کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکسانیخوازی بە زەبری زیندان و فیشەک

15:33 - 19 رەزبەر 2722

دارسمە

کۆماری ئیسلامی ماوەی ٤٤ ساڵی ڕەبەقە خەریکی پتەوکردنی دەستەڵاتە. قسەی خۆمان بێت هێشتا ٤٤ ساڵەکەی تەواو نەکردووە و خوا بەوێ ڕۆژێ نەکات ٢٢ی ڕێبەندانی داهاتوو چل و چوارەی تەواو دەکات و پێ دەنێتە چل و پێنج ساڵی.

ئەم کۆماری ئیسلامییە لە ماوەی ئەو سی و سێ ساڵ و چەند مانگەی تەمەنیدا هەر هاوار دەکات و دەڵێت ئێمە یەکسانیخوازین و خەڵکیش بڕوای پێ‌ ناکات. لە یەکەم ڕۆژانی دەستەڵاتدا دامەزراندنی بونیادی موستەزعەفان و جانبازان و ئاستانی قودسی ڕەزەوەی بە مەبەستی پیادەکردنی یەکسانی لە نێوان ئاحادی ئۆمەتی هەمیشە در سەحنە دامەزراند. ڕێبەران و شارەزایان و تیۆری‌زانانی ئیسلامی هەر زوو بەم ئاکامە گەیشتن ناتوانن هەموو خەڵکی ئێران بکەن بە خاوەنی کار و پیشە و پارەداریان بکەن و زانیشیان پێداویستیی بەڕێوەبردنی ئەم هەموو خەڵکەیان بۆ جێبەجێ نابێت و بیریان لەوە کردەوە هەموو خەڵک هەژار بکەن.

ئەگەر خەڵک هەموویان یان هیچ نەبێت زۆربەی دانێشتووانی ئێران بکەونە ژێر هێڵی هەژاریەوە، بۆ گەیشتن بە یەکسانیی خەڵک هەنگاوێکی زۆر گەورەیە. جا بونیادی موستەزعەفان و جانبازان و هەر وا بێتەوە ئاستانی قودسی ڕەزەوی بە یارمەتیی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران ئەرکی کۆکردنەوەی سەرەوت و سامانی ئێرانیان گرتەئەستۆ. بەڕێوەبەرانی خاوەن تەگبیر و تێگەیشتووی دەستەڵاتی ئیسلامی زوو زانیان ئەگەر خۆیان برسی بن، لە بەڕێوەبردنی بەرنامەی یەکسانی‌سازیدا سەر ناکەون. هەر لەبەر ئەمەش بوو بەشێکی بەرچاوی ئەو پارەیەی لە ڕێگەی سێ دەزگای بونیادی موستەزعەفان و جانبازان و ئاستانی قودسی ڕەزەوەی و قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانەوە کۆیان دەکردەوە دایان بە بەرپرسانی دەسەڵات. ئەو بەرپرسانەش بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵین ئەنباشت واتە کەوتنەسەریەکی سەروەت و سامان ڕوو نەدات، بەشی بەرچاوی پارەکەیان ناردە بانکەکانی دەرەوە یان لە وڵاتانی دیکە کارگە و مارگەیان پێ دامەزراند. ئەوان بەم کارەیان لەلایەک نەیانهێشت سەروەت و سامان لەنێو وڵات بکەوێتە سەریەک و لەلایەکی دیکەوە نایەکسانیی وڵاتانی نەیاریان پێ زیاتر کرد.

لەم لاوە بونیادی موستەزعەفان و جانبازان و ئاستانی قودسی ڕەزەوەی و قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران بەیەکەوە دەستیان دایە دەستی یەک و پارەی زیادەیان بۆ مووشەک و فرۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دانا و بەشێکیشیان کردە مووچە و مەعاشی ئەو خەڵکەی لە عێراق و یەمەن و لوبنان و سوریە شەڕیان بۆ دەکردن. دیارە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە دامەزراندنی بنکەی خۆی لە وڵاتانی دەوروبەر دەیهەویست لەو وڵاتانەش دەست بە یەکسانی‌سازی بکات و لە هەندێکیاندا هەتا ڕادەیەک سەریش کەوت.

ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا بوو کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدا بوو یەکسانیی ڕەگەزیش بسەپێنێت و بۆ ئەمەیان ناچار بوو نەخشەیەکی باش دابڕێژێت. دیارە کاتێک شەڕێکی وەک شەڕی یەمەن و عێراق و لوبنان و سووریه دەقەومێت، لەبەر ئەوەی زیاتر پیاوان لەبەرەی شەڕن ئەوان کوژراویان زۆر دەبێت و زۆر لە کچان یان شوویان دەست ناکەوێت و یان دوای شووکردن هاوسەرانیان لە جەنگدا دەکوژرێن و خۆیان بێ‌مێرد دەمێننەوە. دیارە دەوڵەت و دەسەڵاتیش، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و بەگوێرەی یاسا و ڕێنوێنییەکانی ئەم دەسەڵاتەش ژن دەبێ لە ژوورەوە دانیشێت و وێڕای بەخێوکردنی منداڵان نان و چێشتی جەنگاوەرانیش ساز بکات. بە هۆی ئەم جۆرە پرۆژە و بەرنامەیەی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە هەموو ناوچەکە، ژنان لەزیاد بوون بوون و پیاوان کەمیان دەکرد. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی ژنانی بێکار لە قوتابخانە و زانکۆیانیش خەریکی خوێندن بن و بەتەواوی پارسەنگیان بەسەر پیاواندا بشکێتەوە. وای لێ هات ماموستا و ئەندازیار و پزیشک و کۆمەڵناس و مۆمەڵناس و هەزار پسپۆڕ و مسپۆڕی جۆراوجۆریان لێ کەوتەوە و ئێستا ژنان خەریکن هەموو شتێک وەبن خۆیان دەدەن. ئەگەر ئەمەش ڕێگەچارەیەکی بۆ نەدۆزرابایەوە، یەکجاری هەموو شتێک دەکەوتە دەست ژنان و هەر بەدوور نەبوو لە داهاتوویەکی نزیکدا داوای پشنوێژی‌کردن و سەرۆک‌کۆماریەتی بکەن و ڕەنگبوو ببن به هەڕەشە بۆسەر ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامییش. تەنانە ئەوەندە قایشیان لێ کێشابوو لەم دواییانە لە خۆپێشاندانان دروشمی وەک "تانک، توپ، نەفەربەر و هەرسێ نازانم چی و چییان" دەدا. هەر لەبەر ئەمەش بوو نیزامی موقەدەسی کۆماری ئیسلامی لێیان وەخۆ کەوت و بە بڵاوکردنەوەی گەشتی ئیرشاد تووڕەی کردن و وای لێ کردن وەخۆ بکەون و بەگژیاندا بێنەوە و ئەوانیش بۆ ئەوەی یەکسانیی دانیشتووانی ژن و پیاو لە سەرانسەری ئێرانی یەکپارچەدا لەنێوان ژنان و پیاوان بەرقەرار بێت، ئێستا دەستیان بە کوشتنی زیاتری ژنان کردووە. بەم جۆرە تۆڵەی کوژرانی پیاوان لەنێو حەشدی شەعبی و سوپای قودس و مودافیعانی حەرەم و چەکدارانی حووسی و سوپای فاتمیوون دەکرێتەوە و ئەگەر تەمەنی پڕ بەرەکەتی کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوە به حەول و قوەی بسیجیان جان بەرکەف نەک ژنانیش وەک پیاوان دەکوژرێن بەڵکوو ژنانی کوژراو لە پیاوانیش زیاتر دەبن و بەم جۆره یەکسانییەکی تەواو لە نێوان ژنان پیاواندا دروست دەبێت.

ئەدی بۆ دژمنانی قەسەم‌خوردەی نیزام دەڵێن کۆماری ئیسلامی یەکسانیخواز نییە؟

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.