عەلی بداغی
کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بۆ چارەسەری ئەو پرسە سەرەکییانەی لە خۆی کردوونی بە بارێکی قورس و قەیران لەسەر قەیران کەڵەکەی کردوون، پەنای بۆ مووشەک و چەک بردەوە. ڕێژم لە نێوخۆی وڵات خەڵکی مافخوازی ڕاپەڕیو دەداتە بەر ڕێژنەی گوللە و، مووشەک لە حیزبە سیاسییە کوردەکان دەگرێت و سوورە لەسەر ئەو سووڕی باتڵەی کە دواجار دەبێ سەری لەسەر دابنێت.
٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ هەروەک ڕووداوەکەی چوار ساڵ لەوەپێشی ١٧ی خەرمانان و لە کاتێکدا پتر لە ئەوکات قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ئەوکیان گرتبوو، بەدڕەوشتانە و دوور لە هەر چەشنە پڕەنسیپێکی ئەخلاقی و ڕەچاوکردنی یاسا و دەروەستییە نێودەوڵەتییەکان تەنانەت لەبەرچاوگرتنی یاساکانی شەڕ، بە دەیان مووشەکی بالستیک و دڕۆنی خۆتەقێن، بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج. کۆماری ئیسلامی بەو کارەی پێشانی دا کە چەندە بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە هەڕەشە و مەترسییەکی جیددی لەسەر خۆی دەزانێ و چەندە لە کوردستان وەک قەڵایەکی خۆڕاگری ئیلهامدەری خەبات بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران زراوی چووە. ئەمەش لەخۆڕا نییە، بەسەرهاتی ژینا ئەوەمان پێ دەڵێت.
مەرگی ژینای کورد و بەخاوەنکردنی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە گڕکانێکی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەڕێ خست. ڕاپەڕینێک کە لە کوردستانەوە بە مانگرتن دەستی پێ کرد و مانگرتنێک کە حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بانگەوازیان بۆ کردبوو. مانگرتنێک کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە گەیشتە فۆڕمی ڕاپەڕین بە دروشمێک کە لە کوردستان لەدایک بوو، و زۆر زوو لە "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە تێپەڕی و تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج. واتە ڕاستە کە کوشتنی ژینا و پرسی ژن و ماف و ئازادییەکانی تەوەر و پێکهێنەری سەرەتای ڕاپەڕینەکە بوون، بەڵام دەمودەست ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینەکە شوناسێکی تەواو سیاسی و گشتیی لەدژی کۆماری ئیسلامی وەرگرت و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە لە کورد و لە حیزبەکانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و لێکەوتەکانی دەزانێ. چونکی وەک دوژمنی کارامە زۆر باش لە ڕهگ و ڕیشهی پتهو و زیندووی حیزبی دێموکرات له نێوخۆی ڕۆژههڵات و کاریگهریی گوتاری و تهشکیلاتیی ئەو حیزبە لهسهر وەگەڕخستنی ههرچی زیاتری زهرفییهتی خهباتگێڕیی خهڵکی کوردستان شارەزایە. مانگرتنە بەشکۆیەکەی ٢١ی خەرمانانی دوای مووشەکبارانی ١٣٩٧ی "قەڵای دێموکرات"یش کە هەر ئەمساڵ دوو جاری دیکەش مانگرتنی لەو چەشنە لە ڕۆژەکانی ٢٨ی خەرمانان و ٩ی ڕەزبەر لەسەر داوای حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان وەڕێخرانەوە، زۆر باش تەعبیر لەو سەنگ و قورساییە دەکەن.
ڕاپەڕینەکەی ئێستاش کە لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدا نموونەی نەبووە، ئاخێزگەکەی کوردستانە، ئاخێزگەیەک کە سرووشت و خسڵەتێکی دیکەی بەو ناڕەزایەتییانە بەخشیوە و دەتوانێ ببێتە خاڵگۆڕانێک لە مێژووی سیاسیی ئێراندا. وەک دەبینین پێچەوانەی سێ سەرهەڵدانی گەورەی پێنج ساڵی ڕابردوو، واتە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و هاوینی ١٤٠٠ کە بزوێنەرەکەی "پرسی ئابووری" و "خەمی نان" و "بێئاوی" بوون، ئەمجارەیان ئەوە "ماف" و "کەرامەت"ی مرۆییە کە پێشێلکردنەکەی خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام. پرسێکی سەرەکی کە کورد پتر لە چوار دەیەیە خەباتی بۆ دەکا و خوێنی بۆ دەدات. سەرەتاییترین ئاکامگیری لەو فاکتەرە ئەمەیە کە کێشەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی بەولاوەتر لە قەیرانی ئابوورییە و تەنانەت چارەسەری قەیرانگەلی ئابووریش دادی ڕێژیم نادا، چونکی خەڵک ئیدی ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەناسن و دەیانەوێ و بۆ دەستەبەری ئەو مافانەش هاتوونەتە مەیدان و ئامادەن هەموو تێچوویەکیشی بۆ بدەن.
ئەم ڕاپەڕینە خسڵەتێکی بەرچاوی دیکەی پڕکردنەوەی درزێک بوو کە لە چوار دەیەی ڕابردوو ڕێژیم ویستوویەتی لەنێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا دروستی بکات. کوردستان لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆرترین قوربانیی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم، خەبات لەپێناو ئازادی و دێموکراسی بۆ ئێران و مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی داوە. زۆرترین سەرکوت و کوشتوبڕ، تێرۆری ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزب و ئێعدامی بەندکراوە سیاسییەکان، سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووری و شەڕی نەرم بۆ تواندنەوەی زمان و شوناسی نەتەوەییش، بەشێکی کەم لە پشکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان بووە. بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کورد خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش دێنێتە سەر خەت و پشتیوانیی ئەوان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. ئەو هاوپەیوەندییە کە لە هاوخەمی، تێگەیشتنی قووڵ و نوێ لە هاوچارەنووسی و، پێویستیی هاوخەباتییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ دەبێ بەرز بنرخێندرێ و ببێتە هەوێنی زۆر پلان و بەرنامەی سیاسی بۆ بەردەوامیی هاوخەباتی لە داهاتووشدا. کوردستان ئیدی بەتەنیا نییە و ئەو تێگەیشتنە زۆر بەهێز بووە کە بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی و چێکردنی وڵاتێکی دێموکراتیک کە دەستەبەری مافی نەتەوەیی هەموو جۆراوجۆرییەکان بکا؛ ئەشێ هەمووان دەست بدەنە دەستی یەکتری و دەرفەتەکان لەکیس نەدەن.
بۆیە ئەم ڕاپەڕینەی چەخماغەکەی لە کوردستان لێ درا و لە ئێستادا ئەو مەترسییەی لای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دروست کردوە کە بیری مافویستی و شوناسخوازی و خەباتگێڕی لە کوردستانەوە قووڵتر بۆ شوێنەکانی دیکە پەل باوێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەبوا بە لێدان لە دڵ و سەری بزووتنەوەی کوردەوە کپ و بێدەنگ بکرێ و لە پێ بخرێ. مووشەکتێگرتن و درۆنبارانی ٦ی ڕەزبەری بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن سپای پاسدارانەوەش هەر بۆ ئەو ئامانجە بوو.
بەڵام هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا تۆ بڵێی ئەم ڕاپەڕینە بە مووشەکبارانی ئۆپۆزیسیۆن، کوشتاری بەلووچ، خنکاندنی زانکۆکان و ڕەشبگیری چالاکانی سیاسی و مەدەنی دادەمرکێندرێ؟ بێگومان نا. چونکی خەڵکی ئێران هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە لە بەردەمدا نییە. خەڵک هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ تاقی کردەوە، بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بەنیازی گۆڕان، بە دروستکردنی دامەزراوە و کۆمەڵگەی مەدەنی، بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین، بە وەڕێخستنی کەمپین و گرتنەبەری هەموو شێوازێکی پێشکەوتوو کە لە کۆمەڵگەیەکی گەشەکردوودا دەکرێ بکرێن، کەچی هەموو ئەوانە ئاسنی ساردکوتان بووە. هەموو ڕێگاکان بۆ ئاڵوگۆڕ گەیوەتە کوێرەکۆڵان و لەو سۆنگەیەوە کە حکوومەت لە شێوازی دەسەڵاتدارەتییەکەی بەردەوامە، تاکەڕێگا کە لە بەردەم خەڵک دەمێنێتەوە هەر سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە. سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینەش لەگرەوی کۆمەڵە فاکتەرێکدایە: بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و یەکیەتیی بەکردەوە و هاوئاهەنگیی هەموو پێکهاتەکاتەکان، دروستبوونی یەکگوتاری و هاوئامانجی لە نێو ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی ڕێبەریی ڕاپەڕینەکە بگرێتە دەست، پشتیوانیی دیاسپۆرا و کۆمەڵگەی جیهانی لەو ڕاپەڕینە گشتییە. ئەرکێک کە لەسەر شانی هەموو گۆڕانخوازان و مافویستان قورسایی دەکات.