کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچانی قوتابخانەکانی میراوای بۆکان تێکەڵ بە خۆپێشاندانەکان بوون

14:35 - 18 رەزبەر 2722

کچانی قوتابخانەکانی میراوای بۆکان نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەر تێکەڵ بە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان بوون.

لە چالاکییەکی کەم‌وێنەدا کچانی قوتابخانەکانی میراوا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شەقامی  سەرەکیی میراوایان پڕ کرد لە دەنگی ئازایانەی خۆیان. کچانی بوێری میراوای بۆکان لە کاتێکدا مەقنەکانیان بە دەست ڕادەوەشاند، بە سەری ڕووت و یەکدەنگ و  یەکڕیز بە سەر ڕاستەڕێی شەقامدا بەرەو ناوەندی بۆکان خۆپێشاندانیان درێژە پێ دا، بەڵام لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە پێشیان پێ گیرا.

هێزە ئینتیزامییەکان بە تەقەی تفەنگ و لێدان بە باتۆم و پەلاماردانی دڕندانە هەوڵیان دا بڵاو بە خۆپێشاندانەکەی کچان بکەن.

جێی ئاماژەیە دوای ئەو دەسپێکە قوتابییانی کوڕی قوتابخانەکانی میراواش بە درووشم و دەنگی بەرزەوە بەرەوپیلی درووشمەکانی کچانی بوێری ئەو بەشەی شاری بۆکانەوە چوون.