کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی ناوی ٣١ شەهیدی ڕاپەڕینەکەی کوردستان

21:58 - 19 رەزبەر 2722

لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا دەیان کەس لە کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون کە ناوی ٣١ کەس لەوان ئاشكرا بووە.

لە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانەوە کە مانگرتنی مەدەنی و شارستانییانەی خەڵکی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی کوژرانی حکوومەتیی ژینا ئەمینی خەڵتانی خوێن کرا، هەتا ئێستا دەیان کەس لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوون کە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوانی زانیوە.

هەر لە ڕەوتی ئەو ڕاپەڕینەدا سەدان کەسی دیکە بریندار بوون کە بەشی زۆریان لە ترسی دەسبەسەرکران هەر لە ماڵەکان چارەسەریان بۆ دەکرێ و تەنیا ناوی نیزیک بە ٢٠٠ کەس لەوان زاندراوە کە بەهۆی قورسیی برینەکانیان ناچار بوون بۆ نەخۆشخانەکانیان ببەن. 

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٢٥٠٠ کەسیش لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیراون کە بە ناو و ناسناوی ٣٨٦ کەس لەوان زاندراوە.