کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فینلاند خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

17:49 - 17 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی لەسەر داوای لقی فینلاندی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی"ئەمنستی ئینترنەشناڵ" خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیان، ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند و فینلاندییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ لەبەر دەرگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا وتار و پەیامی بەشێک لە ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی بەشدار بۆ پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەکانی ئێران و شەرمەزارکردنی ڕێژیمی ئێران پێشکەش کران.

 نوێنەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە فینلاند بە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران سەردانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاندی کرد و داخوازینامەی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینترنەشنال ‌و خۆپیشاندەرانی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کرد.

لەو داخوازینامەیەدا داوا کرابوو کە فینلاند وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، سەرکوتی ژنان و خەڵکی ناڕازیی ئێران مەحکووم بکەن و گوشارەکانیان بۆ سەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران زیاتر بکەن.

دوای خۆپیشاندانە، "پێکا هاڤیستۆ" وەزیری دەرەوەی فینلاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، خوازیاری لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەسەر دۆسییەی کوژرانی "ژینا ئەمینی" و هەروەها کۆتاییهێنان بە سەرکوتی خۆپیشاندەران لە کوردستان و ئێران بوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی چالاکانەیان هەبوو.