کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی سنە لە بەرخودان بەردەوامن

10:39 - 18 رەزبەر 2722

لە درێژەی شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سنە بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بوونەوە .

شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵک لە دژکردەوە بە کوشتنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران، خەڵكی شاری سنە هاتنە سەر شەقام و درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران دا.

بە پێی زانیارییەکان هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سنە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بەکەڵکوەرگرتن لە هەموو جۆرە چەکێکی سووک تەقەیان لە هاووڵاتیان کردووە؛ هێزەکانی ڕێژیم بە ڕادەیەکی زۆر گازی فرمێسک‌ڕێژیان بڵاو کردووەتەوە کە بەم هۆیەوە ژیان لە هەندێک گەڕەکی ئەو شارە ئەستەم بووەتەوە و دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە تووشی پشووسواری بوون.

لە شاری سەقزیش شەڕەتەقەیەکی زۆر کراوە و هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم دەستیان لە هیچ شتێک نەپاراستووە؛ بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە هەموو جۆرە چەکێکی سووکی سەربازی تەقەیان لە خەڵك کردووە.