کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەنگەری ئازادیخوازانەوە بۆ مەکۆی ڕاپەڕین

17:01 - 15 رەزبەر 2722

دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی
  
لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، لەو کاتەوەی ئەم کۆمارە ڕەشە بیچمی داکوتا و گۆپاڵی شەلم کوێرم ناپارێزمی لە دژبەرانی خۆی بەدەستەوە گرت و دەستی کرد بە کوشتوبڕ،  ئەوەی  لە دەستی هات کردی و کوشتی. کەچی کوردستان بۆ ئەو شوێن و جێگەیەکی جیاواز بوو لە بەشەکانی دیکەی ئێران. 

دەسەڵاتی تازە پێگەیشتوو، سەرەتا لە نێو خۆیدا و لە هاوڕێیانی نزیکەوە دەستی پێکرد. بەشێوەی جۆراوجۆر ـ  تێرۆر و تەقینەوە بۆ دژبەران ـ لێی کوشتن و لەناوی بردن. زۆر کەس لە نێو ئەو کاتی کۆماری ساوای ئێسلامیدا خاوەنی دەنگوڕەنگی خۆیان بوون. ئەوانە هەروا بە ئاسانی  نەدەچوونە ژێر باری بیروڕاکانی ئەمانەوە و نەدەبوونە دارەدەست و گۆپاڵی سەرکوتی خومەینی و دار و دەستە لێ  نزیکەکەیەوە.
          
هەر بۆیە بەشێوەی جۆراوجۆر کوشتنیان، یان لەدەسەڵات دووریان خستنەوە و لە سەر ڕێی خۆیان لایان بردن. خومەینی و ئەوانەی لێی نزیک بوون و ئاڵقە بەگوێیی ئەویان بە شانازی دەزانی، هەر لە سەرتاوە هەم لەو هاوڕێیانە و هەم لە ئازادیخوازانی  ئێران و هەم لە گەلانی ئێران بە فێڵ بوون. ئەوان پلان و بەرنامەی خۆیان هەبوو. هەر بۆیە هەرکەس ببوایەتە لەمپەری سەر ڕێیان بە هەر نرخێک بوایەت وەلایان دەنا و دەیانسڕییەوە. ئەوان پۆلێک مرۆڤی بیروشک و دەسەڵات خۆشەویست و چاوچنۆک بوون، کە کۆمەڵێک ئاڵقە بەگوێ و ساویلکەیان لە دەوری خۆیان کۆکردبووەوە. ئەو کەسە ساویلکانە بۆ هەمووکارێک ـ چ کوشتن و چ خۆ بەکوشتدان ـ ئامادە و گوێ بە فەرمان بوون. ئەوانیش ـ دەسەڵاتداران ـ ئەمانەیان وەک کەرەستەی خۆیان چاو لێ دەکردن و دەستیان لە خەڵک پێکوشتن و بە کوشت دانیان نەدەپاراست. هەر بە یارمەتیی ئەم کەسە ئاڵقە لە گوێیانەیان، دەستیان کرد بە کوشتار و لە سەر ڕێ لادانی ئەو کەسانەی بیر و باوەڕی جیاوازیان هەبوو. بە بیانووی دەسەڵاتی ئایینییەوە، خۆیان کردە نوێنەری خودا لە سەر زەوی و دژبەرانیان کردە دوژمنی خودا، هەر بۆیە بە ئاسانی و بێ بەزەییانە، دەستیان لێ نەپاراستن و خوێنیان ڕشتن و لە داریان دان.

لەوکاتەدا  کە لە شارەکانی ئێراندا کۆماری سێدارە دەستی لە کەس نەدەپاراست و وەک نوێنەری خودا خەریکی گەسکدانی هێزی دژە خودا بوو، لە کوردستان و دوور لە دەسەڵاتە شوومەکەی ئەو کۆمارە هارە خەباتێکی گەرم و ڕەوا بەڕێوە بوو. زۆربەی خاکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی نیشتمانپەروەرانی کورددا بوو. لێرە، لەم نیشتمانە پڕ لە جوانی و خەباتەدا، وانەی ئازادی و مرۆڤایەتی بە ئاشکرا دەگوترایەوە. وانەکانی، دێموکراسی. مافی مرۆڤ، مافی نەتەوایەتی، مافی ژنان لە زۆربەی گوند و شارەکاندا دەگوترایەوە  و سەرەڕای گرفتەکانی سەردەم، خەڵک فێر دەکران چۆن بژین و چۆن لە ژیان بڕوانن. مافی تاک چییە و چۆن دەبێ ڕێز لە مافی گشتی بگیردرێت.  ئەو هەوڵانە هەلێکی باش بوون بۆ فێربوون و پێگەیاندن و پێشکەوتنی فیکری ئەم کۆمەڵگایە. لەو سەردەمەدا هەر پێشمەرگەیەک مامۆستایەکی قوتابخانە و هەر کادرێک مامۆستایەکی زانکۆ بوو.

ئەو هەلە لە کوردستان، لە ژێر باڵی پێشمەرگەدا ڕەخسابوو، بووە دەرفەتێک هەتا نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە بەشەکانی دیکەی ئێرانەوە خۆ بگەیەننە کوردستان و لەژێر ئەم  شاباڵەدا خۆ لە کوشتن و لەناوبردن  بپارێزن. کوردستان و پێشمەرگەش زۆر دڵاوایانە باوەشیان بۆ ئەو ئازادیخوازانە کردەوە. ئەوانیش توانییان  لێرە و بە یارمەتیی کورد و پێشمەرگە خۆیان ڕێک بخەنەوە لە ژێر ئەم ئاڵا پیرۆزەدا پشوو بدەن.

هاتنی ئەم لێشاوە لە ئازادیخوازانی ئێران بۆ کوردستان، بووە هۆی ئەوەی کوردستان ببێتە سەنگەری ئازادیخوازان. کوردستان سەرەڕای خەباتی گەرم و خوێناوی بۆ مافی نەتەوایەتی و  بەربەرەکانێ لە گەڵ دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی،  ببووە  سەنگەری ئازادیخوازان و دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی هەموو شار و گوند و چیا و پێدەشتەکانی ئەم وڵاتەی تەنییەوە. هەر ئەوەشە،  ئەو وانانەی لەو فێرگە مەزنانەدا بە گوێی کوڕان و کچانی ئەو سەردەمەدا درا، ئێستا بووەتە هەوێنی بیرێکی مەزن کە خەزانی بە سەردا نایەت و هەتا هەتایە هەر گەش و جوان دەمێنێتەوە.

ئێستاش لەم سەردەمە تایبەتەی مێژوودا، دوای تێپەڕینی نزیکەی چل ساڵ لەو سەردەمە،  ئەو وانەنا هەر گەرم و تازەن و دوای کوشتنی « ژینای شەهید» بە دەستی مرۆڤکوژەکانی کۆماری سێدارە دێنەوە ڕۆژەڤ و کاریان پێ دەکرێت. ئێستاش جووڵە و نووسراوە و دروشمی خەڵکی  کوردستان کەوشەنەکانی وڵاتی کوردان دەبڕێت و لە شارەگەورەکانی ئێران و هەر بەزمانی کوردی دەگوترێنەوە. دیسان و لەم سەردەمەشدا کوردستان بووەتە مەکۆی ڕاپەڕین. هەر لێرە، لە کوردستان، بە دەیان ڕەمز بۆ ئەو ڕاپەڕینانە لەدایک بووە. دەنگی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازیی ژنان و پیاوانی کورد لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا، هەر بەزمانی کوردی دەگوترێنەوە.

هاواری « ژن، ژیان، ئازادی » بەرزە و دروشمەکانی ئێرە هەوێنی شوعارەکانی ئەوانە.
ئەگەر دوێنێ، لەلایەن زۆربەی خەڵکانی غەیرە کوردی  ئێرانەوە کورد و خەباتەکەی بە ئاژاوەگێڕ و پیاوکوژ و ناڕەوا دەزانرا، ئێستا لەلایەن  زۆربەی خەڵکی ئێرانەوە پشتیوانی لە کورد و دەنگە ئاشتیخواز و یەکسانیخواز و ئازادیخوازانەکەی دەکرێت. ئەمە گۆڕانێکی مەزن و گرینگە لە خەباتی مرۆڤتەوەرەی خەڵکی کوردستاندا.

هەرچەندە ئەم دەسکەوتانە هەروا بە ئاسانی بۆ گەلی کورد وەدەست نەهاتوون. تێچووی ئەم دەسکەوتانە زۆر  قورس و تاقەتپڕووکێن بوون. بە هەزاران شەهید، بە هەزاران بریندار و کەمئەندام، ماڵ و شار و گوندی سووتاو، تێرۆر و کوشتن و لەسێدارەدان، بۆ گەلی کورد تێچووی ئەم دەسکەوتەن. هەر لەم پێناوەدا، سەرکردەگەڵێکی مەزنی وەک دوکتور قاسملوو، دوکتور سەعید، فوئاد مستەفاسوڵتانی لەو ڕێگەیەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەزاران کچ و کوڕمان  چوونەتە بەندیخانەکانی کۆماری سێدارە و لەوێ تووشی جەزرەبە و سووکایەتی و کوشتن بوونەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تێچووەش، کورد هەر  پێی سەر بڵیندە و لێی پەشیمان نییە.

 هەر وەک لە سەردەمێکدا کوردستان و خەباتەکەی ببووە سەنگەری ئازادیخوازان، ئێستاش بووەتە مەکۆی ڕاپەڕین، هەر بۆیە شانازی بە خۆیان و خەباتەکەیانەوە دەکەن و هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە ـ ئازادی و مافی نەتەوایەتییە ـ  لە سەر ئەو ڕێبازە سوورتر شێلگیرتر دەبن. هەتا گەیشتن بە ئاواتەکانیان ناوەستن و پشوو نادەن. بە خۆشییەوە کوڕان و کچانی ئێستای ئێمە زیاتر شارەزای مافەکانی خۆیانن، لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ناسرەون  و خەباتی بۆ دەکەن. دوژمنانی گەل  و ئازادیش دەبێ دڵنیان بن، ئەم نیشتمانە هەتا سەر و هەتا گەیشتن بە مافەکانی، هەر سەنگەری ئازادیخوازان و مەکۆی ڕاپەڕینەکان دەمێنێتەوە.