کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا پێدانی ڤیزای "شنگن"ی بە هاووڵاتییانی ئێرانی ڕاگرت

17:33 - 18 رەزبەر 2722

چەند وڵاتێکی ئورووپا پێدانی ڤیزای "شنگن"یان بە هاووڵاتییانی ئێرانی ڕاگرتووە.

حورمەتوڵڵا ڕەفیعی، سەرۆکی دەفتەری پێدانی خزمەتگوزاری بە گەشتیارانی ئێرانی دانی بەوە داناوە کە بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی بە شێوەیەکی نافەرمی پێدانی ڤیزای "شنگن"یان بە گەشتیارانی ئێرانی ڕاگرتووە. هاوکات ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەزبەر هەواڵدەری "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیمیش لەو بارەوە بڵاوی کردەوە کە باڵوێزخانەی چەند وڵاتی ئورووپایی داواکاریی وەرگرتنی ڤیزا وەر ناگرن.

زۆربوونی ئەگەری کۆچی ئێرانییەکان بەهۆی دۆخی خراپی ئێستای ئێران و ئەگەری ڕاکردنی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم بە هۆکارە سەرەکییەکانی پێنەدانی ڤیزا بە گەشتیارانی ئێرانی لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دادەنرێت.

تا ئێستا باڵوێزخانەی هیچ کام لەو وڵاتانە لەسەر ڕاگرتنی ڤیزای گەشتیارانی ئێرانی ڕوونکردنەوەیان نەداوە، بەڵام دەفتەری ڤیزای وڵاتی فەرانسە لە تاران ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی "ئینتێرنێت" ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکەن.

پێشتریش مۆحسین حاجی سەعید، سەرۆکی ئەنجومەنی سێنفیی ڕێنمایی بە گەشتیارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی نێو ئێران، وڵاتانی ئاڵمان، ئیسپانیا، ئافریقای باشوور و برزیل، هاتوچۆی خۆیان بۆ ئێران ڕاگرتووە.