کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" لە مەهاباد بەرز و بەرزتر دەبێ

12:07 - 19 رەزبەر 2722

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان و ئێران بەدژی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بەردەوامە و تا دێت خەڵک لێبڕاوانەتر بەرەوڕووی ڕێژیمی داگیرکەر دەبنەوە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری مەهاباد لە هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕانەدا لە چوارڕێیانی بیمەسووتاو نزیک بە دەنگ‌وڕەنگی ڕێژیم، ئاڵایەکی کوردستانیان هەڵدا و بەو کارە ورە و ئیرادەیەکی دیکەیان بە خەڵکی شار بەخشی و بوونی ڕێژیمی داگیرکەریان بەگاڵتە گرت. 

شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەریش، لە شاری مەهاباد لە باڵاخانەکانی "ڕۆناس"ی ئەو شارە خەڵک لەسەر پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان وتووەتەوە.

ئەو سەرچاوە باس لەوە دەکات کە دەنگی دروشمەکانی خەڵک ئەوەندە بەرز بووە کە دواتر هێزەکانی ئیتلاعات گەیشتوونەتە شوێنەکە و بە هەڕەشە و توندوتیژیی زۆرەوە هەوڵی بێدەنگکردنی خەڵکیان داوە.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی ڕەزبەریش لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە گەڕەکەکانی "زەوییەکانی شارەداری" و "کانی سۆفی ڕەشید" لە تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم کچێک کەوتە دەستی هێزەکانی ڕێژیم و لێی درا، بەڵام خەڵک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ڕێژیم و لە دەستی ئەوان ڕزگاریان کرد.