کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی ئێران لەنێوان دوو سرووددا

00:16 - 18 رەزبەر 2722

تاهیر قاسمی

لە دوا ساتەکانی کۆتایی سەدەی پازدە و چەند سەعات بەر لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی ١٤٠١ی هەتاوی، دەزگای پڕوپاگەندای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بە نیشاندان و بڵاوکردنەوەی سروودێکی سەرنجڕاکێش کرد؛ سەدان منداڵی قوتابخانە، کیژۆڵە بە چارشێو داپۆشراوەکان لەلایەک و کوڕیژگەکان لەلاکەی دیکە، لە حەوشەی مزگەوتێکی گەورە کۆ کرابوونەوە، پیاوێکی ڕیشدار لە نێوەڕاستیاندا گۆرانییەکی بۆ دەگوتن و ئەوانیش بۆیان دەستاندەوە؛ "سەلام فەرماندە!"

سڵاو فەرماندە لە ڕواڵەتدا بۆ ئیمامی زەمان نووسرابوو، بەڵام لە نێوەرۆکدا پێداهەڵگوتن بە عەلی خامەنەیی‌ بوو. "سەید عەلی لەدایکبووانی دەیەی نەوەدی خۆی بانگ کردووە.."، بەو هیوایە کە کۆماری ئیسلامی و ماڵی خامنەیی بتوانن بەو سروودە منداڵانی ئێران پتر بە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی و بە پیرۆزکردنی "سەید عەلیی خامنەیی" ڕابێنن. دەزگای پڕوپاگەندای ڕێژیم وێڕای سەدان و هەزاران جار بڵاوکردنەوەی ئەم سروودە لە تەلەویزیۆن، ڕادیۆ، بڵیندگۆی قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە، پارێزگا بە پارێزگا و شار بە شار سروودەکەیان گێڕا و منداڵانیان بۆ گوتنەوەی ڕاهێنا. بە چەندان زمانی وەک ئینگلیزی، تورکی، عەرەبی و ئۆردو و.. تەرجەمەیان کردەوە و لە وڵاتانی دواکەوتوودا، منداڵانی هەژاریان بە کرێ گرت تا کۆڕی گوتنەوەی سروودەکەیان لێ ساز بکەن و وا بنوێنن کە گۆرانییەکەی "سەید عەلی" بەجیهانی بووە. تەنانەت نوسخەیەکی بە ڕواڵەت کوردییشیان لێ ساز کرد کە زیاتر وەک تێخزاندنی چەند وشەی کوردی لە تێکستە فارسیەکە دەچوو تا وەرگێڕانی دەقێک بۆ سەر زمانی کوردی. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تێچوویە، "سەلام فەرماندە"، وەک سروودێکی حکوومەتی مایەوە و بە زەبری پیاوانی حکوومەت و تەماح و فریودان نەبێ نەگوترایەوە و بە شێوەی خۆڕسک هەرگیز بۆ نێودڵی کۆمەڵگە و بۆ نێو پۆلی قوتابخانەکان شۆڕ نەبۆوە.

سەلام فەرماندە لە ڕاستیدا گوڵێکی نایلۆنی بوو کە قوتابییان لە بەرۆکی خۆیان نەدا. بوو بە بابەتی گاڵتەجاڕی خەڵک و تەنانەت بەشێک لە کچان و کوڕانی بەرپرسانی ڕێژیمیش. بە سەدان نوکتە و تەنز و گاڵتەیان لە "سەلام فەرماندە" ساز کرد و لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.

                     ***

بە دوای کوژرانی کچی کورد ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بە ئاوێتەکردنی ژان و ئازارەکانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان، هاودەردیی خۆیان دژ بەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. ئەو دەرد و ئازارانەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی پتر لە چل ساڵ تەمەنی نگریسیدا بە سەر کۆمەڵگە و بە سەر تاک بە تاکی خەڵکی ئەو وڵاتەیدا هێناوە. ئەو ئازارانە کە وێڕای هاشتاگی ژینا ئەمینی لە لایەن بەکارهێنەرانی تویتێر بڵاو دەکرانەوە، تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە لە دووسەد میلیۆنی تێ‌پەڕاندوە؛ یەکێ لەپێناو ئەو کاتانەی کە نەیتوانی بە ئازادی خۆشەویستەکەی ڕامووسێ و ئەویدی لەپێناو خوشکی و خۆشکەکانیدا کە لەژێر چەپۆکی حیجابی زۆرەملێدا گەورە بوون، یەکێ بۆ گۆڕینی مێشکە ڕزیوەکان و ئەویدی بۆ ئەو باوکەی کە لە بێ‌دەرەتانیدا شەرمەزاری بنەماڵەکەی بوو و پشتی لەژێر باری نەبوونیدا چەمایەوە، یەکێ لە تاسەی ژیانێکی ئاساییدا و ئەویدی بۆ ئەو منداڵە زبڵ‌پشکنەی کە نەیدەزانی واتای ئاوات و ئارەزوو چییە و... .

لەم نێوەدا لاوێکی هونەرمەند بە ناوی شێروین حاجیپوور، لەو نەهامەتیانە و لەو تویتانەی هاووڵاتییەکانی کڕوکاشی کرد و تێکستی گۆرانییەکی لێ ساز کرد. گۆرانییەک کە بۆخۆی بە تەنیا تێکستی بۆ ڕێک‌خست، ئاوازی بۆ دانا و بە مۆسیقا و وێنەگرتنێکی سادە و سەرەتایی لە ژوورەکەی خۆیەوە بڵاوی کردەوە. بەڵام مادام دەربڕی ژان و ئازارەکانی خەڵکەکەی و لە ناخی کۆمەڵگەکەیەوە هەڵقوڵا، زۆر زوو لە دڵان نیشت و بوو بە گۆرانی و سروودی ئەو سەرهەڵدانە مەزنەی بە مەرگی ژینا دەستی پێ کردوە. کۆماری ئیسلامی کە بۆ پەرەدان بە سروودەکەی عەلی خامنەیی میلیۆنان دۆڵاری خەرج کرد و بە هیچ نەگەیی، لەسەر ئەم گۆرانییە هەڵیکوتایە سەر شێروینی هونەرمەند و دەسبەسەری کرد. بەڵام دەسبەسەر کردنی، هیندەی دیکە ئەو و گۆرانییەکەی لای خەڵک خۆشەویستتر کرد. گۆرانییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە میلۆنان جار لەلایەن خەڵکەوە بڵاو کرایەوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بوو بە ئاشناترین و ناسراوترین سروودی نێو ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

گۆرانییە ڕێ‌پێنەدراوەکەی شێروین هەر زوو لەلای قوتابیان و لە قوتابخانەکانیش جێگایەکی بۆ "سەلام فەرماندە" نەهێشتەوە و بوو بە هۆکارێک تا قوتابیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بن. لە مێژووی خەبات و سەرهەڵدانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیشدا، ئەوە بۆ یەکەم جار بوو قوتابیانی قوتابخانەکان تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بن و لە خۆپێشاندانی دژە حکومەتیدا بەشدار بن یان بۆخۆیان خۆپێشاندان ڕێک بخەن. عەلی خامنەیی کە ئەو هەموو تێچوویەی لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ سروودی "سەلام فەرماندە" دانا تا بیکا بە وێردی سەر زاری قوتابیان، بەرهەمێکی تەواو پێچەوانەی چنیەوە. نەک سەلام فەرماندەکەی بە هیچ دانەندرا بەڵکوو وێنەکانی لە نێو کتێبە دەرسیەکانەوە دڕێندرا و فڕێ درا، وێنەی خۆی و خومەینی لەسەر تەختەڕەشەی نێو پۆلەکانەوە لەلایەن قوتابیانەوە هێنرانە خوار و خرانە ژێر پێ و قوتابییان کە لەو ماوە کەمەدا تێکست و ئاوازی گۆرانییەکەی شێروین فێر ببوون، گەلێک ڤیدیۆی ئازایەتیی خۆیان و بێزارییان لە دەسەڵاتەکەی عەلی خامنەیی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە جیهاندا بڵاو کردەوە کە تێیدا گۆرانییەکەی "شێروین" دەڵێنەوە؛

بۆ..

بۆ..

بۆ هەڵپەڕین‌ و سەمایەک لە کۆڵان

بۆ ترسانی ساتەوەختی ڕامووسان

بۆ خوشکم، بۆ خوشکت، بۆ خوشکەکانمان

بۆ مێشکی ڕزیو و پێویستیی گۆڕان

بۆ شەرمەزار بوون لە گیرفانی بەتاڵ

بۆ خەمی ژیانێکی ئاسایی، نۆرماڵ

بۆ مناڵی زبڵگەڕی بێ‌ئاوات

بۆ ئابووریی بە دەستەندە، وەک خێرات

بۆ هەوایەک پیس ‌و پڕ لە تۆز و خۆڵ

بۆ شەقام و داری نەخۆش ‌و هڵۆڵ

بۆ پڵینگ ‌و ئەگەری تۆوبڕانی

بۆ سەگی بێ گوناهـ‌ و ڕێ‌نەدانی

بۆ گریانی بەردەوامی بە واتە

بۆ دیمەنی وەکوو یەک ‌و دووپاتە

بۆ ڕوخسارێک کە دەتوانێ پێ‌بکەنێ

بۆ قوتابی ‌و داهاتوو تا بیگەنێ

بۆ بەهەشتی بە ناچاری ‌و بە تۆبزی

بۆ بژاردە کە لە زینداندا ڕزی

بۆ هەژاریی مناڵانی ئەفغانی

بۆ هەموویان.. کە بۆخۆت باش دەزانی

بۆ ئەو گشتە دروشمە پووچە بۆ هیچ

بۆ ماڵی داڕماو هەم دیوار و میچ

بۆ ئازارمان هەتا تاوێ بسرەوێ

بۆ خۆر، کە دوای شەوگاری تار دەرکەوێ

بۆ حەبی مێشک ‌و ساتێ وەحەسانی

بۆ پیاو، بۆ نیشتمان، بۆ ئاوەدانی

بۆ کەنیشکێ دادی لە کوڕبووندا دی

بۆ هاواری ژن، ژیان، ئازادی

بۆ هاواری ژن

                 ژیان و

                        ئازادی

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.