کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی دروشمی "مەرگ بەر خامنەیی" لە نایسەری سنە

13:54 - 10 رەزبەر 2722

شەوی ڕابردوو لە نایسەری سنە سەدان کەس لە لاوانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و دروشمی "کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان" و "مەرگ بەر خامنەیی"یان بەرز کردەوە.

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەر لە کاتێکدا هێزەکانی گاڕدی تایبەت بە هاوکاری و پێشەنگایەتیی جاشەکان هەموو شارۆچکەی نایسەریان میلیتاریزە کردبوو و بەتایبەت شەقامەکانی "حاجی فەیزە"، "شەقامی گاز"، "ئیمام شافعی" و "مودەڕیس"یان بە هێزێکی زۆر تەنیبوو؛ لاوانی بوێری نایسەر بە خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان"، "مەرگ بەر خامنەیی"، مەرگ بەر دیکتاتۆر" بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم و دەسەڵاتە ئەهریمەنییەکەی دەربڕی.

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاند کە لە بەردەم پاسگای هێزە ئینتیزامییەکان و شارەداریی نایسەر هێزەکانی ڕێژیم توندوتیژیی زۆریان کردوە، هەروەها جیا لە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران شوشەوبانی دەیان ماڵیان شکاندوە، بەو بیانووە کە خەڵکەکە یارمەتیی خۆپیشاندەران بۆ شاردنەوەیان دەدەن.

شایەتحاڵێکی دیکەی ڕووداوەکە دەڵێ لانی‌کەم ١٠ کەس لە لاوانی ئەو شارە گیراون و زۆر کەسی دیکەش بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون. ئەو لە درێژەدا گوتی جاشەکان لە سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئازاردان و زیان پێگەیاندن بە خەڵکەکە زۆر لە پێش بوون و لاوانی نایسەر بڕیاریان داوە تاوان و جینایەتەکانیان بێ‌وەڵام نەهێڵنەوە.