کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ژن، ژیان، ئازادی"، دروشمێک بۆ ڕزگاری

23:31 - 18 رەزبەر 2722

ئاسۆ مینبەری

ئەو ڕۆژەی کە "ژینا ئەمینی" بۆ سەفەرێکی چەند ڕۆژە ڕووی لە تاران کرد و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد، وتی ئێمە لێرە غەریبین، نە خۆی و نە هیچکەسی تریش بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ناوی ژینا ئەتوانێ ببێتە مانشێتی گرینگترین ڕۆژنامە و هەواڵدەرییەکانی جیهان و ڕاپەڕینێک وەڕێ بخات.

مەرگی تراژیکی ژینا توانیی ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران، مەرگێک کە دەکرێ بڵیێن هەوێنی لەدایکبوونەوەی هزری مرۆڤ‌تەوەرانەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەنیسبەت پرسێکی گرینگ بوو، پرسێک کە نەک تەنیا کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران، کە هەموو سنوورەکانی جیهانیشی بەزاند و بە دروشمی "ژن، ژیان؛ ئازادی" لە هەموو وڵاتانی جیهاندا دەنگی دایەوە.

ڕوونە کە کۆمەڵگەی ئێران ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ سەدان کێشەی جیاوازی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ... بەرەوڕوویە و هەر جارە یەکێک لەم هۆکارانە، هەوێنی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان بوو. بەڵام ئەمجارە مەرگی ژینا بوو کە هەموو کۆمەڵگەکەی هێنایە سەر شەقام و بەپێچەوانەی جارەکانی پێشوو، پێشەنگایەتییەکەی لە ئەستۆی ژنان بوو و بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین، ڕاپەڕینێک کە لە کوردستان سەری هەڵدا، ژنانی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێرانیش هێنانە سەر خەت و دواتر وای لێ هات کە چین و توێژە جیاجیاکانی وەک مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکارانیش وێڕای باقی خەڵکەکە و وەک توێژی دیار و بەرچاوی کۆمەڵگە هاتنە سەر شەقامەکان تا داوای مافی زەوتکراوی خۆیان بکەن.

دروشمی "ژن، ژیان ؛ ئازادی" بوو بە "زن، زندگی، آزادی" و شەقامەکانی شارەکانی ئێرانی تەنی، بوو بە "Freedom، Life، وWoman " و "نساء، حیاة، حریة" بەم شێوەیە وڵاتانی دیکەشی گرتەوە و ئەو پەیامەی بە گوێی جیهان گەیاند کە ئەمجارە خەریکە شۆڕشێكی ژنانە لە ئێراندا سەرهەڵدەدات کە توانیویە جیهانیش لەگەڵ خۆی ڕێک بخات.

لەم نێوانەدا ئاستی وشیاریی ژنان یەکێک لەو خاڵە گرینگانەیە کە دەبێ بایەخی تایبەتی پێ بدرێت، چونکە بەپێچەوانەی هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بێدەنگکردنیان، ئەوە ئەمجارە ژنانن کە بە هاوار و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان، کۆمەڵگەیان لە خەوی بێ‌ئاگایی وەخەبەر هێناوەتەوە و بەگژ بیری دواکەوتووی ئاخوندەکانی ڕێژیمدا دەچنەوە.

ئەو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەی کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا سەری هەڵداوە و بە ناوی "شۆڕشی ژینا" ناوی لێ دەبەن، سەرهەڵدانێکی زۆر جیاواز لەوانەی ڕابردووە، هەر بۆیە بێگومان دەسکەوتەکانیشی دەبێ زۆر زۆر جیاواز بن.

بە پێچەوانەی ڕابردوو کە ناڕەزایەتییەکان لە شارێک سەریان هەڵدەدا و ئامانجەکەیان چارەسەرکردنی هەندێ پرسی ئابووری یان کۆمەڵایەتی بوو، ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان چوونەتە قۆناغیكی نوێوە و بوونەتە ڕاپەڕین، لە هەموو شارەکاندا ئەم ڕاپەڕینانە بەردەوامن و هەموو چین و توێژەکان تێیدا بەشدارن، ئەمجارە بە پێچەوانەی جاران دروشمەکان باس لە سێ چەمکی گرینگ دەکەن، "ژن" کە بە درێژایی ٤٣ ساڵی ڕابردوو بەردەوام لەلایەن ڕێژیمەوە چەوساوەتەوە و هیچکات دەرفەتێکی لەم چەشنەی بۆ خۆنیشاندان و دەنگهەڵبڕین نەبووە، "ژیان" کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە لە خاچ دراوە و ئەوەی کە مانای نەبووە ژیانی سەردەمیانە بووە، لە کۆتاییشدا "ئازادی"، بووکی هیوای گەل کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانیشدا هیچ‌کات مانای ڕاستەقینەکەی هەستی پێ نەکراوە.

شۆڕشی ژینا، شۆڕشێکی مۆدێڕنە، شۆڕشێکر لێوڕێژ لە وزە و پۆتانسیێل ، شۆڕشێکی دەگمەنە کە ئەگەر بە ئەنجامی دڵخواز بگات، دەچێتە مێژووەوە و نەوەکانی داهاتوو نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهاندا وەکوو وانە دەبێ لێی فێر بن.

ئەوەی کە لەم ڕاپەڕینەدا گرینگە، فاکتەرەکانی بەجەماوەریبوون، هاوهەنگاوبوون، هاوهەڵوێستی و لە هەمووی گرینگتر پێشەنگایەتیی ژنانە.

زۆر بابەتێکی سەرنجڕاکێشە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی ژنان و بەستنەوەیان بە بیری چەقبەستووی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵات و بەکارهێنانی ئەو هەموو بوودجەیە، ئەوە ژنانن کە دەنگیان هەڵبڕیوە و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، ژنانن کە سینگیان کردووەتە قەڵغان و بە لابردنی ڕووسەری و وەدەرخستنی قژەکانیان پایەکانی دەسەلاتی ڕێژیمیان خستووەتە لەرزە و خەریکن هەیمەنەی پووشاڵیی ڕێژیم ڕادەماڵن.

بەڵام خاڵی گرینگ لەم ڕاپەڕینەدا ئەوەیە کە ئاراستەی دروشمەکان خەریکە لە ژنانەبوونەوە دەگاتە جێگایەک کە باس لە هاوپێوەندیی نەتەوەکان دەکات، باس لە خواست و ویستی گشتیی کۆمەڵگە دەکات و هەر هەموو ئەمانەش دیسانەوە لە دروشمە بەناوبانگەکەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خۆیان ڕێک دەخەنەوە، ئێستا ژینا و شۆڕشەکەی بوونەتە هێڵی هزریی کۆمەڵگە و، ئاراستەی کۆمەڵگە لەم ڕێبازەدا بەرەوپێش دەچێت و بە پێچەوانەی هەموو ڕوانگەکان، پیاوان پاڵپشتی ڕاستەقینەی ژنان و داخوازییە ڕەواکانی ئەوان و خۆیانن.

جەماوەریبوونی ئەم ڕاپەڕینانە و سەرهەڵدانی بەربڵاوی خەڵک لە شارە جیاوازەکان، لەلایەک لاوازیی هێزی سەرکوتی بەدواوە بووە و لەلایەکی تریشەوە یەک گوتاری جەماوەری ڕاپەڕیو، هەر خودی ئەم دوو فاکتەرەشن کە ئەتوانن ‌هێزێکی چەند قات بە ڕاپەڕینەکە ببەخشن و هیوای ئەوە بە خەڵک بدەن کە ئەم ڕاپەڕینانە ئامانجەکەیان دڵخواز دەبێ و بە ئاکام دەگات.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە هەرچەند مەرگی ژینا، مەرگێکی دڵتەزێن بوو، بەڵام بێگومان خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئێمەدا بەئەژمار دێت و دەتوانێ وەک لە دروشمەکانیشدا هەبوو ببێتە هەوێنی ژیان.

شۆڕشی ژینا نیشانی دا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دروشمێکە بۆ ڕزگاری و دەتوانێ کاروانی خەبات بە وێستگەی ئازادی بگەیەنێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.