کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران

11:40 - 17 رەزبەر 2722

لە شارەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی سەرانسەریی خۆپیشاندان و ڕووبەڕووبوونەوە بەدژی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە.

ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە دەرێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووی داوە و بەشێک لە شارەکانی وەکوو سنە، سەقز، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی کوردستان بە چەکی سووک تەقە کراوە و لە شاری سنە و جوانڕۆ و کوژراو و برینداریش هەیە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەخۆ تەقە لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەکەن و ڕاستەخۆ ماڵ و حاڵی خەڵک وێران دەکەن و دەیخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

هەروەها لە شارەکانی دیکەی ئێران وەکوو، مەشهەد، تاران، تەورێز و چەند شارێکی دیکەش، شەڕە تەقە لە نێوان هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕووی داوە و هێزە سەرکوتکەرەکان دەست لە هیچ ناپارێزن و ڕاستەوخۆ بە چەک تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و دەیانکوژن و تا ئێستا چەند کەسێک کوژراو و زۆرێکیش بریندار بوونە، هەروەها هێزە جینایەتکارەکانی خامنەیی بێ هیچ هۆکارێک ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی ئاسایی کردووە.

جێی ئاماژەیە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە بە هەموو جۆرە چەکێک هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران، لە هەمانکاتیشدا بە لای هەر شتێکدا وەکوو ماشێن و ماڵ و حاڵی خەڵکدا دەڕۆن بە باتۆم یا هەر شتێک کە پێیانە هێرش دەکەن و تێکیان دەشکێنن، خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیویش بە هەموو شێوەیەک بەرپەرچی سەرکوتە خوێناوییەکانی هێزە تێرۆریستەکانی خامنەیی دەدەنەوە.