کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکوتانە سەر ماڵی قوتابییان لە بۆکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە

12:24 - 18 رەزبەر 2722

سپای تێرۆریستی پاسداران لە بۆکان ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵک و کشاندنەوەیان لە ڕاپەڕین هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو قوتابییانەی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا بەشدارییان کردووە.

سپای پاسداران بەشێک لەو تازەلاوە خوار تەمەن ١٨ ساڵانەیان دەسبەسەر کردووە و لە گرتنگەکاندا لێیان داون و هەڕەشەیان لێ کردوون کە چیدی نابێ بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بن.

دوای ئەوەی خامنەیی لە دەرکەوتنە گوماناوییەکەیدا داوای لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان کرد لاوەکان تەمبێ بکەن، ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپ و ڕێوشوێنێکی تەنانەت یاسایی خودی کۆماری ئیسلامییش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کچانی قوتابیی شاری بۆکان و زۆر شاری دیکەی کوردستان.

ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەڵێننامەیان بەو دەسبەسەرکراوانە ئیمزا کردووە کە نابێ لە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بن، ئەوە لە حاڵیک‌دایە کە لاوان لە سەرانسەری کوردستان و ئێران بەدژی دەسەڵاتی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران دروشمی مەرگ و نەمان دەڵێنەوە و سیاسەتی گوشار، ترساندن و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا هیچ کارتێکەرییەکی لەسەر ورە و خەباتگێڕیی لاوان نەبووە.