کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توانای مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و پێگەی حیزبی دێموکرات!

12:44 - 17 رەزبەر 2722

عومەر باڵەکی

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا شەقامی شارەکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بوونە چەقی ململانێی نێوان خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە چەنگ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەلایەک و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو نیزامە لەلایەکی دیکە. ئەو ناڕەزایەتییانە بە بڵاوبوونەوەی کوشتنی حکوومەتیی کچە کوردێک لە تاران بە ناوی ژینا ئەمینی لە سەردەستی پۆلیسی "گشت ارشاد" دەستیان پێ‌ کرد.

کوشتنی ژینا ئەمینی بەپێی هەموو پێوەرەکانی یاسایی "قەتڵی حکومەتی"یە، چونکە ئەو تیمەی لەژێر ناوی پۆلیسی ئەخلاق (گشت ارشاد) بە شەقامەکانی تاران و ئێراندا دەخولێنەوە و کچ و ژنان بە بیانووی ڕەچاونەکردنی "حیجاب" دەسبەسەر دەکەن، خۆیان بەپێی نێوەڕۆکی یاسا و ڕێسای بنەڕەتیی ئێران ناقانوونین و لە هەمان کاتدا لە هیچ بڕگەیەک لە یاساکانی بەردەست لە ئێراندا "حیجاب" واتا ڕووپۆشی ژنان پێناسەی بۆ نەکراوە کە بگوترێ و بنووسرێ مەبەست لە "حیجاب" ئەو خاڵانەیە. هەرچەند بەپێی عورف و شەرعیش ناتوانرێ پێناسەیەکی وا گشتگیر بۆ "حیجاب" بکرێ، چوونکە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، جیاوازیی داب‌ونەریت و تەنانەت شێوازی تێڕاونین بۆ دین و ئاینییان تێدا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێ، بۆیە هیچ یاسادانەرێک ناتوانێ بۆ ئەو بابەتانەی پێوەندییان بە داب‌ونەریتی کۆمەڵگە جیاوازەکانەوە هەیە لە یەک بڕگەی قانوونیدا جێگایان بۆ بکاتەوە و چاوەڕوانیی هەبێ کە خەڵکیش ڕەچاوی ئەو قانوونانە بکا و پەسندیان بکات.

لەو قۆناخەی مێژووی ئێراندا خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئەم جوغرافیا پان‌وبەرینە بە چەندین نەتەوەی جیاوازەوە کە ماوەی ٤٣ ساڵە بە دەست سەرکوت و زوڵم وزۆرداری دەزگای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییەوە دەناڵێنن، مەرگی ژینا بوو بە چەخماخەی ڕاپەرینی سەرانسەری لە نزیک بە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ئێران، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕاپەرینە جەماوەرییەدا وەک هەموو کات ئاوانگارد و پێشەنگ بووە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاکانی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە وەک جارانی پێشوو هەوڵیان دا لە ڕێگای دەزگای پروپاگەندە و تەبلیغی خۆیانەوە ڕیزی گەڵانی ڕاپەریو لە زوڵم و زۆری درز وکەلێنی تێ بخەن و بە بیانووی نەتەوە و مەزهەبی جیاواز تەفرەقە و دڕدۆنگی بخەنە نێو ڕیزی تاکەکانی گەلانی ئێران. بەڵام بەخۆشیەوە بە هۆی تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی، کۆماری ئیسلامی نەیتوانی لەو پیلانەدا سەرکەوتن بەدەست بێنی و کورد، ئازەری، بەلووچ، فارس، عەرەب و ئایین و ئایینزاکانی جۆراوجۆر بەیەک دەنگ و بێ جیاوازی کەوتنە پشتگیری‌کردنی یەکتر و ئەو یەکگرتووییە بە تەواوی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنگەتاو کردووە. ئەوجار هێزەکانی سەرکوت هاتنە مەیدان و بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسایەک بەتوندترین شێوە بەگژ خۆپێشاندەراندا چوونەوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی گەرم، گازی فرمێسکڕێژ، ئاوی کوڵیو و هەموو کەرەسەیەکی سەرکوت و داپڵۆسین دەستیان لە هیچ کەس نەپاراست و شەقامەکانی ئێران و کوردستانییان کە بە شێوەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانە لەسەر شەقامەکان بوون، بە خوێن سوور کرد و هیچ ڕێگایەکیان بۆ خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام نەهێشتۆتەوە بێجگە لەوە کە بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە دار و بەرد و مشت بەرگری لە خۆیان بکەن. خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە هەتا پەرچەکرداری هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی توندوتیژتر دەبێ، هەڵوێستی خەڵکی ڕاپەریویش لە ڕووبەڕووبوونەدا توندتر و ڕادیکاڵتر دەبێ و تەنانەت حەشیمەتی ڕاپەڕیویش زیاتر دەبن.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا هەموو کات هەوڵیان داوە قەیرانەکان بە خوڵقاندنی کێشە و ئاڵۆزی چارەسەر بکەن و لە هەمان کاتدا گەلانی ئێران لە دوژمنی دەرکی بترسێنن، بەتایبەتی لەکاتی تەنگانەی وەک ئێستایاندا دەنگۆی جیابوونەوە و مەترسی لە سەر تەواوییەتی ئەرزی ئێران بڵاو دەکەنەوە و تەنانەت وەک پاساو بۆ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کاری بێنن. ئەوە لە حاڵێک‌دایە بە قسەی خۆیان سپای زەفەرمەندی پاسداران! زیاتر لە ٣٠ ساڵە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی مونحەل و تەفروتونا کردووە و ئاسەواری لێ نەهێشتۆتەوە و بە دروستکردنی دەیان فیلم و سریال و کتێب و بیرەوەری پڕ لە درۆ و دەلەسە باس لە جێگەوپێگەی نەبووی خۆیان لە کوردستان دەکەن. بەڵام لە ماوەی چوار ساڵدا سپای پاسداران -باڵی نیزامیی کۆماری ئیسلامی- دوو جار بۆ لێدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی لەژێر پێ ‌ناوە و بە پێشکەوتووترین چەکی سەردەم کە تەنیا لە شەڕی سپای نێوان دوو دەوڵەتی دژ بەیەک بەکار دەبرین، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبانە دەکاتە ئامانج. هەر ئەوە خۆی سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی ئەو سەدەیە لە ئارادا بووە ویستی کۆمەڵگەی کوردستان بووە و حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێبەرایەتییان دەکا، ئەو ڕاستییە ئەوکاتە زۆر خۆی دەردەخا ڕێبەران و فەرماندەرانی سپای پاسداران بەئاشکرا لە لێدوانەکانی خۆیاندا دەڵێن، خۆپێشاندان و ڕاپەرینی ئەوجارەی گەڵانی ئێران کە دەستپێکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو، بە هاندانی حیزبە سیاسییەکان بووە. بە واتایەکی دیکە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕادەیەک بەرز بکەنەوە بە گوێی هەموو گەلانی ئێران و جیهان بگا. لەوەدا ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەڵەیان نەکردووە کە ناوەندەی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران داوایان لە خەڵکی کوردستان و ئێران کردووە ناڕەزایەتی خۆیان بەو کردەوە قێزەونە و دوور لە هەموو پێوەرەکانی ئینسانی دەرببڕن، ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تێیدا ناڕاستن و نایانهەوێ دان بەو ڕاستییە دابنێن ئەوەیەکە دوای ٤٣ ساڵ بەو هەموو کوشتن و تێرۆر، ئێعدام و دەسبەسەرکردن و داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا نەیتوانیوە لە کوردستان دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان بسەپێنن و لە بواری ئەمنییەتییەوە سەقامگیر بن لە هەمان کاتدا جێگە و پێگەی حیزبە سیاسییەکان لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بکەن.

هەروەک پێشتر باس کرا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیان هەر کاتێک لە نێوخۆی ئێران تووشی قەیران بووبن، هەوڵیان داوە بە خوڵقاندنی کیشە و ئاڵۆزی و ئاژاوە لە دەرەوەی سنوورەکان بیروڕای گشتی ئێران بۆ لای ئەو قەیرانە دەستکردانە ڕاکیش بکەن. لەو قۆناخەدا کە کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانی زیاتر لە بیست ڕۆژە بەدژی تەواویەتیی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پایەکانی ئەو نیزامەیان وەلەرزە خستووە، حاکمانی تاران بە جێگای ئەوەی گوێ لە قسەی خەڵک بگرن و ویست و داخوازییە ڕەواکانیان وەدی بێنن، لە لێدوان و قسەکانیان خەڵکی ڕاپەڕیو بە یاخی و گێرەشێوێن و دوژمنی دین و دنیا ناویان دەبەن و فەرمان بە هێزی سەرکوتکەر دەدەن بە توندترین شێوە بەرەنگاری خەڵکی مافویست و ئازادیخواز ببنەوە، لەگەڵ ئەو سەرکوتە بێ‌بەزەیانەی خەڵک، دامودەزگای ئەمنی و پۆلیسی کۆماری ئیسلامی لە پڕۆپاگەندەی خۆیاندا هەوڵیان داوە ئەو ڕاپەرینە جەماوەری و سەرانسەرییە بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەتی ئیسرائیل و ئەمریکا ببەستنەوە و بە بیانووی ئەوە کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەیانهەوێ تەواویەتیی ئەرزی ئێران بخەنە مەترسییەوە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانیان کە ئەم قسە و باسانە بەتەواوەتی لای هەموو لایەک سواویتنەوە و کەلکیان نەماوە و ڕاستییەکان لای خەڵک ڕوون و ئاشکران. بە قسە و لێدوانە فەرمییەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران لەو هێرشانەدا زیاتر لە حەفتا مووشەکی دوورهاوێژ و دڕۆنی خۆتەقێن کەڵکی وەرگرتووە و بە خەیاڵی خۆی هەر وەک چوارساڵ لەوە پێش کە لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧بە حەوت مووشکی بالستیک و دەیان هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجی بوونی ژن ومنداڵانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەوەستێنێ، بەڵام دیتمان هەم ئەوکات لە ٢١ی خەرمانان و هەم ئەم جارە لە ٩ی ڕەزبەر خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بە گوڕوتینەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و بە داخستنی دووکان و بازار و نەچوونەسەر کار، گشت‌پرسی "نا" بە کۆماری ئیسلامییان دووپات کردووە.

لەم دوو مانگرتنەدا و هەروەها مانگرتنی ٢٨ی خەرمانان بۆ مەحکووم‌کردنی کوشتنی ژینا ئەمینی بە سەرجەم دنیا نیشان درا بە هەموو ئەو سەرکوت و زەبروزەنگەی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا دەزگای ئەمنی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان کردوویەتی و دەزگای تەبلیغی ئەو نیزامە هەوڵی داوە پێگەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستان و ئێران لاواز بکا، سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەستی نەتەوایەتی، نیشتمان‌پەروەری، خاک خۆشەویستی و گەلدۆستی لە گەشەکردندا بووە و هاوکات لەگەڵ ئەو گەشەکردنە پێگەی جەماوەریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەربەرینتر و سەقامگیرتر بووە و ئەوە نیشانەی سەرکەوتنی خەباتی ماف‌خوازانەی خەڵکی کوردستانە لە دواڕۆژێکی نزیک‌دایە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.