کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید و برینداربوونی چەندین کەس لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە

09:19 - 10 رەزبەر 2722

لەگەڵ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ناڕازی بە قەتڵی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی سەقز، بە دەستی جینایەتکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە دەیان کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بریندار و چەندین کەسیش شەهید کراون.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە میدیاکاندا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش قەتڵی "ژینا ئەمینی" بە دەستی گەشتی ئیرشادی ڕێژیم لە تاران، خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان، بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند و دووکان و بازاڕەکان بەتەواوی داخرابوون و ئێوارەی هەمان ڕۆژ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هاتنە سەر شەقامەکان و بکوژانی خامنەیی وەک هەمیشە بە دڕندانەترین شێوە وڵامی ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵکیان دایەوە و بە سەدان کەس بریندار بوون.

هەر لەو خۆپیشاندانەدا چەند کەس لە شارەکانی دیواندەر، دێولان و سەقز، شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، بانە، مەهاباد، دێولان، دیواندەرە، بریندار بوون کە لەنێو بریندارەکان ژنی بەتەمەن و منداڵی ژێر ١٨ ساڵیشی تێدایە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریانەوە بە چاوی ئەمنییەتی لە کوردستانیان ڕوانیوە و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان کرابێ هەوڵی توانەوەی کوردیان داوە.

 لەو خۆپیشاندانەدا وێڕای ئەوەیکە لە شارەکانی دیکەی ئێران‌ هێزیان بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان هێنابوو، تەنانەت بەزەییان بە منداڵی دە ساڵەشدا نەهاتووەتەوە و وەبەر دەسڕێژی گولـلەیان داوە.