کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش

12:25 - 16 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەر لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری ڤییەن خۆپێشاندانێک بە مەبەستی شەرمەزارکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک: "کوشتنی ژینا ئەمینی ،کچێکی بێتاوانی کورد، بۆردمان کردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان و کوشتن و بریندارکردنی دەیان ژن و منداڵی بێتاوان و تێکدانی ماڵ و حاڵیان و هەروەها دژ بە ‌هێرشی دڕندانەی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران پێک هات.

لە سەرەتای خۆپێشاندانەکەدا حوسێن خاڵخاڵ  بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد.

 پاشان سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" پێشکەش کرا.

 پاش سروودی "ئەی ڕەقیب" خۆڵەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیان پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەت شەهیدانی بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیرا

پاشان لەلایەن دوکتور "جەزا ساڵحیـ"ـیەوە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا.

 لە پەیامەکەدا سەرەڕای چاوخشاندنێک بە کارنامەی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵ تەمەنی پڕ لە شوورەییدا کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشاد بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانیەکان، شەهید و بریندارکردنی دەیان کەسی بێتاوان و هەروەها شەهید کردنی دەیان کەس لە خۆپیشاندەران لە ناوخۆی وڵات شەرمەزار کرابوو.

هەروەها لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتی ئۆتریش داوا کرابوو کە پاڵپشتیی خۆپیشاندەران بکەن، دەست لە هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵبگرن و دەست بە سەر سەرمایەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و ماڵ و منداڵەکانیان لە بانکەکانی ئورووپا دابگرن و لەوە زیاتر ڕێگا بە تاڵانبردنی قووتی خەڵک لەلایەن مافیاکانی کۆماری ئیسلامیەوە نەدەن.

پاشان لەلایەن "محەممەد فەقێ عەلیـ"ـیەوە لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و شەرمەزارکردنی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لە گەل کوژرانی ژینا ئەمینی و پەلاماردانی بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانیەکان و خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی وتارێک پێشکەش کرا.

هەروەها "نزار مووسا" بە نوێنەرایەتیی کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان وتارێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و سەرەڕای پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزب جینایەتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار کرد و ئامادەیی کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستانی بۆ هەر چەشنە یارمەتیەک ڕاگەیاند.

لە خۆپیشاندانەکەدا هەروەها نوێنەری زۆربەی حیزبە کوردستانیەکان وەک پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە، ماڵی کورد، پارتی دێموکراتی کوردستان-سووریە، کۆمەڵەی یارسان و ڕەوەندی کوردستان بەشدار بوون.

بەشداران وێنەی شەهیدانی ئەم دوایییانە، هەر لە وێنەی شەهیدی سەمبولیکی ڕاپەڕینی نوێ "ژینا ئەمینیـ"ـیەوە بگرە تا شەهیدانی لە خوێندا شەڵالی بۆردمانی ٦ی ڕەزبەر و شەهیدە سەربەرزەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە زر ڕاگرتبوو بە  دەنگی بەزز دروشمی بڕووخی کۆماری ئیسلامی و دەیان دروشمی تریان دووپات دەکردەوە.

  هەروەها چەند سروودێکی نیشتمانی و سروودی ئەی شەهیدانیش وەک کۆتایی پرۆگرامی خۆپیشاندانەکە پێشکەش کرا.