کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: پشتیوانیی لە شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دەکەین

12:35 - 19 رەزبەر 2722

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەرەوڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە خۆپیشاندەرانی ئێرانی سەرکوت دەکەن.

جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەزبەر، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی ئەمریکا لە سەرهەڵدانی شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی، پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەمریکا ئەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران سزا دەدا کە خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەب و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی توندتیژییەوە کۆتایی بە داوای مافی ڕەوای خەڵکی ئێران بێنن.

سالیوان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: تەواوی جیهان چاوەدێریی ڕووداوەکانی ئێران دەکا و بە چاوی خۆیان دەبینن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕەندانە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن و دەیانکوژن و سەرۆک‌کۆماری ڕێژیمی ئێرانیش خۆپیشاندەران بە "مێش و مێشوولە" ناو دەبا. ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوا.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەڵێ ئەمریکا لەو بارەیەوە بەتەواوی پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دەکا و ئەو کەسانەش کە بە شێوەی توندوتیژی هێرش بکەنە سەر خۆپیشاندەران و دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک کپ بکەن، بەتوندی سزای دەدرێن.