کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێکی سیاسی لە نۆروێژ بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:18 - 18 رەزبەر 2722

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر سیمینارێکی سیاسیی بۆ "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێک هێنا.

لەو سمینارەدا خالید عەزیزی سەرەتا باسێکی لە ڕووداوە گرینگەکانی ئەم دواییانەی کوردستان، وەک کوژرانی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، مانگرتنی ٢٨ی گەلاوێژ، مووشەک‌بارانی بنکەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شەشی ڕەزبەر، مانگرتنەکەی ٩ی ڕەزبەر و بەردەوامیی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران و وانەکانی ئەم ڕاپەڕینە کرد.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی ئەم ڕاپەڕینە هەتا ئێستا ئەگەرچی قوربانیدان و تێچووی زۆری بۆ جووڵانەوەی کورد بووە، بەڵام هەڵسەنگاندێکی ئەو کارە گەورەیە کە هەموو ئێرانی هێنایە سەر خەت، بوو بە مێژوو. چونکی بەخۆشییەوە ئەمجارەیان دەنگی کورد و داوای کورد لە ئێران بەردەنگی هەبوو، زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆری و بۆچوونە جیاوازە سیاسییەکانەوە باشتر لە پرسی کورد تێگەیشتن و کورد لە ڕۆژهەڵات بەڵگەیەکی دیکەی لە خەباتی مافخوازانەیدا تۆمار کرد.

خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی وتی  یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کاریگەرییەکی باشی لەسەر خوڵقانی ئەو دۆخە بوو، ئەگەرچی ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەشمان هەبوو کە کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە یەکگرتنەوەمان بیەوێ زەبرێکمان لێ بوەشینێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بەداخەوە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە نەبوونی یەکڕیزی و پەڕش‌وبڵاویی هێزە دژبەرەکانی بووە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵترناتیڤێک لەدژی ڕێژیم دروست نەبێت. بۆیە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لەو دۆخەدا شوێنی گرینگی لەسەر ئەو هاوکێشەیە دانا و گەلێک پەیامی تێدابوو کە خەڵکی نێوخۆ لە ڕۆژهەڵات، لایەنە سیاسییە کورد و ئێرانییەکان و لە دەرەوەی وڵاتیش بەباشی وەرگیرا و ئەوە ئەو بابەتە بوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە تەنگانەوە. 

بەشداری و پێشەنگایەتیی ژنان لەو ڕاپەڕینە، کاریگەریی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی حیزب و لایەنە کوردییەکان، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی ئاقاری ڕاپەڕینەکە بۆ توندوتیژی، سیاسەتی ڕێژیم بۆ تێکەڵکردنی هەرێمی کوردستان بە کێشە نێوخۆییەکانی ئێران و هەروەها پشتیوانی و بەدەمەوەهاتنی خەڵکی باشووری کوردستان چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکەی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

لە دوابەشی سمینارەکەدا خالید عەزیزی وەڵامی سەرنج و پرسیاری بەشدارانی دایەوە.