کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئێرانی مەحکووم کرد

12:49 - 18 رەزبەر 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا، سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی مەحکووم کرد.

پێنی وانگ، وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئوسترالیا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەزبەر لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا، سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندەرانی خەڵکی ئێرانی مەحکووم کرد. ئەو بە ئاماژە بەوە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڕەندانەترین شێوە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران و منداڵان و قوتابییان دەگرن و ئەشکەنجەیان دەدەن؛ ئەو جینایەتانەی مەحکووم کردوە و نووسیویەتی: "پاڵپشتی لە شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دەکەین و پێویستە هەموو دنیا لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئاگادار بکرێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا هاوکات ئێرانی خستە دۆخی سوورەوە و داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئێران نەکەن و بە زووترین کاتیش ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ کراو نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندوتیژی و ئەشکەنجە منداڵان و قوتبایانی قوتابخانە خوێندراکانی سەرکوت بکا و، دەبێ هەموو کۆمەڵگەی جیهانی لەو جینایەتە ئاگادار بکرێتەوە.