
كه‌یهان یووسفی
سه‌رهه‌ڵدان بۆته شۆڕش، شۆڕش هێمای كچه‌كوردێكی سه‌قزییه به مانیفیستی ژن، ژیان، ئازادی. پێشەنگەکانی شۆڕش نه چینی پرۆلتاریای ماركسه، نه‌ك حیزبی پێشڕه‌وی لێنین و نه پیاوانی ئایینی كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می خیلافه‌ت و …
شۆڕشی ئه‌مجاره له هیچ كام له شۆڕشه ناسه‌ركه‌وتووه‌كانی مێژووی ئه‌م دواییه‌ی ئێرانیش ناچێت. ئامانجی، له ئامانجی شۆڕشه‌كانی ئا‌مریكا و فه‌ڕانسه و وڵاتانی ئۆرووپای ڕۆژهه‌ڵاتیش ناچێت كه خولیای زیندووكردنه‌وه‌ی ڕابردووی گه‌ش هانیان بدات بێنه نێو گۆڕ‌پانی خه‌بات و تێكۆشان.
شۆڕشی ئه‌مجاره به وته‌ی هانا ئارێنت بۆ داهاتوویەکی گه‌شه، داهاتوویه‌ك كه پڕ بێت له به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌مووان و له‌وێدا ژن بتوانێت ئازادانه ژیان بكات.
شۆڕش له پێناسه‌ی خۆیدا ته‌نیا گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی‌دا نییه، شۆڕش گۆڕانكاری له به‌ها و بایه‌خه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشه كه شۆڕشگێڕان ده‌یانهه‌وێ گۆڕانكاریی مێژوویی بخوڵقێنن و هه‌ربۆیه‌ش شۆڕشگێڕانی ئه‌مجاره نه‌وه‌یه‌كی چاونه‌ترس و بوێرن كه كچان فه‌رمانده‌ییان ده‌كه‌ن.
ئه‌وان خاوه‌نی ئامانجێكی ڕوونن بۆ خوڵقاندنی دۆخێك كه ئازادی تێدا به‌رفراوانتر ببێت و هه‌ربۆیه‌ش ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ژماریان زیاد ده‌كات، كچه كوردێكی دێولانی به به‌رده‌كه‌ی نێو ده‌ستیه‌وه ده‌بێته جه‌نگاوه‌ری نێو شه‌قام و دایكێك له كرماشان جه‌سته‌ی ده‌داته به‌ر گوللە تا ئازادی باڵا بكات و ده‌بنه هێمای هه‌زاران كچ و ژنی ئه‌م وڵاته بۆ سه‌رهه‌ڵدان.
لێره‌دا دمانهه‌وێت له ڕێگه‌ی ئانالایزی (SWOT) هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر ئه‌م شۆڕشه بكه‌ین. ئه‌وه‌یكه كه ڕوون و دیاره ئامانجی ستراتژیكی ئه‌م شۆڕشه كه له سه‌ر بنه‌مای دروشمی ژن، ژیان و ئازادی بیچمی گرتووه، خوڵقاندنی دۆخێكی نوێیه كه تێیدا مافی هه‌موومان دابین بكرێت و شۆڕش خواستی زۆرینه‌یه بۆ دابینکردنی ئازادی، مافی مرۆڤ، یه‌كسانی، مافی ئێتنیكی، نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و هه‌ر بۆیه‌ش شۆڕش هه‌ر ڕۆژه و له شوێنێك و له نێو چین و توێژێكی جیاوازی كۆمه‌ڵگەدا خۆی ده‌رده‌خات.
خاڵە به‌هێزه‌كان(S)
چه‌ندین فاكته‌ر بوونی هه‌یه كه ده‌توانرێت وه‌كوو خاڵی به هێزی ئه‌م شۆڕشه باسی لێوه بكرێت:
شۆڕش گشتگیره و ئامانجه‌كانی له ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆره له سه‌ر بنه‌مای داخوازیگه‌لێكی دیمۆكراتیك و له‌وانه مافی یه‌كسانی بۆ ژنان و ئازادی بۆ هه‌مووان. سته‌می چه‌ند ڕه‌هه‌ندی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئێران، سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌گه‌زی، ئایینی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و … وای كردووه كه هاوده‌نگی و یه‌كگرتوویه‌كی به‌هێز له‌نێو هه‌موواندا دروست بێت و ئه‌مه‌ش ئامانجێكی هاوبه‌شی دروست كردووه تا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر گشتییه‌ت جەخت بكه‌ن تا ورده‌كارییه‌كان.
كاراكتێری ژنان وه‌كوو داینه‌مۆی سه‌ره‌كیی ئه‌م شۆڕشه و ئامانجگرتنی بنه‌مای ئایدۆلۆژیكی ڕێژیم كه دژه‌ژنه، خاڵێكی به‌هێزی ئه‌م شۆڕشه‌یه كه به هۆی بایەخمەندبوونی ئه‌م مه‌سه‌له -ژن- له دونیای ده‌ره‌وه‌ش توانیویه‌تی پشتیوانییه‌كی بێ‌وێنه بۆ لای شۆڕش ڕاكێشێ.
خاڵێكی به‌هێزی دیكه، ده‌ستپێشخه‌ری و ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه، وێڕای ئه‌وه‌یكه ته‌مه‌نی زۆربه‌ی شۆڕشگێڕان لاو و تازه لاون، به‌ڵام زۆر به‌ئه‌زموون خه‌ریكی كرده‌یی‌كردنی تاكتیكه‌كانی خه‌بات و به‌ره‌نگاری و به پێكۆڵكێشانی هێزه‌كانی ڕێژیمن. دروشمه‌كانی ژن، وه‌كوو ئاماژه‌یه‌ك بۆ مافی یه‌كسانی، ژیان، ئاماژه‌یه‌ك بۆ مافی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادی وه‌كوو مافێكی سیاسی و ئه‌منی، هه‌موو پێكهاته و گوتاری ڕێژیمی وه‌له‌رزه خستووه.
لاوازییه‌كان (W)
هه‌ر چه‌ند هێشتا تۆزێك زووه بۆ ده‌رنجامگیری له چییه‌تی و ستراكتۆری شۆڕشه‌كه و ده‌ستنیشانكردنی خاڵه لاوازه‌كان كه ڕه‌نگه له ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌م لاوازییانه نه‌مێنیت، به‌ڵام لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین:
ڕێبه‌ری و ڕێكخستن وه‌كوو دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ر بزووتنه‌وه و شۆڕشێك كه ده‌توانن شۆڕش به سه‌ركه‌وتن بگه‌یه‌نن، هه‌نووكه تا ڕاده‌یه‌ك له ئاستی سه‌رانسه‌ریدا نادیارن. هه‌ر چه‌ند كوردستان نیشانی داوه كه ڕێبه‌ری و ڕێكخستن دوو فاكته‌ری به‌هێزن له‌م هه‌رێمه‌دا، به‌ڵام له ئاستی سه‌رانسه‌ریدا هێشتا تێگه‌یشتن و ته‌وافۆقێكی گشتی له‌مباره‌وه نه‌هاتۆته ئاراوه و ئه‌مه‌ش خاڵێكی لاوازه كه له درێژخایه‌ندا ده‌توانن كارتی براوه‌ی ڕێژیم بۆ له‌باربردنی شۆڕش بن و هه‌ربۆیه‌ش بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕش پێویسته كۆده‌نگی و هاوپه‌یمانییه‌كی سه‌رانسه‌ری له‌نێو دژبه‌رانی ڕێژیم‌دا به مه‌به‌ستی ئاڵترناتیڤ چێ كردن بێته ئاراوه.
ده‌رفه‌ته‌كان (O)
ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه له به‌رده‌م ئه‌م شۆڕشه‌دان و ده‌بێت به‌باشی كه‌ڵكی لێ وه‌ربگردرێ، ده‌كرێت به سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش بكرێت: ده‌رفه‌ته نێوخۆییه‌كان و دره‌كییه‌كان.
ده‌رفه‌ته نێۆخۆییه‌كان، ناڕەزایه‌تی به‌ربڵاوی كه‌ڵه‌كه‌بووی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه پۆتانسیلێكی گه‌وره‌ی شۆڕشی له‌نێو چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا دروست كردووه كه هه‌موو به‌رژوه‌ندیی خۆیان له ڕووخانی ڕێژیم‌دا ده‌بینن. سه‌ركوت و نه‌بوونی ئازادی، دۆخی خراپی ئابووری، گه‌نده‌ڵی له ڕاده‌به‌ده‌ری به‌رپرسانی حكوومه‌تی و … هه‌موو ئه‌مانه هۆكارن بۆ به‌هێزتربوونی ئه‌م پۆتانسیڵه.
سۆشیاڵ میدیا و گه‌شه و ده‌ستڕاگه‌یشتنی زیاتر به زانیاری، نه‌وه‌یه‌كی بوێر، ئاگا و تێگه‌یشتووی بەرهەم هێناوه كه چیدی گوێڕایه‌ڵی درۆ و ده‌له‌سه و پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌زگای په‌روه‌رده و ڕاگه‌یاندنی ڕێژیم نین و خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری به دوای كرده‌یی‌كردنی خه‌ونه‌كانیان كه ئێمه له سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌یبینن.
ده‌رفه‌تی ده‌ره‌كی، ئامانجه‌كان، دروشمه‌كان و هێڵی جووڵه‌ی شۆڕش بۆ پێشه‌وه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رژوه‌ندی و به‌هاكانی ڕۆژئاوا و ناوچه‌كه نییه و ئه‌وان پشتیوانی ده‌كه‌ن. دێموكراسی و ئازادی به‌هاگه‌لێكی به‌نرخن له ڕۆژئاوا و بێگومان ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكراتیك له ئێران گه‌ر هاوپه‌یمانی ستراتژیكی ڕۆژئاواش نه‌بێت، دوژمنی نییه و له ئاستی ناوچه‌یشدا له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر وڵاتانی ناوچه كه‌م ده‌بێته‌وه كه ئه‌مه بۆ خۆی ده‌توانێت پشتیوانییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ لای شۆڕش ڕاكێشێ.
هه‌ڕه‌شه‌كان (T)
یه‌كێك له گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر شۆڕش و به تایبه‌ت له‌سه‌ر شه‌قام، كه‌ڵكوه‌رگرتنی زیاتری هێزه‌كانی ڕێژیم له توندوتیژییه، بێ گوێدان به یاسا و ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان. هه‌روه‌ك هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر بنكه‌ی حیزبه كوردییه‌كان و بۆردمانی چڕی چه‌ندین ڕۆژه‌ی بنكه‌كانی سه‌ر سنووری حیزبه كوردییه‌كان و هه‌روه‌ها كوشتنی به‌ربڵاوی خه‌ڵكی به‌لووچستان و مێرمنداڵ و ژن و… .
ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌مه‌یه كه ڕێژیم بۆ مانه‌وه‌ی خۆی هیچ پره‌نسیپێكی ئه‌خلاقی ناپارێزێ و له ئه‌گه‌ری فراوانتربوونی توندوتیژییه‌كان و گریمانه‌ی له ئاراهاتنی شه‌ڕێكی چه‌كداریی له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێك چ حیزبه كوردییه‌كان یان له ئاستێكی سه‌رانسه‌ری بێت، ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی دێته ئاراوه كه ئه‌زموونی سووریە و ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیە له‌وێ پێمان دەڵێ كه ده‌كرێت ڕێژیم قازانجمه‌ند بێت. هه‌ربۆیه‌ش شۆڕش ده‌بێت به‌م شێوازانه كه هه‌یه و له سه‌ر شه‌قام و زانكۆ و قوتابخانه و شێوازگه‌لی وه‌كوو مانگرتن و … به‌ڕێوه بچێت.
هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه كه بۆ ئێمه‌ی كورد و به تایبه‌ت نه‌ته‌وه غه‌یره‌فارسه‌كان زۆر گرنگه و ده‌بێت به سه‌رنج و هه‌ستیارییه‌وه له‌گه‌ڵی مامه‌ڵه بكه‌ین، پاوانخوازیی و فاشیزمی فارسه كه له‌نێو به‌شێكی زۆر له ئۆپۆزیسیۆنی فارس‌دا بوونی هه‌یه و هه‌نووكه هێشتا به شێوه‌ی كاتی بێده‌نگ كراوه و له دواڕۆژدا دووباره خۆی نیشان ده‌دات. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه بێگومان یه‌ك گوتاری و یه‌ك‌هه‌ڵویستی به میكانیزمێكی گونجاو هه‌م وه‌كوو كورد به نیسبه‌ت ئه‌وانی دیكه و هه‌میش له نێوان نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌كان به نیسبه‌ت فارسه‌كان زه‌رووره‌تێكی سه‌ره‌كی و ستراتژیكه كه ده‌بێت هه‌وڵێی جیدی و خێرای بۆ بدرێت.
به سه‌ره‌نجدان به هه‌موو لایه‌نەكانی شۆڕشی ئه‌مجاره و ئه‌كته‌كان له نێوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ش و هه‌روه‌ها په‌رچه‌كرداره‌كانی ڕێژیم و ئه‌و دۆخه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه، وێده‌چێ شۆڕشی ژنان مێژوویه‌كی نوێ بۆ خۆی تۆمار بكات و ئه‌گه‌ریش ئه‌م شۆڕشه هه‌نووكه سه‌ر نه‌كه‌وێت بێگومان ڕێژیمی به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.