کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆڵا دەشکێ بەڵام ناچەمێ

16:11 - 19 رەزبەر 2722

زانیار حوسێنی

پێشینیان دەڵێن بوێری بە باڵای کورد بڕاوە. کاتێک جینایەتی مووشکەبارانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕۆژی چوارشەممە ڕووی دا، پتر لە هەر کاتێک لە مانای قووڵی ئەو پەندە گەیشتن، چونکی بەچاوی خۆم دیتم کە قەڵای خۆڕاگریی ورە و باوەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات چۆن خۆی لەبەرانبەر مووشەک و ڕاکێت و درۆنەخۆکوژەکان ڕاگرت.

کۆماری ئیسلامی لەو ڕۆژەدا بە زانینی ئەوەی کە قەڵای دێموکرات پڕە لە ژن و منداڵی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، زیاتر لە پێنج کاتژمێر لەسەر یەک، ئەو شوێنەی بۆردومان کرد، بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەکی شەڕ و مافی مرۆڤانە لەبەرچاو بگرێ.

کۆماری ویلایەتی فەقیهـ کە بنچینەکانی دەسەڵاتی، لە نێوخۆی وڵات کەوتۆتە لەرزە و ترسی ڕووخانی لەسەر نیشتووە، ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە شایەتحاڵی خۆپێشاندان و مانگرتنە گشتییەکانە لە سەرانسەری ئێران. بەشێویەک کە خەوی لەچاو هەڵگیراوە و کەوتووەتە پەلەقاژە. هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کووشتنی بەئانقەستی ژینا ئەمینی؛ کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز کە بەدەست هێزەکانی گەشتی ئیرشاد دەسبەسەر کرا و بە شێوەیەکی دژەمرۆیی بەدەست ئەوانەوە کووژرا.

بەدوای ئەو ڕووداوە خەڵکی سەرانسەری ڕۆژهەڵات بەدەم بانگەوازی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە هاتن و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ژینا و ناڕەزایەتی‌دەربڕین سەبارەت بەم کردە دژەمرۆییە، ڕژانە سەرشەقامەکان و بە هەڵوێستێکی دروست و ئوسوولی و پڕمانا کە هەڵگری کولتوور و کۆمەڵگەی کوردەوارییە بەرەوڕووی ئەوجۆرە کردەوە قێزەونانەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران بوونەوە. ئەوەش خۆی بوو بە هەوێنی خۆپێشاندان لە شوێنە جیاوازەکانی نێو ئێران و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

لەڕاستیدا ژینا بوو بە بیانوویەک بۆ هەڵڕژاندنی زوڵم و سەرکوتی زیاتر لە چل‌وسێ ساڵەی ئەو دەسەڵاتە و وەک هەوێنێکی پڕ واتا بووە خاڵی هاوبەشی تەواوی گەلانی ئێران بۆ یەکگرتوویی و یەکدەنگی لەبەرانبەر دەسەڵاتداران. بەهۆی سەرکوتی دڕندانە و لە ڕادەبەدەری ئەوجارەش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زۆری نەبرد کە ژینا بوو بە کۆد و هێمایەکی تەواو دیار بۆ ڕزگاریی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران؛ بە شێوەیەک کە هەموو جیاوازییە ئیتنیکی، زمانی، کولتووری و چینایەتییەکان، ڕۆحی ژینایان کردۆتە پێشەنگی شۆڕش بە مەبەستی ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە تێرۆریسته.

کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ مافێکی خۆپێشاندان بۆ خەڵک قائیل نییە (تەنانەت بەپێی یاساکانی خۆشی) بەڵکوو دەست لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون و دڕەندانە بۆ کڕ و کپکردنی دەنگی خەڵک نابوێرێ و بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ هەموو جۆرە تاوانێک دەبات. لەو کاتەدا کە خەڵکی ئێران لەگەڵ قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، سیاسی و حقووقی بەرەوڕوون و ژیانیان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە کەوتووەتە مەترسییەوە، ئەوەی لەبیری دەسەڵاتدارانە تاڵانیی زیاتری وڵات و بێدەنگکردنی هەموو چینە ناڕازییەکانی خەڵکە، لەو کات و دۆخەدا، ئەو دەسەڵاتە تێرۆریستە بۆ بەلاڕێدابردنی ماف و ویستی خەڵک و دواکارییە ڕەوا و ئینسانییەکانیان دەستی کرد بە مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و چەسپاندنی مۆرکی جیاییخوازی بە خۆپێشاندەران و تێکدانی دۆخی ناوچەکە. لەڕاستیدا پیاوکوژانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ بە سازکردنی نائارامییەکی قووڵ و بەربەرین لەنێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هاوکات لەگەڵ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان و مانگرتنە گشتییەکانی خەڵک لەنێو بیروڕا جیاوازەکانی نێوخۆی وڵات و لاینگرانی گۆپاڵ بەدەستی خۆی، لە هەوڵی وەشاندنی زەبرێکی قورسدا بووە لە پەیکەرەی سیاسی_نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆوەی بە بە سەرکوتی هەمەلایەنەی گەلی کورد، ترس و دڵەڕاوکێش بخاتە نێو گەلانی دیکەی ئێرانەوە. هاوکات بە جموجۆڵی جۆراوجۆری نیزامی هەوڵی ئەوە دەدات کە باشووری کوردستان و بەغداش تێوەگلێنێ و بە سازکردنی دۆخێکی تۆقێنەر و سامناک لە سێبەری بێدەنگیی وڵاتانی جیهانی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، زەمانەتی مانەوەی خۆی بگەڕێنێتەوە نێو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و بەدەنەی خۆی. بەڵام هەر وەک لە مووشەک‌بارانەکەی 17ی خەرمانان دیترا ئەو هەڵە تاکتیکییەی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا ناحەزی و ڕووڕەشیی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا بۆ بەدواوە بووە، ئەوجارە بە دووپات‌کردنەوەی هەڵەی چوار ساڵ لەمەوبەر و لەو کاتەدا کە زۆرینەی دەنگ لە نەتەوەکانی ئێراندا داوای لاچوونی دەسەڵات و ڕووخانی ئەو سیستەمەیان هەیە، نەتەنیا نەیتوانی لە دەنگ و داواکانی خەڵک کەم بکاتەوە، بەپێچەوانە خێرایی بە پرۆسەی ڕووخان و لەنێوچوونی خۆی بەخشی و ئەمجارە بە لێدانی بنکە و بارەگاکانی ڕۆڵەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، زیاتر هاندەری ویست و داخوازییە جیاوازەکانی گەلانی نێو ئێران بوو. جگە لە ژینا، وانیار و ڕێڕەوانی وانیار و ناڕازییەکانی ئەو دەسەڵاتەی زیاتر لە جاران لە دەوری یەکدی کۆ کردەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ خاڵە هاوبەشەکان بۆ یەکگرتوویی و یەکدەنگیی زیاتری گەلانی ئێران پتر دەکات بۆ نەمانی ئەو سیستەمە کۆنەپەرست و دژە خەڵکییە. کۆماری ویلایەتی فەقیهـ وەک تاکێکی خنکاوی لێ هاتووە کە لە ترسی لەنێوچوونی دەسەڵات و داگیرکارییەکانی پەلاماری هەموو کردەوەیەک دەدا و پەنا بۆ هەموو جینایەتێک دەبات و لەو نێوەدا تەنیا شتێک کە لای گرینگە مانەوەی خۆیەتی بەنرخی گیانی تاک بە تاکی خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەر کوێی ئەو گۆی زەوییە کە بن؛ ئەمجارەش بەو کردەوە تێرۆریستییانە نیشان درا کە خەڵک و لایەن جۆراوجۆرەکانی سیاسی، مەدەنی  و خەڵکی زیاتر لەگەڵ کێن و  چ ئادرێسکیان پێ بەشێک لە خۆیان و داواکارییەکانی خۆیانە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.