کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یونیسێف: کۆماری ئیسلامی گیانی منداڵانی خۆپێشاندەر ناپارێزێت

13:02 - 20 رەزبەر 2722

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کردووە ئاگاداری گیانی منداڵان و مێرمنداڵانی خۆپیشاندانەر بێت و گیانیان بپارێزێت.

"کاترین رۆسێل"، سەرۆکی ڕێکخراوی "یوونیسێف" لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە کوژران و برینداربوونی دەیان  منداڵ و مێرمنداڵانی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا؛ نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو بابەتە ڕاگەیاندوە. ئەو بە ئاماژە بەوە کە هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژبە ڕێژیمی ئێران دەیان منداڵ تووشی توندوتیژی بوونەتەوە و کوژراون، هۆشداریی ئەوەی داوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سوورە لەسەر پاراستنی گیانی منداڵان لە هەر توندوتیژییەک و چاوپۆشی لە توندوتیژی دژبە منداڵان ناکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها داوا لە "ئانتۆنی گۆترێش"، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە پشتیوانی هەڵمەتی پاراستنی گیانی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران بێت.

لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانەوە هەتا ئێستا نزیک بە ٢٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون کە نزیک بە ٢٤ کەس لەوان منداڵ و مێرمنداڵ بوون.