کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کۆتایی

23:27 - 18 رەزبەر 2722

برایم لاجانی

"تۆماس هیلاند ئیرێکسن" کۆمەڵناسی بەناوبانگیی نۆروێژ، لە کتێبە ناسراوەکەی خۆیدا بەناوی "هەشت تایبەتمەندیی هەرە گرنگی گڵۆباڵیزم" دەڵێ: یەکێک لە نیشانەکانی دەورانی گڵۆباڵیزم ئەوەیە کە دەکرێ ڕووداوێکی بچکۆلەی ناوچەیی بەخێرایی باوبرووسکە ببێتە کێشە و پرسێکی جیهانی و نێونەتەوەیی.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەبینرێ، نموونەی ڕاستەقینەی ئەو ڕاستییەیە کە ئیڕێکسن باسی دەکات. پاش گیران و کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، كچە کوردێکی غەریبە لە تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی پۆلیسی "ئەخلاق"! و بەخاکسپاردنی لە زێدی خۆی (سەقز) لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی تووڕە و وەزاڵەهاتوودا، ئەو ڕووداوە بووە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران و تەنانەت ناوچەکەشدا.

خاڵی جێی سەرنج ئەوە بوو، لەسەر کێلی ژینا نوسراوە "ژینا گیان تۆ نامرێ، ناوت ئەبێتە ڕەمز". لە ماوەی چەند کاتژمێردا ئەو حەقیقەتە خۆی نیشان دا بەجۆرێک خەڵکی سەقز، دیواندەرە و شارەکانی دیکەی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەدژی ئەو کردەوە جینایەتکارانەیە هاتنە سەر شەقامەکان. دواتر ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە ناسینیی کۆمەڵگەی کوردستان و بەو دڵنیاییەی کە خەڵکی کوردستان هەمیشە لەکاتی پێویستدا وەڵامی بانگەوازی هێزە پێشڕەوکانی خۆی دەداتەوە، لە پەیامێکی کورتدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بۆ مەحکوومکردنی جینایەتی کوشتنی ژینا دووکان و بازارەکان دابخەن و هاوپێوەندیی خۆیان دەگەڵ بنەماڵەی ئەو قوربانییە تازەی ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. هەروەک چاوەڕوان دەکڕا خەڵک لە هەموو شار و شاڕۆچکەکانی کوردستان بەپیل ئەو بانگەوازەوە هاتن و مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەرییان بەڕێوەبرد. بەوجۆرە ئەو ڕووداوە دۆمینۆ ئاسا هەموو شارەکانی دیکەی ئێرانیشی گرتەوە، لە تاران، تەورێز، ئیسفەهان، ڕەشت، گیلان، ئابادان، ئەهواز، قوم، مەشهەد، ئەردەبیل، زەنجان و هتد، لاوان، ژنان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژانە سەر شەقامەکان و کۆماری ئیسلامیان لە تەواویەتی خۆیدا هێنایە ژێر پرسیار. ئەو ئاگرە بەجۆرێک پەرەی سەند لە ماوەیەکی کورتدا هەموو وڵاتی گرتەوە، ڕێژیم بۆ سەرکوت‌کردنی ئەو بزووتنەوە مەدەنییە وەک هەمیشە تەواوی هێزی سەرکوت و زەبروزەنگی خۆی هێنایە مەیدان، بەڵام خەڵک بەگشتی و لاوان و ژنان و خوێندکاران بەتایبەتی لە ماوەیەکی کورتدا شەقام و مەیدانی شارو شاڕۆچکە، قوتابخانە و زانکۆکانی وڵاتیان لە دەستی هێزی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هێنایەدەر و ناوی ژینا بوو بە سەردێڕێ هەواڵی هەموو مێدیاکانی دنیا، خەباتی ژنان و لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسیی و مافی تاکەکان سەرجەم ڕۆژنامە و گۆڤارە ناسراوەکانی جیهانی داگرت و بوو بە باسی هەرەگەرمی نێو کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارلمان و کابینەی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان.

مەک میلان، سەرۆک‌وەزیرانی پێشووی ئینگلیز، شەش دەیە لەمەوبەر لە پێوەندی دەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی لەبەریەک هەڵوەشانی سیستەمی ئیستیعماریدا، گوتی: ئەوە "شنەبای ئاڵوگۆڕە هەڵی کردوە". ئەو لێدوانەی ناوبراو دروست بوو. زۆری نەکێشا نەسیمی ئاڵوگۆڕەکان هەموو ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی گرتەوە و بوو بەهۆی گۆڕانکارییەکی گەورە.

ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەی ئێستای ئێران و کوردستانیش بە سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە دۆخی سیاسی ئێران و کوردستان دێتە ئەژمار. لە ئەدەبیاتی سیاسیدا زاراوەیەک هەیە پێی دەگوترێ "قەیرانی کۆتایی" لە ڕاستیدا ئەوەی دەبینرێ بریتییە لە سەرەتای پڕۆسەی کۆتایی دەستەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئیدی کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەتی چین و توێژە خەباتگێرەکان، توانای تەحموولی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیان نەماوە و لەولاشەوە ڕێژیم ئیدی هەموو ئیعتیبارێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مەزهەبیی لەدەست داوە.

سیلۆ تاراکو، یەکێک لە ڕووناکبیرانی بەناوبانگی نۆروێژ دەڵێ؛ لەو زۆرانبازی و ململانییەدا کە لەنیوان خەڵک و ڕێژیم لە ئێراندا  هاتۆتە ئاراوە، سەرەنجام ئەوە خەڵکن سەر دەکەون و دەیبەنەوە، چوونکە خەڵکی ئێران ئیدی نایانهەوێ لەژێر دەستی دەستەڵاتێکی دینیدا ژیان بەسەر بەرن. ئەو بزووتنەوەیە هەر ئێستا گەلێک دەسکەوتی گەورەی وەدەست هێناون.

لەو بزووتنەوەیەدا هەمووگەلانی ئێران، چین و توێژە زەحمەتکێشەکان، لاوان، ژنان، خوێندکاران، کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەشدارن. ژینا بۆتە سیمبولی یەکیەتی و یەکگرتوویی و هاوخەباتیی هەموو خەڵکی ئێران.

کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی زۆرە کاری لەسەر ئەوە کردبوو بزووتنەوەی کوردستان لە بزووتنەوەی سەرانسەری گەلانی ئێران داببڕێنیت، بەڵام ڕووداوەکانی ئەو دواییانە دەریان‌خست ئەو "کوردستان هەراسی" و "کوردۆفۆبیایە" ئیدی ڕەویوەتەوە و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئیران بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە دەڕواننە خەبات و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر کۆماری ئیسلامی. لەوەش زیاتر کوردستان وەک سەرمەشق و  سەرچاوەی ئیلهامی خەبات و تێکۆشانی خۆیانی سەیر دەکەن.

ئەوە کە کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و چەکی مۆدێرن بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان و ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە کوردستان چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا ماتەوزەی ئەوەی تێدایە ببێتە قەڵای ڕاپەڕینی سەرانسەریی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی.

ئەو بزووتنەوەیە توانیویەتی هاوپێوەندی و پشتیوانییەکی گەورەی جیهانی و نیونەتەوەیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. یەکیەتی ئوروپا، وڵاتانی ئورووپایی، کانادا، ئەمریکا و و نیوزلەندا، ئوستڕالیا هاوپێوەندیی خۆیان دەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران نیشان داوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆڕوکۆمەڵە بەشەردۆستەکان، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، ڕێکخراوەکانی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، وەرزشوانان و سینەماکاران لە سەرانسەری دونیادا هاوپێوەندیی خۆیانیان دەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکی ئێران دەڕبڕیوە. ئەوە پتر لە سێ هەفتەیە بزووتنەوەی خەڵکیی ئیران لەسەرجەم هەواڵ و میدیاکان یەکەمە، کە ئەمە نیشانەی گرنگی و بایەخی ئەو ڕاپەڕینەیە.

کۆماری ئیسلامی پاش هاتنەسەرکار، هاوکات هێرشی بۆ سەر کوردستان، ژنان و زانکۆکانی ئێران دەست پێ کرد. سەرکوتی ژنان و زانکۆکان و کوردستان بوو بە سەرەتای دەست‌پێکردنی ئیستبدادی ڕەشی مەزهەبی لە ئیراندا کە ئەوە پتر لە چل ساڵە بەردەوامە. سەیر ئەوەیە ئێستا هاوکات کوردستان، ژنان و زانکۆکان، هێرش و پەلاماری خۆیان بۆ سەر دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردوە و بوونەتە هەوێنی لێکگرێدانی بزووتنەوەی سەرتاسەری و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی.

تایبەتمەندیەکی بەرچاوی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە کە وەک ویکیپیدیا وایە! هەموو کەس دەتوانێ بەشداریی تێدا بکات و شوێنەواری خۆی لەسەر دابنێ. ئێران وڵاتێکی فرەگەل، فرەفەرهەنگ، فرەدین، فرەمەزهەب، فرەدەنگ و فرە ڕەنگە بزووتنەوەکە و ڕاپەرین و سیاسەتەکەشی دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە بێت. ئەو بزووتنەوەیە خاڵی هەرە بەهێزی ئەوەیە کە بزووتنەوە و ڕاپەڕینی هەمووانە، هەموو بە دەنگ و ڕەنگ و داخوازی و ناسنامەی خۆیانەوە تێیدا بەشدارن و دەیانهەوێ ڕەگەڵی کەون ئەگە ئەو بزووتنەوەیە ئاوا بڕواتە پێش و کەس نەتوانێ هێژمۆنی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆی بەسەردا بسەپینێ و تێ‌بکۆشێ ئەوانی دیکە پەڕاوێز بخات، هیچ شک لەوەدا نییە بە ئامانجەکانی خۆی دەگات، کە بریتییە لە ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەشی مەزهەبی و دامەزراندنی دێموکڕاسی لە ولاتەکەماندا.

ڕووداوەکانی ئەو چەند هەفتەیە نیشانیان دا خەڵکی ئێران لە توانا و ئیمکانی دایە خەباتی خۆیان بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرنەپێش و بە سەرنجامی خۆشی بگەیەنن. ئەوان چاوەڕوانییان لە کۆمەڵگەی جهیانی ئەوەیە لە باری سیاسی و ئەخلاقییەوە پشتیوانییان لێ بکەن. ئێمە هیچ کاتێک پێمان خۆش نیە هێزە دەرەکیەکان لە باری نیزامییەوە دەست لە کاروباری نیوخۆی وڵاتەکەمانەوە وەردەن، بەڵام داوامان ئەوەیە دەست لە سیاسەتی سازان و ساتوسەودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵگرن. ئەوە گەورەترین یارمەتییە بە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران.

شتێکی دیکە کە پێویستە لێرەدا باسی بکەین ئەوەیە کە لە سەردەمی ئێستادا، لە پێوەندی دەگەڵ ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکاندا، بێجگە لە فاکتۆری دەرەکی، فاکتۆرێکی دیکەش کاریگەریی گەورەی بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمانە هەیە. ئەویش ئەوەیە؛ ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرییانە سەرەنجام لەبن قورسایی گەندەڵی و ناکارامەیی خۆیاندا دادەتەپن.

کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکەوە بە بنبەستی سیاسی و ئایدۆلۆژیی خۆی گەیوە. توانای چارەسەری ئەو گیروگرفتانەی نییە کە خەڵکی ئێران دەگەڵیان بەرەوڕوویە، درووشمی لانیکەمی داخوازی ناڕازییان بریتییە لە هەڵوەشانەوەی حیجابی ئیجباری، دەگەڵ دروشمی لانی زۆری داخوازیی خەڵک، واتە نەمانی دیکتاتۆری و دابین‌بوونی ئازادی و دێموکراسی، بەجۆرێک لێک‌گرێدراون کە هیچیان بەبێ یەکتر جێبەجێ نابن. بۆیە خاوەنڕایان دەڵێن ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدات سەرەتای کۆتایی پڕۆسەی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی و تەواوبوونی چاخەکانی نێوەڕاستی ئێرانە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.