کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگری یان هێرش؟

13:45 - 19 رەزبەر 2722

حیسام دەست‌پیش

لەو ڕۆژەوە "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە هێما و ڕەمزی هەستانەوەی ئەمجارەی کوردستان و لەو ڕۆژەوە خەباتکارانی شار ئیرادەی خۆیان لە سەر شەقامەکانی وڵات بە خۆپێشاندان، بەرخۆدان و مانگرتن پێشان داوە، بابەتێک هاتۆتە بەرباس کە چۆنە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن ناچین؟ واتا بۆچی تەنیا شەقامەکانی کوردستان دەبنە گۆڕەپانی بەرگری و خەباتکارانی شاخ تەنگ بە دوژمن هەڵناچنن؟

ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مەیداندا بێ و پارێزگاری لە کەرامەت و گیانی مرۆڤە کوردستانی بکات، گومانی تێدا نییە و ئەرکی ئەوانە وەک هێزی پارێزگاری لە نیشتمان و خەڵکی کوردستان ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێ بگەیەنن. بەڵام پرسە گەورەکە ئەوەیە کە ئاخۆ دەرنەکەوتنیان لەوەها قۆناغێکدا بۆچی دەگەڕێتەوە و بە چ مانایەکە.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە فەلسەفەی دامەزرانی بۆ پارێزگاریی لە خاک و خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، پێناچێ بەرپرسیارێتیی خۆی لەبیر کردبێ. بەڵام پێدەچێ پێشمەرگە بڕێک ئەولاتر بڕوانێت. ئەو دوورڕوانینە کە تێیدا شار باڵای بە قەد قەندیل، ئاویەر، شاهۆ ، داڵاهۆ و مانێشت گەورە بووە و قەڵای داگیرکەری هەژاندووە، ئاخۆ درووستە کە ڕێگای گەورەبوونی ئەم باڵایە بگیردرێ لەم قۆناغەدا گۆڕەپانی ململانێکە بگوازرێتەوە بۆ تەنیا کۆماری ئیسلامی و هێزی پێشمەرگە؟ یان ئاخۆ دەکرێ وێنای خەباتێک بکەین کە تێدا کۆمەڵگە باڵای بە ڕادەی باڵای شاخ بەرز نەبێ و لە دواڕۆژی ڕزگاری و ئازادیدا شان لە شانی دامەزرانی کۆمەڵگەیەکی خاوەن سەروەری نەدەین؟

ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی کوردستاندا دەگوزەرێ وێنایەکی ڕوون لە داهاتووی ئەم نیشتمانەیە کە تێدا نەخشەی ژیانێکی باشتر دەنەخشێنێ. ژیانێک کە تیایدا نەک تەنیا قوتابخانەیەکە بۆ فێربوون، بەڵکوو وانەکانی ئاودیوی ئەولاتری خۆرهەڵات بوون و بە شارەکانی ئێراندا بڵاو بوونەتەوە. ئەم وانەیە خوڵقێنەری هەیمەنەیەکی نوێیە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان کە لەوێدا بە هێزی نەرمی ئاوێتە بە بەرخۆدان، قەڵای داگیرکەر بەرانبەر بە کوردستان ڕادەماڵێ و ئەوەی تا دوێنێ پاسدارە جیهادییەکانی بۆ کوردستان ڕەوانە دەکرد، لەمڕۆدا وانەکانی کوردستان بوونەتە دەنک و ئیرادەیەک کە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی خستۆتە لەرزە.

ئێمە وەک کوردستان هەزاران فیداکاری و قوربانیمان لە ڕێگای ڕزگاری و ئازادیدا داوە و ئەو فیداکاریانە مانەوەی ئێمەی مسۆگەر کردووە. بەڵام ئێستا زیاترمان باڵ کردووە و هەموو دەوروبەری خۆمانمان خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆمانەوە. چەک دەتوانێ تا ماوەیەک بمانپارێزێ، بەڵام ئەگەر ئیرادەی کۆمەڵگەیشی لەگەڵ بێ، هێز نیە جووڵەمان پێ بکات و هێز نییە لار چاو لە کوردستان بکات. ئەوەی هەیە گرێدانی هەمیشەیی ئیرادەی نیشتمانێکە. نە بەرگری و نە هێرشە، بەڵکوو شەپۆلە، شەپۆلی بەهاکانی کوردستان بۆ ئەو دیوی سنورەکان. سوپای ئێمە لە ئێستادا بە چەکی مانا، سیمبول و ئیرادە تەیار بووە کە هەمووان دەخاتە ژێر گاریگەریی خۆیەوە.

لە دواییدا دەبێ بگوترێ هاوکێشەیەک کە ئێستا لە ئارادا هەیە لە بەرگری و هێرشدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو لە ئیرادە و سەلماندنیدا واتا پەیدا دەکات. ئیرادەی کۆمەڵگە بە هەموو لق وپۆپەکانیەوە. پارێزەرانی کوردستان لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم کۆمەڵگەیەدا بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە نایبینن مانای ئەوە نییە کە نابەرپرسیارە، بەپێچەوانە هاوکاری گەورەبوونی لانکەی هەمیشەیی کوردستانیبوونە.

ئەو ڕۆژە نزیکە.