کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی خەڵکی مەهاباد لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا

12:43 - 18 رەزبەر 2722

خەڵکی شاری مەهاباد لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە بەرینی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون.

ڕۆژی یەکشەممە لە مەیدانی چوارچرا، چوارڕێیانی ئازادی، مەولەوی، سێ ڕێیانی سەید نیزام، وەفایی و فەلەکەی ساعەت خۆپیشاندانی خەڵک بەردەوام بوو. ڕۆژی شەممەش خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری مەهاباد لە ناوچەی زەوینەکانی شارەداری کۆ بوونەوە و پایەگای بەسیجیان ئاگر تێ بەردا. 

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەر خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی شار بەتایبەت گەڕەکی زەوینەکانی شارەداری و شەقامی "خابگا" دەستی پێ کرد و بەدژی ڕێژیم دروشم بەرز کرایەوە. خەڵکی ڕاپەڕیوی شار دەڵێن هێزەکانی ڕێژیم ورەیان نییە، بۆیە داوای ڕاپەڕین و پەیوەست‌بوونی تەواوی گەڕەکەکان بە خۆپیشاندانەکان دەکەن و بەربڵاویی شۆڕش بە زامنی سەرکەوتنی شۆڕش دەزانن.