وەزیری دەرەوەی ئاڵمان جارێکی دیکەش ڕەفتار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئێرانی مەحکووم کرد و گوتی ئێران بەو ڕوانگەیەی پێشانی دا کە لە بەرەی هەڵەی مێژوودا وەستاوە.
ئانالنا بێربووک لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی "بیلد ئام زونتاگ" ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی ئورووپاش گەمارۆی نوێ دەخەنە سەر ڕێژیم. ئەو گوتی: "کەسانێک کە لە شەقامەکاندا لە ژنان و کچان دەدەن، دەیانکوژن و خەڵک بە تاوانی داواکردنی ماف و ئازادییەکانیان دەگرێ و دەیانکوژێ، ئەوان لە بەرەی هەڵە و پێچەوانەی مێژوودان. بۆیە ئێمە وا دەکەین یەکیەتیی ئورووپا سزا و گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی."
وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕوو لە خەڵکی ئێران پێی لەسەر ئەو داگرتۆتەوە کە ئێمە لەگەڵ ئێوەین و پشتیوانی و هاوپێوەندییەکانمان درێژە پێ دەدەین.