کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوامە

17:42 - 19 رەزبەر 2722

لە بیست و پێنجەمین ڕۆژی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی ئێراندا کە لە کوردستان دەستی پێ کرد و کوردستان بە لێبڕاییەوە لەسەری بەردەوامە، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان درێژەیان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ڕەزبەر، لە شارەکانی مەهاباد، کرماشان و کامێران قوتابییان ڕژانە سەر شەقامەکان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ ڕێژیمی ئێران" خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لە بەندەری ئەنزەلی قوتابییان لە قوتابخانەکان بە کۆبوونەوە و وتنەوەی سروود دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووه.

لە شارەکانی ئابادان، ماهشەهر، عەسەلوویە، سەربەندەر، بەندەر عەباس و جەزیرەکانی هێنگام و خارک کە ئەو ناوچانە بە ناوچەی نەوتیی ئێران ناو دەبرێن، مانگرتن دەستیان پێ کردووە. جگە لەو شوێنانە لە شیرکەتی پاڵاوگەی گازی "بید بۆلەند" و هەروەها شاری "مەسجد سولەیمان" لە پارێزگای ئەلئەحواز خەڵک لە حاڵەتی مانگرتن‌دان و خۆیان بۆ خۆپیشاندان ڕێک‌دەخەن.

لەلایەکی دیکەوە گرووپی لاوانی گەڕەکەکانی تاران لە بەیاننامەیەکی نوێدا داوایان لە هەموو خەڵکی ئێران کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری سنە و کرێکارانی عەسەلوویە و خەڵکی زاهیدان بێنە مەیدان و درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن.

ئەو لاوانە جەختیان لە هاوپێوەندی و پێکەوەبوونی هەموو پێکهاتەکانی وڵات کردووە و داوا دەکەن هەموو خەڵکی ئێران بە پشتیوانی یەکتر بۆ ڕوخانی ڕێژیمی ئێران تێ‌بکۆشن.