کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ خستنە سەر گەشتی ئیرشاد و ٧ بەرپرسی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی لەلایەن بریتانیاوە

11:51 - 19 رەزبەر 2722

دەوڵەتی بریتانیا سەبارەت بە سەرکوتە خوێناوییەکانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی ئێران گەمارۆی خستە سەر گەشتی ئیرشاد و ٧ بەرپرسی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی.

دەوڵەتی بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە گەمارۆی خستووەتە سەر گەشتی ئیرشاد و ٧ بەرپرسی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە هەڕەشەی چەند دەیەی گەشتی ئیرشاد بەدژی ژنان ئێرانی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی حیجاب هەڵسوکەوتیان لە شوێنە گشتییەکان، باسی لەوە کردووە کە بریتانیا تەواوی ئەو ناوەندە سەرکوتکەر و هەروەها محەممەد ڕۆستەمیی‌ چەشمگەچی، بەرپرسی ئەو ناوەندە و حاجی ئەحمەد میرزایی، بەرپرسی بەشی تارانی ئەو ناوەندەی خستووەتە لیسی گەمارۆکانیەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو کەسانەی دیکە کە خراونەتە لیستی گەمارۆوە بریتین لە؛ غوڵامڕەزا سولەیمانی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی "موستەعزەفین"؛ حەسەن کەرەمی، فەرماندەی یەگانە تایبەتەکانی ناجا؛ حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی گشتیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سێ بەرپرسی پلەبەرزی دیکە کە بەهۆی بەشدارییان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ئەمساڵ و هەروەها سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لەلایەن دەوڵەتی بریتانیاوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.