گشتی هەیە و ئیرادەی گەل لە داخستنی دووکان و بازاڕ و بایکۆتی هاتوچۆ لە شار و شوێنە گشتییەکاندا بەباشی خۆی نواندوە.
***

زانکۆی خوارەزمیی کەرەج، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کەرەج، زانکۆی بەهەشتیی تاران و زانکۆی ئازادی قەلهەک بەشێکی دیکە لەو زانکۆ و خوێندنگە بەرزانەن کە هاتوونەتە ڕیزی مانگرتنی گشتی و سەرانسەریی وڵاتەوە.
***

مانگرتنەکە لە جوانڕۆ بەتەواوی بەرچاوە، هەواڵەکان لە سنە باس لەوە دەکەن کە بەشێکی زۆر لە کارمەندی بانک و ئیدارەکانیش بە نەچوونە سەر کارەکانیان پێوەست بە مانگرتنەکە بوون.
***
لە دیواندەرە مانگرتنە. خەڵکی شاری دیواندرە و بازاڕییەکانی ئەو شارە بە داخستنی دووکان و بازاڕ ئیرادەی شۆڕشگێڕی و خەباتکاریی خۆیان نواندەوە و "نا"یەکی گەورەی دیکەیان بە کۆماری ئیسلامی گوتەوە.
***

لە کاتێکدا کوردستان مانی گرتوە و ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەردەوامە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک‌کۆماری عێڕاق ڕایگەیاند ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بارگرژییەکی مەترسیدارە و مایەیی قبوڵکردن نییە، هەروەها پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێڕاق و ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی ئەو وڵاتە.
***

مانگرتنی گشتی لە بەلوچستان دەستی پێ کرد. بەلوچستان دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی کوردستان و پێشەنگایەتی و هاوپشتی و هاوپێوەندیی خۆی لە مانگرتن و ڕاپەڕینی سەرانسەریی ئێراندا پێشان دایەوە.
***

لە دزەی مەرگەوەڕ مانگرتن گشتگیرە. وێنە و ڤیدیۆکانی گەیشتوو لە ناوچەی ورمێ پێشان دەدەن کە بانگەوازی مانگرتن و هەڵوێست بۆ مەحکووم‌کردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن خەڵکەوە بە تەواوی وەڵام دراوەتەوە.
***

زانکۆکان، سەنگەری بیری ئازاد و بەرەنگاری پێشەنگی مانگرتنی سەرانسەریی ٩ی ڕەزبەرن. لە زانکۆکانی فیردەوسیی مەشهەد، عیلم و سەنعەتی تاران، زانستگەی پزیشکیی کەرەج و زانکۆی زەنجانەوە وێنە و ڤیدیۆمان بۆ هاتوون کە پێشان دەدەن مانگرتنەکان لەو زانکۆیانە گشتگیر و بەربڵاون.
***

لە ئیلام، ڕەبەت و شارەدێی نێ مەریوانیش مانگرتنەکە گشتییە. خەڵکی ئیلام، ڕەبەت و شارەدەێی نێ تابلۆیەکی دیکە لە نواندنی ئیرادەی گەلیان پێشان دایەوە.
***

شارەکانی "کامیاران" و "پاوە"ش تابلۆیەکن لە ئیرادەی گەلێک کە ئازادیی دەوێ و هەتا بە سەربەستی نەگا، لە خەبات و تێکۆشان ناوەستێ. هەواڵەکان لە پاوە و کامیاران باس لە مانگرتنێکی گشتی و بەرفراوان لەو دوو شارەی کوردستان دەکەن.
***

خوێندکارانی زانکۆی ددان‌پزیشکیی زانکۆی ئازادی تاران بە بەرزکردنەوەی دروشم لەدژی دەسەڵات و داوای ئازادکردنی خوێندکارە بەندکراوەکان هاتنە ڕیزی مانگرتنی سەرانسەریی وڵاتەوە.
***

شاری سەقز، شوێنی لەدایکبوونی ژینا ئەمینی و شوێنی لێدانی چەخماخەی نوێی ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان جارێکی دیکە بە مانگرتنی گشتی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشان دایەوە.
***

لە شازدەهەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی سەراسەری و لە دووهەمین مانگرتنی گشتیی کوردستاندا زۆربەی زۆری شارەکانی کوردستان مانیان گرتوە و بە داخستنی دووکان و بازاڕ و چۆڵکردنی شوێنە گشتییەکان تابلۆیەکی دیکەیان لە ڕق و بێزاریی خۆیان کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشان دایەوە.
***

لە محەممەدیار خەڵکی کورد و ئازەری پێکەوە و هاودەنگ و هاوپشت لەگەڵ یەکتری مانیان گرتوە و دووکان و بازاڕیان داخستوە.
***

خوێندکارانی زانکۆی زەنجان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کوردستان و سەرانسەری کردنی ناڕەزایەتییەکان مانیان گرتن و نەچوونە سەر پۆلەکانی خوێندن.
***

سەرەڕای گوشاری زۆری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ئیدارەی"ئەسناف"ی شارەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام خەڵکی بەهەڵوێست و خەباتکاری بازاڕی لە هەموو شارەکان "نا"یەکی گەورە و قایمی دیکەیان بە کۆماری ئیسلامی گوتەوە.
***

ناوچەی گەشتیاریی "بەندی ورمێ" بەتەواوی داخراوە و خەڵکی بازاڕی و ناوچەکە بە تەواوی بەرەوپیلی مانگرتنەکە چوون.
***

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە شارۆچکەی گوێکتەپە لە نیزیک مەهاباد بەتەواوی داخراوە.
***

مانگرتنەکان لە پیرانشار بە داخستنی شەقامی ٢٤ میتری بەرەو هەوراز دەستی پێ کردوە و شەقامی بازاڕی سیگار داخراوە. بەپێی زانیارییەکان سەتا ٩٥ی شاری پیرانشار بەتەواوی داخراوە.
***

مانگرتنەکان لە پیرانشار بە داخستنی شەقامی ٢٤ میتری بەرەو هەوراز دەستی پێ کردوە و شەقامی بازاڕی سیگار داخراوە.
***

وێنە و ڤیدیۆکان لە شاری سەردەشت باس لە مانگرتنێکی گشتی و بەرفراوان لەو شارە دەکەن.
***

لە شاری محەممەدیار مانگرتنەکە دەستی پێ کردوە و هەموو شەقام و شوێنە گشتییەکان داخراون.
***

یەکەم وێنە و ڤیدیۆکان کە بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکرات گەیشتوە، پێشان دەدەن کە مانگرتنەکان لە کوردستان دەستیان پێ کردوە، بەتایبەت لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، مەهاباد، سنە، شنۆ، پیرانشار، بالۆی ورمێ و نەغەد مانگرتنەکە بەتەواوەتی بە ڕوخساری شار و شوێنە گشتییەکانەوە دیارە.
***

دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و مانگرتنی خەڵکی کوردستان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەو جینایەتە و پاش پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی مووشەک‌باران کرد.

ناوەندی هاوکاری جارێکی دیکەش داوای لە خەڵکی کوردستان کردەوە کە بۆ خاوەندارەتی لە ڕۆڵەکانی خۆیان و مەحکووم‌کردنەوەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر بە داخستنی دووکان و بازاڕ مانگرتنێکی گشتی ڕابگەیەنن. هەروەها داوا لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش کرا کە خەڵکی کوردستان بە تەنیا نەهێڵنەوە و هەتا ئێستا زۆر حیزب و لایەنی سیاسیی دیکە پشتیوانیی خۆیان لەو مانگرتنە ڕاگەیاندوە.