ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانیی لە بانگەوازی ناڕەزایەتیدەربڕینی سەرانسەریی سبەی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەر کرد.
ناوەندی هاوکاری داوای لە خەڵکی کوردستان کردوە سبەی دوانیوەڕۆ لە هەموو شارەکان لە گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکانی شار کۆببنەوە و دژی زوڵم و بێدادیی کۆماری ئیسلامی دروشم و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەرز کەنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری:
لە بانگەوازێکدا کە لەلایەن "لاوانی گەڕەک و کۆڵانەکانەکانی تاران" و چەندین گرووپی دیکە لە خەڵکی ناڕازیی بڵاو بووەتەوە، داوا کراوە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەر بۆ پشتیوانی و هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵکی سنە، کرێکارانی عەسەلوویە و خەڵکی زاهیدان لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆوە هەتا بەرەبەیان بێنە سەر شەقام و، لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بەردەوام بن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای پشتیوانیی لەو بانگەوازانە، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران دەکا، سبەی دوانیوەڕۆ ٢٠ی ڕەزبەر لە هەموو گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان کۆببنەوە و جارێکی دیکەش لەدژی زوڵم و سەرەڕۆیی و دیکتاتۆریی ڕێژیم، دەنگ و دروشمەکانیان بەرز کەنەوە.
بژی یەکیەتی و هاوپێوەندیی خەڵکی خەباتگێڕی ئێران،
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١