کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسلامی سیاسی یان ئایینی بەرپرس

16:41 - 15 رەزبەر 2722

سمکۆ سەقزی
 
بە پێی بەراورد له شارەکانی کوردستاندا هەر سێسەد ماڵ و بنەماڵە مزگەوتێکیان هەیە،  هەر مزگەوتێکیش مامۆستایێکی ئایینی هەیە کە ڕۆڵی پێشنوێژ دەبینێ و بەپێی ڕێژەی زانایی و تاقەتی مامۆستاکە و قەرەباڵغیی گەرەک بەشێک لەم مزگەوتانە حوجرەی فەقێیان هەیە کە سێ تا پێنج فەقێ تێیاندا دەخوێنن.
بە پێی سیاسەتی ڕێژیم بەتایبەت دوای مردنی خومەینی، لە دەورەی خامنەیی هەموو شارەکانی کوردستان مەرکەزی بوزرگی ئیسلامی تێدا دامەرزا کە زۆرینەی مەلایان و فەقێکان لەوێدا ناونووس کراون. هەوڵێکی جیددیش درا کە وەک قوم و تاران بۆ مەلایانی ئەهلی سونەت و فەقێکان، حەوزەی عیلمییە دامەرزێنن کە بۆ نموونە چەن حەوزە عیلمییەیەکی بەناو حەوزەی عیلمییەی خاهەران دامەرزاوە.  ئەم سیاسەتە لە باری فکری و بوودجە و بەڕێوەچوونی هاوکاریی نێوان سازمانی ئەوقاف، سازمانی تەبلیغی ئیسلامی، ئیتلاعات، سپا و حەوزەی عیلمییەی قوم و دەستوورەکەشی لە ناوەندی دەسەڵاتەوە دەهات و جێبەجێ کرا. 
لەو ڕێگایەوە مامۆستایانی ئایینی خرانە ژێر کونترۆڵ و چاوەدێری و گوتار و خوتبەی مینبەرەکانیان بەپێی ئەو ڕێنوێنیەیە کە مەرکەز بۆیان دیاری دەکات، له پێگەیاندنی فەقێکانیش بۆ پەروەردە و ڕاهێنان دەستی ڕێژیم ئاوەڵا و کاریگەر بووە. 
ڕۆڵی گەورە جاشی بەدناو "مەلا قادر قادری"ی پاوە بۆ پێدانی خەت بە تاران زەق و دیارە کە وەک سەرپەرشتی ئەم پرۆژەیە دەناسرێت.  هەمیشە ئەو وەک هێمایەک بۆ باشترین مەلای ئایینی ئەهلی سونەت له کوردستاندا لەلایەن دامودەزگای تەبلیغییەوە پڕوپاگاندای بۆ کراوە.
لەم مەرکەزی بوزرگی ئیسلامییەشدا بە دانپێدانانی ئەو مامۆستایانە کە لەوێ ئەندامن هیچ ڕێزێک نە لە ئایین بەگشتی و نە لە ئەهلی سونەت بە تایبەتی دەگیرێ.
لە بەرانبەر مانگانەیەک زۆر کەم و بڕە خۆراکێکی له قەن و ڕۆن، ئەوپەڕی سووکایەتی بە مامۆستایان دەکرێ. وەک فەرزی سەرشان دەبێ لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی ڕێژیمدا وەک ڕێپێوانەکان بەشدار بن.
خۆیان و مزگەوت و فەقێکانیان کاتی هەڵبژاردان دەبێ وەک ناوەندی شانۆی دەنگدان له خزمەت ڕێژیمدا بن.
ئیمرۆ کە خرۆشان و شوڕشێکی مەزن سەری هەڵداوە وەک پێویست و زەروورەتێکی مێژوویی و بەخۆداچوونێکی ویژدانی دەبێ مامۆستایانی ئایینی لە ئاست و قەورارەی بەرزی نەتەوەی کورد دەرکەون، دەبێ چاویان نەبەستن و ئەو هەموو ستەم و جینایەتە ببین ، دەبێ خۆیان لەو دەنگە حەقخوازەی میللەتەکەیان کەڕ نەکەن.
مینبەر و مزگەوتیان دەبێ لە خزمەت میللەتدا بێ و شکۆ و شانازی بۆ گوتاری ئایینی بگەڕێننەوە.
ئەوان لە بەردەم بژاردەیەکی مێژووییدا دان، نابێ ئەو کەڵکە سووک و نابەجێیە کە بە ناوی ئایین لەوان و لە مزگەوت  دەکرێ قبووڵی کەن. مزگەوت نە حەوزە و پایگای بەسیجە نە حەوزەی دەنگدان بە سیخوڕ و چڵکاوخوڕ و دزی شۆرا و مەجلیس.
ئەبێ ئەوەیان بێتەوە یاد حوجرە و مزگەوت لە مێژووی کوردستاندا شوێنی عیرفان و شیعر و فێربوونی مەعریفە و زمانی کوردی بووە.
مەگەر بلیمەتانی وەکوو مەحوی و نالی و هەژار و هێمن و محەممەدی خاڵ لە کام زانکۆ خوێندوویانە و  پێگەیشتوون غەیری حوجرە و مزگەوتەکان؟

شوڕشە مەزنەکانی کورد کە وەک تاجی شکۆ و شانازی وان، بەدەستی شێخ عوبەیدوڵڵاکان و شێخ ڕەزاکان کراون و هەوێنەکەی مزگەوت و ئایینی بەرپرس لە بەرانبەری نەتەوەدا بووە.
ئیمڕۆ ئێوەی مامۆستایانی ئایینی بە هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی، ویژدانی، ئایینی، ئینسانی دەبێ لە بەرانبەری ستەم و ستەمکاریەک کە هیچ پاساوێکی بۆ نییە دەنگ هەڵبڕن.
شێخ سەعیدەکان و قازی پێشەوامان ئولگوو و ئیمامی ژیانتان بن.
بێزاری و نەفرەت دەربڕن بەرانبەر بەوانەی ئایینیان کردووەتە ئامرازی چارەڕەشیی میللەت و کوشتاری نوێژخوێنی بێدەسەڵاتی بەلووچ، ئاستی خۆتان بەرز کەن، ئێوە خەتی شوڕشگێری و خەبات بدەن بە کۆمەڵگاتان نەک ئەوەی بەسیجیه خوێڕیی حەوزەی قوم ڕێگاتان بۆ دیاری بکات.

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.