کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو لە ژنانی ئێران و کوردستان

22:44 - 19 رەزبەر 2722

ژنانی ئازادیخوازی ئێران!

خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران!

 ڕۆژگارێکی پڕ لە حەماسە تێپەڕ دەکەین، ژنان بە ئاگرتێبەردان و فڕێدانی گەورەترین هێمای ئاپارتایدی ڕەگەزی خەریکی پێناسەکردنەوەی خۆیبوونیان لە ئێراندان. هەنگاوەکانیان لە داڕشتنەوەی یاسایەک نزیک بووەتەوە کە ئاپارتایدی ڕەگەزی بۆ هەمیشە دەنێتە چاڵ. یەکگرتوویی ئەم دواییانەی خەڵک بە ڕێبەرایەتیی ژنان، زیاتر لە ڕابردوو هیوای بونیاتنانەوەی دەسەڵاتێکی بەتاڵ لە هەموو هەڵاواردنە ڕەگەزی، ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەم جوغرافیایەی لە دڵدا زیندوو کردووەتەوە و بووەتە هۆی چێ‌بوونی هاودڵییەکی بێ‌وێنە لە مێژووی ئێراندا. کچێکی کوردستانی وەکوو هێمایەک لە هەموو هەڵاواردنە پێکهاتەییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاچی حیجاب درا. بەڵام ژنان بە هێنانەخوارەوە و ئاگرتێبەردانی ئاڵای ڕەش و داعش‌ئاسای کۆماری ئیسلامی لە سەر و ملی خۆیان، کۆتاییان بە دەسەڵاتی سیمبولیکی ٤٣ ساڵەی هێنا و، ژینا، ژنی قوربانیی هەڵاواردنەکانیان بە دروشمی: "ژن، ژیان، ئازادی"، کردە ڕەمزێکی هەرمان بۆ هەموو شێوازەکانی یەکسانیخوازی لە ئێراندا.

ئەوان  هەم جەستەی ژنیان لە یەخسیریی کۆنەپەرستی ڕزگار کرد و هەم لەگەڵ بنەماڵەی ژینا، کوردستان و هەموو خەڵکیش پەیمانی هاودڵییان واژۆ کرد و بنەڕەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان بۆ ئەمجارە لەسەر بنەمایەکی ئینسانی‌تر و بەبێ بوونی کۆماری ئیسلامی دامەزراند.

حیزبەکانی کوردستان وەک چوار دەیەی ڕابردوو، بەبێ تەما و چاوەڕوانی لە دەرەوەی کوردستان، تەنیا داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان لە کوردستان کرد، بەلام هاوهەنگاویی سەرتاسەریی خەڵک، کۆتایی بەم نیگەرانییە هێنا. عەشقی گەیشتن بە ڕزگاری، بڕوامەند بوون بە ئازاد و ژیانی مرۆڤانە بە پێشەنگایەتیی ژنان، دەڵێی فۆرمووڵ و ڕێگەچارەی ونبووی ئازادی و یەکگرتوویی هەموو خەڵکانی ئەم جوغرافیایە بووە، مخابن کە تەنیا شەهیدبوونی تراژیکی ژینا ئاگایی هەبوونی ئەم هاوپێوەندی و یەکبوونە قووڵەی بەدوای خۆێدا هێنا.

ژنانی ئازادی ئێران!

ژن لە کۆماری ئیسلامیدا هاووڵاتی نییە. لە ئێراندا سیستمە دیکتاتۆر و چەقبەستووەکان جەستەی ژنیان کردووەتە کەرەستەیەک بۆ بەهێزبوونی دەسەلاتەکەیان و لەپێناو پەرەپێدان و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی پیاوسالارانەی خۆیان بە ئیدیعای ئازادکردنی ژن یان پێناسەکردنی جەستەی وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەخلاق و حەیای گشتی، بکەر بوون و ڕەگەزی ژنیان کردووەتە پرسێکی ئەمنییەتی و لەم ڕێگایەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە مانای ڕاستەقینەی خۆی بێبەری کردووە. کەڵکوەرگرتن لە جەستەی ژن وەکوو دەرفەتێک بۆ دەرخستن و پێناسەی پۆلیسی ئەخلاق و دەسەڵاتی پیاوسالار، نەتەنیا پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی بەڵکوو دەرفەت بۆ بنەڕەتی‌کردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن و بەهێزترکردنەوەی ساختاری هەڵاواردنەکانە. ڕێک ئەو شتەی کە کۆماری ئیسلامی لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لە کوردستان تێیدا سەرکەوتوو بووە. لە ڕێگەی بە ناوەندکردنی پیاوی فارسی شیعەوە بوو کە نیزامی ئیسلامی توانیی جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن جێگیر بکات و "ئەم" و "ئەوی تر"، وەکوو ئەخلاقێکی گشتی و جیانەکراو لە دەسەڵات و سیستەمی حقوقی پێناسە بکات کە بە زاڵكردنی فەرهەنگی هەلاواردن، تا جێگایەک کە بۆی لوا، لەدایکبوونی ئاڵترناتیڤێکی دێموکراتی، گشتگیر و بەدوور لە هەڵاواردنی زمانی و ئێتنیکیی لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ دەیان ساڵ لەنێو برد.

ئەم سیستەمی هەلاورادنە ڕێک دیاردەیەکە کە هەر ژنێک، هەر کوردێک، هەر بەلووچێک، هەر گیلەکییەک، هەر تورکێک و هەر لوڕێکیش ئەم ڕۆژانە، ئەزموونی کردووە.  هیچ ژنێکی ئێرانی، هیچ کەسێکی سوننی، هیچ بەلووچێک، هیچ لوڕێک، هیچ تورکێک و هیچ کوردێک خۆیان بە هاووڵاتی نازانن و بۆ خۆیان لە دەسەڵاتدا پشک و دەرفەتێک نابینین. هەموو ئەمانە لە ئەگەری ملکەچ‌نەبوون بۆ دەسەڵات، تووشی هەڵاواردنی ئەمنییەتی دەبن و هەست بە مەترسی و هەڕەشە دەکەن. هیچکامیان دڵنیا نین کەی و لەکوێ ئەگەری هەیە وەکوو تێکدەری ئەمنەییەت پێناسەیان بۆ بکرێ و تووشی چارەنووسی ژینا نەبن.

کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد و ئەو بەلووچانەی کە سووتەمەنی دەگوازنەوە جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە دەکەنەوە.

ژنانی ئازادی ئێران!

ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز، دەبێ یا وەکوو پێشوو بە درووستکردنی سیستەمێک کە هەموو وەکوو یەک پێناسە دەکات  و دەسەڵاتەکەی لەسەر بنەمای هەڵاواردنی دووبارە دەست بۆ لەنێوبردنی جیاوازەکان دەبات،  شوناسی ڕاستەقینە پەراوێز بخەین، یا بە قەبووڵکردنی جۆراوجۆریی شوناس و بەفەرمی ناسینی جیاوازییەکان بۆ دامەزراندنی ڕێژیمیکی سیاسیی دێموکراتیکی ڕێککەوتنی بۆ دەسەڵاتێکی هاوبەش و بە دوور لە هەلاواردن تێبکۆشین.

سیستەمێکی دێموکراتیک کە هەموو جۆرە یاسایەکی ڕەگەزی، ئێتنیکی، مەزهەبی و زمانی وەلا بنێت و بە وێژمانێکی گشتگیر کە ڕەنگدانەوەی هەموو ڕەگەزەکان، ڕەنگەکان، دەنگ و زمانەکان بێت. ژنانی ئێران وەکوو قوربانییانی دەیان هەڵاواردنی ساختاری دەبێ خۆیان بونیاتنەری ساختار و پێکهاتەی داهاتوو بن تاکوو بتوانن خۆیان لەوێدا بدۆزنەوە و سەرلەنوێ پێناسەی بکەنەوە و، لە پیناسە و لە مافی دەسەڵاتدارێتیدا خۆیان یەکسان و بەشدار بزانن و نیگەرانی دووپاتبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو و ئیمکانی سەرکوت بەهۆی هەبوونی جیاوازییەکانیانەوە نەبن.

ژنانی وەزاڵەهاتووی ئێران!

زیاتر لە یەک سەدە پێش ئێستا بیبی مریەمی بەختیاری، بە ئازادکردنی تاران، سەرەڕۆیی ئەوکاتی ئێرانی ڕاماڵی. ژینای کوردستانیش بە وەخەبەرکردنەوەی ویژدانەکان، چووە دڵی تاران و تەورێز و ئێسفەهانەوە و وای کرد کە خەڵک یەکدەست و یەکگرتوو، ژینا بکەن بە هەوێنی ئازادی و بەرخودان و دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردن. لە ئاکامی ئەم هاودەنگی و هاودەردییەدا خەڵک بەدەستی بەتاڵ لە شەقامەکان، لە کۆڵانەکان و لە شوێنی کارەکەیان بەرەوڕووی هێزە سەرکوتکارەکانی ڕێژیم و پاسدارەکانی ئەخلاقی پیاوسالاریی ویلایەتی فەقیهــ بوونەوە. لە شەڕێکی نابەرانبەردا، بە بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤ، ڕاستیی سیستەمی ئەخلاقیی کۆماریی ئیسلامی و پۆلیسی ئەخلاقیان ئاشکرا کرد. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێستاش بە گومانی هەبوونی توانایی لە فریودان و هیوا بۆ سەپاندنی ٤ دەیە دەسەڵاتدارێتیی لێوڕیژ لە هەڵاواردن بەسەر خەڵکدا، لەوپەڕی دڕندەییدا خەریکی کوشتنی ناڕازییان لە کوردستانە. ئەگەر لە ناوچەکانی ناوەنددا بە باتووم و گازی فرمێسکڕێژ و بەشێوەی هۆڤانە هێرش دەکاتە سەر ناڕازییان، لە کوردستاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆ دریژە بە سەرکوتکارییەکانی دەدا. ئەمەش نیشانی دەدات کە هێشا کۆماری ئیسلامی پەیامی خەڵکی نەبیستووە، پێی وایە کە دانیشتووانی ناوەند خوازیاری سەرکوتی ئەمنیەتی و پڕ لە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکن.

ئێستا هەموومان دەبێ بۆ وەرگرتنەوەی ڕەوایی لەم سیاسەتە ئەمنیەتییەی کۆماری ئیسلامی تێ‌بکۆشین. نابێ ئیزن بدەین کۆماری ئیسلامی بد بە تۆمەتی جوداییخوازی و ترازانی ئێران زیان بەم یەکگرتووییە بگەیەنێ. دوژمنی هاوبەشی کورد، تورک و لوڕ، عەرەب، بەلووچ و فارس و ... کۆماری ئیسلامییە.

هیوادارین کە ژنانی ئێران، کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا بەتەنیا جێ ناهێڵن و دەنگی بەرگری لە ژنان و ژینا بە بەردەوامیی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی زیندوو رادەگرن.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١