![](/content/upload/1/news/56035_w920.jpg)
خوێندکارانی زیاتر لە ١٠٠ زانکۆ لە چوونە سەر وانەکانی خوێندن خۆیان بوارد و بە کۆبوونەوە لە حەوشەی زانکۆ، لەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا.
وەزارەتی علوومی ڕێژیم کە بۆ کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە کاردانەوە بە کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرکوتی خۆپیشاندەران لەسەر شەقام وانەکانی خوێندنی ئانلاین کردبوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەرەوە دەرکی زانکۆکان بۆ خوێندنی ڕاستەوخۆ دەکرێتەوە. خوێندکارەکانیش یەکەم ڕۆژی خوێندنی حزووری و کۆبوونەوە لە دەوری یەکتریان کرد بە دەرفەتێک بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژی کۆماری ئیسلامی. خوێندکاران لە زیاتر لە سەد زانکۆ لە دژی کاربەدەستانی ڕێژیم دروشمیان بەرز کردەوە و دەنگی "مەرگ بۆ دیکتاتور" و "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو زانکۆکانی داگرت.
شوڕا سنفییەکانی خوێندکاران هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی خوێندکاران ڕایگەیاندوە کە هێزکانی سەرکوتگەری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە دامەزران لە دەوروبەری زانکۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر خوێندکاران و بە باتوم بەربوونەتە گیانیان و لە هەندێک زانکۆ بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردوونە سەر.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندکارانی زیاتر لە ١١١ی زانکۆی ئێران لە بەیاننامەی بەجیادا ڕایانگەیاندبوو بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی وەزاڵەهاتووی کۆمەڵگە و مەحکوومکردنی جینایەت و گرتن و سەرکوتی خوێندکاران مان دەگرن و ناچنە سەر پۆلەکانی خوێندن.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەتا ئێستا لانیکەم ٥٠ خوێندکاریان دەسبەسەر کردوە.