کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی نیزیک بە ٣٠٠ مامۆستای ئایینی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵات

11:47 - 17 رەزبەر 2722

سەدان کەس لە مامۆستایانی ئایینی خەڵکی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەربڕی و تووندوتیژی، دەستبەسەرکردن و کوشت و کوشتاری خۆپێشاندەرانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانیان زۆر بەتوندی مەحکووم کرد.

264 مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بڵاو بۆوە، دەڵێن لە دەیەکانی ڕابردوودا داواکاریی خەڵک نەبیستراوە و لەبەرچاو نەگیراوە. لەگەڵ ئەوەدا پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک، هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی، ئاشكرابوونی گەندەڵی هەزاران میلیارد تمەنی، سەپاندنی ئایدیۆلۆژی توێژی دەسەڵاتدار، بێکاری، بێ‌هیوایی لاوان و دەیان قەیرانی دیکە کە بەرهەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمن، هۆکاری ئەو ڕاپەڕینەن.

ئەو مامۆستایانە دەڵێن، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی بەناو گەشتی ئیڕشاد بڵێسەیەک بوو کە ناڕەزایەتیی دەیان میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانی بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا تەقاندەوە.