کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی پەیمان نوێکردنەوە یان دڵنەوایی‌دانەوەی دێوەزمەی دیکتاتۆڕ!

16:41 - 17 رەزبەر 2722

شەمزین ئەحمەدنەژاد

نامەی پەیمان نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێبەری کۆماری خوێن و سەرکوت، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پرسی هەڵوەڕینی هێز و درووستبوونی کەلێن لەنێو ئەرتەش و تەنانەت بەشێک لە کادرەکانی سوپای پاسداراندا تەنیا شەڕێکی دەروونی میدیا و ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامی نییە و هەڵوەڕین لە ئاستی سەرێی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمدا، فازێکی زۆر جدیتری بەخۆیەوە گرتووە.

بە سرنجدان بەو خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم، بڵاوبوونەوەی نامەی بەشێک لە ئاخوندەکانی حەوزەی عیلمیەی قوم کە باسیان لەوە کردبوو خامنەیی بە مەرجەعی ئیدۆلۆژیک و تەقلیدی خۆیان نازانن،

دووهەم، ئەگەر بڕێک دورتر بڕۆین بەو هەموو ئەو هێرشانەی موسادی ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کردونیەتە سەر بنکە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ڕێژیم و ئاشکرابوونی نفوزی قووڵی ئیسرائیل لەنێو فەرماندەکانی سوپای پاسداران،

سێهەم، گۆڕینی واتای سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان بۆ شۆڕشێکی ڕووخانخوازانە و ترسی بوروکراسیی نیزامی ڕێژیم لە داهاتووی پاش ڕێژیم؛

ئەو نامەیە پێمان دەڵێ، دەگەڵ ئەوەی ڕێژیم بژیوی هێزی سەرکوتی خۆی لەنێو دوگمترین و گرێدراوترین وابەستە ئیدیۆلۆژیکییەکانی خۆی وەردەگرێ و هەتا ئێستەش ئەو کەمینەیە حکومەتی ڕاگرتووە، بەڵام بە جدیتربوونەوەی شۆڕش وەک هەموو شۆڕشەکانیتری جیهان،  ئەوانیش پەنا بۆ "هەڵبژاردنی عەقڵانی"دەبەن و وا دەردەکەوێ پڕۆسەکە دەستیشی پێکردبێ یان باشترە بڵەین جدیتر بۆتەوە.

لە لایەکیتر و بە بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە نابێ پێمان سەیر بێت ئەگەر لە ڕۆژ و حەوتووەکانی داهاتوودا کۆمەڵێک فەرماندە و کادری سوپای پاسداران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری وڵاتان بگیرێن و تووندترین سزاشیان بەسەردا بسەپێندرێت. ئەمە بەرجەستەترین دەرهاویشتەی نامەی پەیمان نوێکردنەوەی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کە لە ڕاستیدا  دڵنەوایی دانەوەی دێوەزمەی دیکتاتۆڕییەتی "خامەنەیی" دەبێت.

لە کۆتاییدا قسەیەکی بەناوبانگی سەرنووسەری ڕۆژنامەی "الاهرام" میسر، حوسنێن هەیکەلتان وەبیر دێنمەوە کە لە چاوپێکەوتن دەگەڵ ڕۆژنامەیەکدا گوتی: کۆماری ئیسلامی ئەو تیرە بوو لە دڵی سەدەی شەشەوە لە دڵی سەدەی بیستویەک درا. قسەکەی هەیکەل درووست بوو، بەڵام شۆڕشی ڕووخانخوازانەی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران، خەریکە ئەم هاوکێشەیە بەرئاوەژوو دەکاتەوە و دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژینا و ژنان کە کوردستان وەکوو هەمووکات پێشەنگی ئەم بزاڤەیە، تیرێکە  لە بڵیندایی سەدەی بیست‌ویەکەوە لە دڵی ئەو سەدە فکریە دەدرێت کە ئاخێزگەی لەدایکبوونی کۆماری ئیسلامییە و بۆ هەمووکات کۆتایی بە ڕێژیمێکی ناتەبا دەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی مێژوو دەهێنێ و هیچ پەیمان نوێکردنەوەیەکی سەربازی ناتوانێ ئەم ڕەوتە بوەستێنێت.

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.