کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی ئێمە و گیرفانی ئەوان

23:37 - 18 رەزبەر 2722

کەیوان دروودی

لە ڕۆژانی ڕابردووذا بەشێوەی خشکەیی و بەئەسپایی، تێچووی قورسی کوردستان و بەلووچستان خرایە گیرفانی کۆمەڵێ کەسەوە کە لای نووسەر، لەخۆیدا مەترسییەکە لەسەر دەستکەوتەکانی ئەو قوربانیدانە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ناوی ژینا بە هەشتەگێک گۆڕدرا بۆ ئەو ناوەی دامودەزگا حکوومییەکان دیارییان کردبوو. ئەمە یەکەم ململانێی مانایی بوو کە دەریخست، سەرەڕای گشت لایەنە ئەرێنییەکانی ڕاپەڕینەکە، جۆرێ لە شەڕی گێڕانەوە لە ئارادایە. شەڕێ کە وەکوو هەر ململانێیەکی‌تری نێوان هێژمۆنخوازی و ڕزگاریخوازی، نابەرانبەر و ناڕەوایە. بەرەبەرە و بە بانگەوازی مانگرتنێ کە لەلایەن ڕەوتە کوردستانییەکانەوە بڵاو کرایەوە، جۆرێکیتر لە گێڕانەوە دروست بوو کە یەکێکیان هەوڵی دەدا ئەم هەنگاوە پراکتیکییە بخاتە گیرفانی خۆیەوە و بەناوی "مانگرتنی گشتی" و ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە کوردستان تاقە شوێنێکی سەر جوغرافیای ئێرانە کە پێشوەختە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئامادەیی مانگرتنی هەیە. هەر بۆیەش بە بەردەوامی پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە نابێ ناوی ئەم مانگرتنە پاشگری کوردستانی پێیەوە بێ! کەچی بەڕوونی دەرکەوت هیچ مانگرتنێ لە هیچ شوێنێکی‌تر نەکراوە، بەوەشەوە دیسان پاشەکشەیان لە بۆچوونەکانیان نەکرد. هەر لە درێژەدا و بەو ڕەشەکوژییە لە کوردستان و بەلووچستان ڕووی دا، دانیان بەوەدا نەنا کە شێوازی سەرکوت لەسەر کورد و بەلووچ لە ڕووی بەکارهێنانی چەک و تێچووی گیانی و ماددی جیاوازییەکی زۆری لەتەک شوێنەکانیتر هەیە، ئەوە گەورەترین زەنگی مەترسی بوو کە بزانین، نکۆڵی لە قورسایی لەڕادەبەدەری سەرشانی ئەو دوو میللەتە دەکرێ لەپێناو ئەوەی شوێن‌پێکان بسڕنەوە، ئەمەش سەرچاوە لەو عەقڵانییەتە دەگرێ کە فرچکی بە گێڕانەوەی ساختە گرتووە. ئەم عەقڵانییەتە تەنانەت کاتێ دەیهەوێ هاوخەمی دەرببڕێ، دەست لە ساختەکاری هەڵناگرێ و ناوی ڕەسمی و مێژوویی ڕێکخراوی سیاسی پشتگوێ ئەخات و بە "پەنابەر" ناویان دەبات! ئەم نەریتە قیزەونە لای وایە هێز لەسەرووی خواستی ئینسانی و ئەقڵانییە و پێویستە سۆز و ئاوەزی مرۆڤ لەلای هێزێکەوە ئاراستە بکرێ تا بە تێگەیشتنی خۆی، مەترسییەکان بۆ دەرفەت بگۆڕێ! ئەم ڕەوتە حاشای لەو ڕاستییە کرد کە تێچووی ئەم ڕاپەڕینە بە ماددی و گیانییەوە باڵانسێکی هەرەبچووکیشی نەبوو. ڕێژەی بەندکراوان، بانگهێشت کراوان و گیان لەدەست‌داوانی ئەو ڕۆژانە، دەسەلمێنێ کە چەقی ئەو ڕاپەڕینە کوێیە و کێیە. وەکیتر لایەنێ کە ئەو تێچووەی داوە، وەکوو هەمیشە هێز و ئامانجی خۆی بۆ کرانەوە و بەختەوەرییەکی کۆیی تەرخان کردووە و بە بەردەوامی داوای هاوپێوەندی و لێکتێگەیشتنی کردووە. ئەمە لە خۆیدا دژی ئەو ئەقڵانییەتەیە کە بە گشت توانایەکەوە نکۆڵی لەو زەروورەتە دەکات و وا دەنوێنێ کە کێشەیەک جیا لە بوونی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر نییە. لێرەدایە کە هەڕەشە دروست دەبێ و دەبێ بزانین باوەشی کراوە، هەمیشە ئاکامی دڵخوازی نابێ، بەڵکوو جار وایە هێزی و ئیرادەی تۆ بۆ ئاشتەوایی وەکوو ئامێرێ بەکار دێنێ تاکوو لەکۆتاییدا بە هەمان هێز، مامەڵە بکات و نە لە درگای یەکسانی و عەقڵانی، بەڵکوو لە درگای سەردەست و بندەستەوە کایە بکات.

ئەم ڕاستییە ئەوکات زیاتر دەردەکەوێ کە تێگەیشتنێکی قووڵمان لە ڕای گشتی "public opinion" هەبێ. ئەم چەمکە مودێڕنەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ستراکچری دەوڵەت-نەتەوە. ڕای گشتیی لە پەراوێزی دەوڵەت دروست دەبێ و خۆی لەفۆرمی جیاواز نوێ دەکاتەوە. لە ئێراندا و لە یەک سەدەی ڕابردوودا ئەم ڕای گشتییە فۆرمێکی تایبەتی گرتووە کە بەرهەمی باڵادەستیی یەک نەتەوەیە، بۆیە لە کاتێکی وەک ئەم ڕۆژانەدا، لەلایەن جەماوەرەوە بەرهەم دێتەوە ئەگەر تەنانەت دژی دەسەڵاتیش بێ، بەڵام لە هێڵە سەرەکییەکانی لا نادا. یەکێ لەو هێڵە سەرەکییانە کە بە هاتنەسەر کاری ڕەزا شاوە بەرجەستە بوو، حاشاکردن بوو لە بوونی داخوازیی دابەشکردنی دەسەڵات و نکۆڵی لە بوونی ئیرادەی گشتی. هەر بۆیە لەبەرامبەر دروشمی پڕ لە مانا و زیندوویی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمی پیاوسالارانە و گەشەسەندوویی ساختە قیت ئەبێتەوە. ڕای گشتی لەبەر ئەوەی شوێنکەوتەی دوو سەرکوتکەی هێژمونخواز بووە و هیچکات دەرفەتی سازان و خۆدەرخستنی نەبووە، ترسێکی یەکجار زۆری هەیە کە بەم گۆڕانە کوتوپڕە بەرەوڕووی ڕاستییەک بێتەوە کە دەیان ساڵە لەژێر ناوی پیرۆزی و تەقدیسدا شارداوەتەوە. لە ئێستەدا پێگەی پیرۆزی پاوشا و وەلی فەقیە تێکشکاوە و جێگرەوەیەکی ڕوون نییە تاوەکوو ئەو ئاوەز و سۆزە کە لە سەرەتا باس کرا، ئاراستە بکات. هەر بۆیە دروشمی ژن، ژیان و ئازادی گەڕاندنەوەی هێزە بۆ شەقام و کۆمەڵگە و دەچوونی لەژێر باری دەسەڵات سەرەوڕۆ و تاکەکەسی و پێویستە نیوەچڵ بکرێ. بەڵام نەوەیەک کە ئەمڕۆ دینامیزمی ڕاپەڕینە بەزۆری پێملی ئەم نەریتە باوە سەپێندراوە نییە و ئەوەش جێی دڵخۆشییە.

هەر بۆیە، دەبێ بەوردی ئاگامان لەوە بێ کە سەرەڕای درێژەپێدان بە مەیل و خواستی هاوکاری و هاوسۆزی، تێچووی نەتەوە بندەستەکان نەخرێتە گیرفانی ئەو لایەنانەوە کە تەنیا وەکوو ژمارە حسێب بۆ ئەو تێچووە دەکەن و بارە مانایی و مێژوویی و فەرهەنگییەکەی پەراوێز دەخەن. پتەوکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەوانەی تێچووی ئەم ڕاپەڕینە دەدەن و هەروەها یارمەتیدان بەو هێزە بەخرۆشەی لە کۆت‌وبەندی ئایدیۆلۆژیی چەقبەستوو ڕزگار بووە و قسەی تازەی پێیە، گرینگترینی ئەو ئەرکانەیە کە ئەمڕۆ هەستی پێ دەکرێ. هەروەها شەفافیەت و ڕاشکاوی لە وتاردا ڕێگەی ئەوە دەگرێ کە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەش، وەکوو ڕابردوو بکرێ بە بەڵگەیە بۆ نکۆڵی و حاشا لە دواڕژدا. دەبێ ئەو ڕاستییە بە ئەرێنی وەربگرین کە نە لە ستراکچری دەسەڵاتی ئیستبدادیی مودێڕن و نە لە ڕای گشتیی بەزۆی شوێنکەوتە کراودا، نەک هەر ڕۆچنەیەک بۆ مامەڵە و لێکتێگەیشتن نییە؛ بەڵکوو وەکوو هێڵێکی سوور سەیر ئەکرێ. تێچووی لابردنی باری گرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لەسەر شانی ئەوانەیە کە لەم ڕۆژانە لەشەڕی گێڕانەوەدا پەراوێز خراون.

و ئەوەش ئێمە لەڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە ئەرکدار دەکات ئەو گێڕانەوەیە لە گشت ڕوویەکەوە تێک بشکێنین. ئەمە نەک کێشە و لەمپەر دروست ناکات، بەڵکوو ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ داهاتوو تا بەگێڕانەوەیەکی ساختەوە نەکەوینە نێو دۆخێکی کوتوپڕدا. بێگومان ڕەوایی و هێزی ئێمە زیاتر لەوەیە کە بە ساختەکاری پەردەپۆش بکرێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.