کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شۆڕش و شاخ (حەمە ئاسنگەرانی)

15:25 - 19 رەزبەر 2722

برایم چووکەڵی

ئەوەی بەلای مرۆڤە مەزنەکان و ئینسانە هەڵکەوتووەکانەوە زۆر زیاتر لە چەمکی بوون یا نەبوون گرینگی پەیدا کردوە، کەیفییەت ‌و بایەخە بەرزەکانی ژیان و ئینسانییەتە کە خود واتایەکی سەدچەندان و پیرۆزی بەم چەمکە بەخشیوە. لای مرۆڤە سەربەرز و ئازادەکان ئەوەی گرینگە چۆن بوون و چۆن ژیانە کە ڕەهەندێکی واڵاتر بە ئینسان و ئینسانییەت دەبەخشێ کە واتە گرینگ چۆن بوونە، ئەو ڕەهەندە بەرزەی کە لەهەر دەورەیەکدا تەنیا لە سیمای ژمارەیەکی کەم مرۆڤەکاندا خۆ دەنوێنێ.

بە چاوخشاندنێکی کورت بە سەر کارنامەی قارەمانانی هێزی "بێستوون"دا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو هێزە زۆر سیمای ناسراوی تێدابووە کە بە خوێنی خۆیان داری ئازادییان ئاو داوە و تەنانەت ئالای خەباتیان هەرشکاوە ڕاگرت، قارەمانانی وەک شاپوور فیروزی، سالار ئیبراهیمی، محەممەدکەریم نەدیمی، ئەحلە میسری‌ و مینبەرییەکان و سەدان شەهیدی دیکە کە بە خوێنی خۆیان شانازیی خۆڕاگریی نەتەوەیەکیان تۆمار کردووە. لە "هەگبەی شاخ و شۆش"ی ئەمجارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا لاپەڕەکانی ژیانی قارەمانێکی وەک محەممەد محەممەدی ناسراو بە "حەمە ئاسنگەرانی" لە هێزی بێستوون هەڵدەدەینەوە و یاد و ناوی بەرز ڕادەگرین.  

شەهید محەممەد محەممەدی ناسراو بە (حەمە ئاسنگەرانی) ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە ئاوایی ئاسنگەرانی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکیش چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. بەرەبەرە کە گەورە بوو، کتێبی بەدەستەوە گرت ‌و ڕووی لە قوتابخانە کرد. پۆلەکانی سەرەتایی خوێندنی لە گوندەکەی خۆیان تەواو کرد، بەڵام بەداخەوە وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمەی کوردستان نەیتوانی لەوە زیاتر درێژە بە خوێندن بدا و وێڕای بنەماڵەکەی ڕووی لە کاری وەرزێری کرد و پاشان بۆ بەدەست‌هێنانی ژیانێکی باشتر ڕووی لە شارەکانی ئەهواز و ئابادان کرد.

محەممەد تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لەو شارانە کاری کرێکاری کرد. پاش هاتنەسەرکاری ڕێژیـمی ئاخوندی و دەست بەسەر داگرتنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران‌ و بەتایبەتی گەلی کورد لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە، محەممەد خۆی بە بنکەی حیزبی ناساند و یەکێک لەو لاوانە بوو بە هەموو تواناوە ئەرکی حیزبی بەرێوە دەبرد. کاتێکیش کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر شاری کامیاران، حەمە ئاسنگەرانی لەو کەسانە بوو بۆ دیفاع لە خەڵکی شارەکەی لە ڕیزی تیکۆشەرانی دێموکراتدا سازمان درا و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا بەرگریی لە شارەکەی دەکرد.

دوای گرتنەوەی شاری کامیاران وێرای هاوسەنگەرانی چیاو دۆڵ‌و شاخەکانی کوردستانی لە دوژمن کردە دۆزەخ ‌و لە چەندین شەڕی قارەمانانە‌دا وەک شەڕی ماویان، پشتە، ئەلەک، ماراو، کوڕەدەرە، تەختی زەنگیهدا وێرای هاوسەنگەرانی دەرسێکی باشیان بە هێزی کۆنەپەرەستی دا، و نیشانی دا کە بەڕاستی ڕۆڵەیەکی لێهاتوو، فیداکار و بوێرە.

حەمە لە هاوینی ١٣٦٠ لە شەڕی قارەمانانەی نێوان گوندەکانی "کوڕەدەرە" و "تەختی زەنگی‌"دا بریندار بوو، و پاش سارێژبوونەوەی برینەکەی بە ورەیەکی بەرزترەوە گەڕاوە سەنگەر و ئازایانە بەگژ دوژمندا دەچۆوە.

حەمە ئاسنگەرانی بە هۆی لێزانی و هەڵسوورانی بێ‌وچان بوو بە ئەندامی کومیتەی شارستانی کامیاران. ئەو سەرەڕای ئەوەی کادرێکی خۆشەویست لەنێو خەڵک‌ و هاوسەنگەرانیدا بوو، هەمیشە وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان لە شەڕەکاندا بەشداریی دەکرد. ئازایەتی، فیداکاری، بوێری و خۆشەویستی لەنێو هاوسەنگەرانیدا لەو تایبەتمەندییانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا لەلایەن کومیتەی کرماشان‌ و ‌هێزی بێستوونەوە وەک فەرماندەری لکی "شەهید نادر" دیاری بکرێ.

شەهید محەممەد ئاسنگەرانی لەو ماوەیە‌دا وەک فەرماندەیەکی بەتوانا، شیاوی ئەو ئەرکە بوو کە پێی ئەسپێردرابوو. ئەو لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە توازوع، ڕووخۆش و زۆر دۆستانە کارەکانی لەگەڵ پێشمەرگەکان بەڕێوە دەبرد. هەر لەم کاتە‌دا ئەوەندی لەگەڵ پیشمەرگەکان لەسەرەخۆ بوو، سەت هێندە لەبەرانبەر دوژمندا توند و چالاک ‌و هەلمەت‌بەر بوو.

شەوی ١٦ی جۆزەردان ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی پیشمەرگەکانی هیزی بێستوون و زرێباری مەریوان لە سەعاتی  ١١ی شەودا ‌هێرشیان کردە سەر پایەگای دوژمن لە گوندی وێزیەر. شەڕێکی گەرم لەنێوان هێزی پیشمەرگە لەلایەک و هێزی دوژمن لەلایەکی دیکە دەستی پی کرد. پاش شەڕێکی قارەمانانە زەبرێکی کاریگەریان لە دوژمن وەشاند. کوڕی تیکۆشەری قارەمان بە فەرماندەیی حەمەی ئاسنگەران هەڵمەتی بۆ دوژمن دەبرد، بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی شەڕ‌دا گوللەی جینایەتکاران و خۆفرۆشان سینگی ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان فەرماندە حەمەی دڕی و خوێنی پاکی کەوتە سەر خاکی پاکی کوردستان.

هەر چوارتەنیشتی گیرابوو

لەسەنگەرێکدا بە تەنێ

ئەو لاوەی بەڵێنی دابوو

هەتاکوو مردن چەک دانەنێ

 

پشووسوار و گەروو وشک

گەرم ببوو چەکی دەستی

بەڵام هێشتا نەلەرزیبوو

دڵی پڕ لە هیوا و هەستی

 

هەرچەندە ئاڵقەی گەمارۆ

هەروا دەهات تەنگتر دەبوو

ئه‌ستێرەی هیوای دەدرەوشی

تا وەخت درەنگتر دەبوو

 

دیسان خوێنی قارەمانێک

نەخشاندی ڕێگای ڕزگاری

دیسان لاپەڕێکی ڕەشتر

کەوتە سەر مێژووی زۆرداری

 

لەنێو خوێندا دەتلێتەوە

لاوی بەزیپک و بە سبات

بەڵام هەروا دەچێتە پێش

بێ‌وچان کاروانی خه‌بات

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.