کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان لە زیاتر لە ١٥٠ شاری جیهان دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

11:22 - 10 رەزبەر 2722

ڕۆژی شەممە ٩ ی ڕەزبەر ناڕەزایەتی یەکگرتووانە لەدژی ئێران لە هەموو دنیا، لە زۆرێک لە شارەکانی جیهان بەڕێوە چوو.

لە ئێران حیزب و ڕێکخراوگەلێکی زۆری سیاسی وڵامی ئەرێنییان بۆ بانگەوازەکەی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردییەکان دایەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش لانیکەم لە ١٥١ شاری جیهان خۆپێشاندانی بەربڵاو و پڕشکۆ بەڕێوە چوون.

لە کوردستان شارەکانی بۆکان، مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار، سەردەشت، محەممەدیار، سەقز، مەریوان، دیواندەرە، سنە، پاوە، سەلاسی باوەجانی، ئیلام، ورمێ، جوانڕۆ، بانە، کامیاران، ڕوانسەر، رەبەت، شنۆ، دزەی مەرگەوەڕ، گوێکتەپە(مهاباد)، و دێولان بە مانگرتنی گشتی، جینایەتی ڕێژیم و مووشەکباران کردنی حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە خاکیی هەرێمی کوردستانییان مەحکووم کرد. خەڵکی کوردستان بەو مانگرتنە پڕشکۆیە کە وەک رێفڕاندۆمێکی دیکە دەچوو، "نا"یەکی گەورەی دیکەیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتەوە و پرسی سەرەکی و ڕۆڵەکانیان خۆیان بە خاوەن کردەوە.

ئەمریکا، ئۆتریش، ئیسپانیا، لەهستان، سویس، بەلژیک، فەرانسە، هولەند، کۆماری چیک، بریتانیا، سوید، سکاتلەند، ئیرلەند، فەنلاند، مەجارستان، ئاڵمان، بولغارستان، ئیتالیا، کۆرەی‌باشوور، ژاپۆن، ئوسترالیا، نیوزیلەند ئەو وڵاتانە بوون کە ڕۆژیی شەممە هاونیشتمانییان لە شارە جۆرواجۆرەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانی بەرچاوییان بەڕێوە برد.

ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکیی سەرانسەری ئێران لە حەوتووی سێهەم و لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەریشدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بەرەو توندوتیژی ڕاکێشرا. لە مەریوان هاونیشتمانییەک بە ناوی "موختار ئەحمەدی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان شەهید کرا و دەیان کەسیش بەتایبەت لە شارەکانی بۆکان، سەقز، مەریوان، مەهاباد، دێولان، سنە و دیواندەرە بریندار کران. هەروەها جێگای ئاماژەیە کە، خۆپێشاندەران لە شاری دیولان پەیکەرەی جاش، "پیشمەرگەی موسلمان"ـیان ئاگر تێبەردا کە هێمای کوردی بەکرێگیراو و خۆفرۆشە.