کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی دیکەی لە مێژوودا تۆمار کرد

19:27 - 16 رەزبەر 2722

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە درێژەی خۆپیشاندانەکانیان دژی ڕێژیمی تاران دووکان و بازاڕیان داخست.

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان مانگرتنێکی بەرین بەڕێوە چوو کە لە زۆربەی شارەکانیش خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان پیشان دا.

سنە

نه له یەک شوێن لە دەیان شوێن ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو. هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک وەک هەمیشە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بوو و خەڵکی شۆڕشگێڕیش بپ بەرگری لە خۆیان دەستیان کردەوە و بۆ بە شەڕ و پێک دادان.

 بەپێی زانیارییەکان خەڵک کۆنترۆڵی زۆربەی شاری سنەیان بەدەستەوە گرتووە.

لە شوێنەکانی "شەریف ئاوا، جامی جەم، غەفوور، سێڕای ئەدەب، شاپووڕ، فێردەوسی، مەیدانی ئیقباڵ، بەهاران، نەبوەت، حەسەن ئاوا، فەیزاوا، وەکێڵ، ژاندارمێری" و چەند شوێنی دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانەدا چەندین هاووڵاتیش بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کراون کە هەتا ئێستا شوناسی ئەو شەهیدانە ڕوون نییە.

بەپێی زانیارییەکان لە مەئموورانی سەرکوتکەری ڕێژیمیش کوژراون بەڵام شوناسیان ڕوون نەبووەتەوە.

خەڵک لە شاری سنە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران سەریان لێ شێواوە و توانای بەرەنگاریان لەگەڵ خەڵکدا نییە.

لەو خۆپیشاندانەدا چەندین ماشینی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن خەڵكەوە ئاگری تێبەر دراوە.

دۆخی سنە زۆر ئاڵۆزە و خەڵکیش لە خۆپیشادانەکانیان بەردەوامن.

بۆکان

لە بۆکان خەڵک ئەمڕۆ مانیان گرت و بە نەکردنەوەی دووکان و بازاڕەکانیان درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا و هەروەها ناڕەزایەتییان دژی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

سەقز

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خەڵکی سەقز لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان دژی ڕێژیمی ئێران جیا لەوەیکە دووکان و بازاڕیان داخست.

قوتابییانی قوتابخانەکانیش بۆ "نا"وتن بە ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی مەرگ بەر دیکتاتۆر و ژن، ژیان، ئازادییان بەرز کردەوە.

خەڵک لە کوردستان و ئێران بە شیوەیەکی زۆر یەکدەنگ و یەکگرتوو دژی ڕێژیمی تاران ڕژاونەته سەر شەقامەکان. خەڵک ڕایانگەیاندوە هەتا ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەست لە خۆپیشاندانەکان هەڵ ناگرین.

دیواندەره، مەهاباد و مەریوان

خەڵک لە کوردستان و ئێران بە شیوەیەکی زۆر یەکدەنگ و یەکگرتوو مانیان گرت و "نا"یان بە ڕێژیمی ئێران وت. خەڵک ڕایانگەیاندوە هەتا ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەست لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان هەڵ ناگرن.

داخستنی دووکان و بازاڕەکان لەلایەن خەڵکەوە یەکگرتوویی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنەکان دژی ڕێژیمی ئێران پیشان دا.

جوانڕۆ

خەڵکی ئەم شارەش بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و درێژەی ناڕازیەتییەکانیان دژی ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و لاوانی شۆڕشگێڕ دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەستانەوە. هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە بەڵام خەڵک لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بوونە.