کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گونجاندنی گەڵاڵەی چاوەدێری لەسەر چەکی ناوکی و تێرۆریزمی تاران لە بودجەی سەربازیی ٢٠٢٣ی ئەمریکا

12:46 - 20 رەزبەر 2722

نوێنەرانی مەجلیسی سێنا لە هەڵسەنگاندنی بودجەی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەمریکادا، گەڵاڵەی چاوەدێری بە سەر توانای چەکی ناوکی و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانیان لە بودجەی سەربازیی ئەو وڵاتەدا گونجاند.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، نوێنەرانی هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز لە سێنای ئەمریکا دەڵێن ئەو گەڵاڵەیە بۆ ئەوەیە بە چڕی چاوەدێری جموجۆڵ و سیاسەتەکانی تاران بکرێ و گەڵاڵەکە دەزگاکانی دیپلۆماتیک، وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی زانیارییەکانی ئەمریکا ئەرکدار دەکا کە بە شێوەی دەورەیی کۆتا زانیاری لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە کۆنگرەی ئەمریکا بدەن.

"لیندێزی گراهام" سێناتۆری کۆماریخواز و "باب منێندز"، سێناتۆری حیزبی دێموکرات وەک ئامادەکارانی ئەو گەڵاڵەیە داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کردووە کە لەگەڵ کۆنگرەدا تیمێکی کاریی تایبەت بۆ ئەو گەڵاڵەیە وەڕێ بخەن.