کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی مانگی خەرمانان

15:19 - 17 رەزبەر 2722

کامران ئەمین ئاوە

لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی هەر وڵاتێکدا، حیزب یان کەسایەتییەکی سیاسی بهپێی کۆبەندی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی نێوخۆیی و جیهانی و هاوسەنگی هێزە دژبەرەکان تێ‌دەکۆشێ تاکتیک و شێوە خەباتی خۆی هاوئاهەنگ لەگەڵ ڕەوتی بزووتنەوەکە هەڵبژێرێ. بێگومان پێشبینیی ڕووداوەکان و هەڵبژاردنی شێوە خەباتێکی شیاو بەپێی فۆرمولەکانی بیرکاری، فیزیک و شیمیی یاخود یاسای "هەموو شت یان هیچ شت" لە فیزیۆلۆژیدا نییه، بەڵام هەڵسەنگاندنی هاوسەنگی و چنینمانی هێزەکانی دژبەر لە ئاستی کۆمەڵگە، ئاستی ئاگایی سیاسیی خەڵک و ڕادەی ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێکخراوە جۆربەجۆرە سیاسی، پیشەیی و مەدەنییەکاندا، هەروەها چنینمانی هێزەکانی ناوچەیی و جیهانی و، بۆچوون و شێوەی هەڵسوکەوتی زلهێزانی دنیا لەگەڵ حکوومەتی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی خەڵکی نارازی و، تەیاربوونی بارودۆخی عەینی و زەینی و هتد، ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕەوتی خەباتی حیزبێکی بەرپرسیار دەگێڕێ. هەر لەم پێوەندییەدا دەکرێ هەڵسوکەوتی زۆربەی حیزبه کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دوایانەدا هەڵسەنگەندرێ کە به دوور لە ئێحساس و زۆر ژیرانه هەڵوێستێکی بەڕێ‌وجێ و سیاسییانەیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی پاش گیانبەختکردنی نەمر ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ئەمساڵدا لە کوردستان و ئێران گرتەبەر.

بە درێژایی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری حکوومەتی ئیسلامی ئێران و به تایبەتی لە دەیەی ڕابردوودا ئێمە شایەدی بەرهەڵستی و دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک لە ئاستی ئێراندا بووین. هەرچەند لە ساڵانی ڕابردوودا بەپێی بانگهێشتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەدی چەندین مانگرتنی سەرکەوتووانه بووین بەڵام لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا، دەربڕینی نارەزایەتییەکان لە سنووری چەند گەورەشاری ئێران دەرنەدەچوو و هەر بەم بۆنەیەش هێزەکانی سەرکوتکەری ڕێژیم به گرتن و کوشتنی بەشدارانی ئەو بزووتنەوانه، به هاسانی سەرکوتیان دەکردن. بەڵام، ئەم جارە بزووتنەوەی خۆبەخۆ و بەرهەڵستکارانەی ئێران و دروشمی بەڕێ‌وجێ و شیاوی "ژن، ژیان، ئازادی" کە کوردستان پێشەنگی بوو، هەموو ئێرانی تەنییەوە. دروشمەکە تەنانەت گەیشته دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، تا ئەو ڕادەیە‌ی ئەندام پەرلەمان، هونەرمەند، چالاکە سیاسیی و مەدەنییەکانی بیانیش لە ئورووپا، ئەمریکا و ئاسیادا دووپاتیان کردەوە و، ژنه ئازادیخوازەکانیان به نیشانەی پشتیوانی و هاودڵی لەگەڵ ژنان و بزووتنەوەی سەرانسەریی گەلانی ئێران پرچی خۆیان دەبڕن و سەریان دەتاشن.

خەڵکی ئێران له هەر میللیەت و ئایینێک، وێرای بێ‌متمانه بوون به چاکسازیخواز و ئەوانەی پێیان وابوو لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانن بگەنە به‌شێک له داخوازییەکانی خۆیان، یەکدەنگ و یەک‌هەڵوێست بۆ گەیشتن بۆ ئازادی و دێموکراسی ڕاپەڕیون و خوازیاری کۆتایی هێنان به دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێراندان. پەرەسەندنی ناڕەزاییەتییەکان و پشتیوانیی بەشێکی بەرچاو لە نووسەر، هونەرمەند، وەرزشکار، پزیشک، مامۆستا و خوێندکاران و هتد لەم بزووتنەوەیه‌ بۆته هۆی ترس و دڵەڕاوکێی حاکمانی وڵات.

حکوومەتی ئێران لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەپێی سیاسەتی "دووبەرەکی بنێوە و ئاغایەتی بکە!" خەڵکی ناکورد و بهتایبەتی ئازەرییه دراوسێیەکانی کوردستانیان بهبۆنەی جۆراوجۆر وەکو جیاوازیخوازی و مەترسی دەستدرێژیی کورد لە بەشه خاکی ئەوان و هتد دژ به کورد هان داوە، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییانه وێرای هەموو پیلانەکانی ڕێژیمی تاران وەک ناردنی جاش به جل‌وبەرگی پێشمەرگەوە بۆ نێو خەڵک، بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی کۆنی هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ شارەکانی کوردستان و، تەنانەت موشەک‌باران و بۆمبارانی شوێنی ژیانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان نەیتوانی ببێتە هۆی حەرەکەتێکی ناشیاو و ناوەخت لەلایەن حیزبه کوردستانییەکانەوە.

کوماری ئیسلامی بەم هیوایه بوو و هەیە لە ساتێکدا هێزێکی گەورەی جەماوەری لەسەر شەقامەکان‌دایه، حیزبه کوردستانییەکان به ناردنی هێزی چەکدار بۆ نێو شار و گوندەکانی کوردستان بکەونه نێو ئەو داوەی کە حکوومەت خوازیاریەتی هەتا به بیانووی بەرگری لە خۆی و هێرشی هێزی چەکداری کورد ڕەوتی بزووتنەوەی مەدەنی بخاته قۆناخێک کە بتوانێ باشتر و هاسانتر سەرکوتی بکات و لە گۆمی خوێنی هەڵکێشێ.

بەخۆشییەوە کرداری ژیرانەی حیزبە کوردستانییەکان وێرای ئێش و ئازاری گەورەی لەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس لە قووڵایی خاکی باشوری کوردستان کاردانەوەی باشی بۆ کورد و کاردانەوەی نەرێنیی لە ئاستی جیهاندا بۆ حکوومەتی تاران خوڵقاند. بانگهێشتنی خەڵكی کوردستان لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەوە بۆ مانگرتنی سەرانسەری له کوردستان و سەرکەوتووبوونی هەر دووجارەی ئەم خەباتە مەدەنییه پیشاندەری ئاستی ئاگایی خەڵکی کورد و نوێنەرانی سیاسیی ئەم گەله و هەبوونی ڕیشه‌‌ی ئەوان لە ئەردی کوردستانه. ئەم حەرەکەتە سەرکەوتووەی کورد لە کوردستانی ئێران بوو به هۆی چوونە سەرەوەی شوێن و پێگەی کورد و ڕێکخراوەکانی لەسەر ئاستی ژوور و دەرەوەی ئێران. نوێنەری سیاسی کورد نیشانی دا کە پووختەیی و ژیریی ئەوان بۆ بهکارهێنانی چەکی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی ئەگەر بەرزتر لە چەکی گەرم نەبێ کەمتر نییه و لەم گۆڕەپانەدا دەتوانێ ڕۆڵێکی به هێز و کاریگەر بگێرێ.

سیاسەتی درووستی حیزبه کوردستانییەکان و ڕۆڵی بەرچاوی کورد لەم بزووتنەوەیەدا بوو به هۆی تەنانەت پێداچوونەوەی بەشێک لە حیزب و کەسایەتییەکانی ئێرانی لە پێوەندیی لەگەڵ کوردو، بێ‌گومان ‌هیزە سەرانسەرییەکان ئەوەشیان بۆ وەدەرکەوت، لە بەیانیی پاش ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیدا کورد فاکتۆرێکی گەورەیە و ناکرێ مافی نەتەوەیی ئەوان لەبەرچاو نەگیرێ.

خەباتی کورد چ ئێستا و چ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن به مافی چارەی خۆنووسین ڕەوتێکی ساکار و بێ‌لەمپەر نییه. هێزی پاوانخواز و باوەڕمەند بەوەی پێدانی تەنانەت مافی خودگەردانیش دەتوانی ببێته هۆی پارچە پارچە بوونی ئێران لە نێو بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕاست و چەپی ئێرانیدا جێگیر بووە، بەڵام شێوەی درووستی خەباتی نوێنەرانی سیاسی کورد، کارێ ڕێکخستن و بردنە سەرەوەی ئاستی ئاگایی نەتەوەیی -سیاسی و فەرهەنگی-  کۆمەڵایەتیی کورد و، به گشتی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد، پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە هێزە سیاسی و کەسایەتییه سەربەخۆکانی کورد و هاوکاری و خەباتی هاوبەش لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێرانی دەتوانێ دەورێکی بەرچاو لە ڕەوتی خەباتی ئێستا و داهاتووی کورد لە ئێراندا بگێرێ.

کورد بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی پێویستی به یەکیەتی لە ماڵی خۆی و یەکیەتی و هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانە لە ئێران هەیە کە لە بەرەی ئازادی و دێموکراسیخوازیدا باوەڕیان به چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران هەیە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.