کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشێک لە ژنانەوە بۆ لاوان

13:14 - 20 رەزبەر 2722

شاهۆ حوسێنی

سەرەتا

شۆڕشێک کە لەلایەن ژنانەوە بەدژ کۆشتنەکان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی بە ئایینی‌کردنی جەستەی ژنان لەپاش شەهیدبوونی ژینا بە دەست مرۆڤکوژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ ‌کردبوو، هەر ئەم جۆرەی چاوەڕوان دەکرا زۆر زوو تەشەنەی کردە نێو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و لە درێژەدا زانکۆکان و لەپاشان قوتابخانەکانی گرتەوە.

کۆمەڵناسیی بزاڤی لاوان

بلومر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مەبەستی لاوان لە بەشداری لە بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، مەبەست‌گەلێکی گشتییە، ئەم جۆرە بزاڤانە بە هۆی ئەوە کە لاوان ڕادیکاڵ و ئارمانخوازن درێژمەودا و بەردەوامن. دەرکەوتنی لاوان لە بزاڤەکاندا بە باوەڕی بلومر بەرهەمی ئاڵوگۆڕی بەردەوام، بەربڵاو و هێدی لە نەریتەکانی کۆمەڵگەدایە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لاوان تێگەیشتووانە و ئاگایانە بە مەبەستی ئاڵۆگۆڕی نەزمی کۆمەڵایەتی مەوجود دەر دەکەون، ئەوان لەژێر کارتێکەریی گۆڕانکارییەکان لە کولتوور و بەهاکان لە کۆمەڵگە و جیهاندا دەبنە خاوەن ڕوانگەیەکی نوێ لەمەر خۆیان و مافەکانیان. بۆیە تێ‌دەکۆشن بە ئاڕمان و ئامانجەکانیان بگەن، ئەمەش بێ‌گومان کاتێ دەردەکەوێت کە فۆرماسیۆنە نەریتییەکان توانایی بەرهەم‌هێنانی خواستە مەشڕووعەکانی لاوانیان نییە و بەم شیوەیە بەر دەگرن بە پەرەی لاوان. دەرکەوتنی لاوان لەنێو بزاڤەکاندا بە تەنیا هەڵسووکەوتێکی ڕەمەکی و چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵکوو دژکردەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بەدژ هێز و ڕووداوە مێژوییەکان. لەڕاستیدا بزاڤی  لاوان لەم کۆمەڵگە و وڵاتانەدا ڕوو دەدات کە ئاڵوگۆڕی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تووشی لاوازیی فۆرماسیونی سیاسی، داڕمانی شەرعییەتی دەسەڵات و نەزمی سیاسیی مەوجوودن.

لاوان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا

دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ئاسۆی سیاسیی ئێران وەک لێکەوتەی ئایدۆلۆژێکی فاندەمینتاڵ لێکەوتە گەلێکی گرینگی نەتەنیا بۆ کۆمەڵگە بە گشتی کە بە تایبەتی بۆ لاوان لێ ‌کەوتەوە. یەکەم دیاردەی کولتووریی ئەم دەسەڵاتە حەول بۆ بە ئایینی‌کردنی عەقڵ. جەستە و کولتووری کۆمەڵگە بوو، بۆ ئەم مەبەستەش سەرتا هەموو سەرچاوەکانی بارهێنان و ڕاهێنانی قوتابیان لە قوتابخانەکان بە وانە ئایینییەکان ئاخندران، لە درێژەشدا لە ڕێی لێژنەی باڵای شۆڕشی کولتووری بەمەبەستی ئایینیزەکردنی زانکۆکان، پەرەی کولتووری ئایینی و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕۆژئاواخوازی و سێکۆلاریزم حەول درا لەڕێی ئایدۆلۆژی فەرمیی حکوومی، لاوان و خوێندکاران لە خزمەت بەرژەوەندی ئایینی دەسەڵات کۆمەڵگر بکەن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە لەڕێی شۆڕشی کولتووری لە زانکۆکان لە ساڵی ١٣٥٩ تا ١٣٦٢ بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان لەسەر کار و خوێندن لادران.

بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی دژایەتیی خۆی لەگەڵ زانست و لاوی تێگەیشتوو نیشان‌ دا و حەولی‌ دا لەڕێی ئیسلامیزەکردنی خوێندن، زانکۆ و قوتابخانە تاکی ملکەچ، گوێڕایەڵ و دەستەمۆ پەروەردە بکات. بەڵام دژکردەوە جیاوازەکانی خوێندکاران لە درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی هیچ‌کات نەیتوانی لاوانی خوێندکار دەستەمۆ بکات. دیارە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، زانکۆکان و لاوانی خوێندکار گرینگترین پێگەی دژایەتی و ڕەخنەگرانەی دەسەڵاتی پاوانخواز و پاشکەوتووی ئایینی بوون. هەربۆیەش زانکۆکان بە بەردەوامی کەوتوونەتە ژێر هێرشی هێزەکانی سەرکوتکەر و بە دەیان خویندکار، ئێعدام، بێ‌سەروشوێن و شەهید کراون.

تێکەڵبوونی قوتابیان بە شۆڕش

شۆڕشی ئەم جارەی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەنیشت هەموو جیاوازییەکان و دیاردە نوێیەکانی کە بە خۆیەوە بینیویەتی، دیاردەیەکی تەواو جیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێش‌ خۆی بە خۆیەوە بینیوە. ئەم دیاردە جیاوازە کە بە شێوەیەکی کوتوپڕ و بەربڵاو لێکەوتەی زۆر گرینگی لەگەڵ خۆی هێنا، تێکەڵبوونی قوتابیان کچی قوتابخانەکان لەگەڵ شۆڕش بوو.

ئەون بە لادانی حیجاب، داگرتنی وێنەی خومەینی و خامنەیی لە کلاسەکان و دڕاندنی وێنەی ئەوان لە کتێبە دەرسییەکان دژکردەوەیان نیشان‌ دا و بەم شێوەیە پەیوەست‌بوونی فەرمی خۆیان بەم شۆڕشە ڕاگەیاند. قوتابیان بەم شێوەیە لاپەڕەی هەموو ملکەچی و جەستەبوون و ڕەگەزی دووهەم‌بونیان دڕاند و وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ بڕیاری سەربەخۆییان لە خۆ دەرخستن، خۆپێناسەکردن و خۆ بارهێنان ‌دا. ئەوان بە لەچکە سووتاندن، هێرشێکی ڕادیکاڵیان بۆ بناغە و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتی حاکم دەست ‌پێ ‌کرد. لەچکە تەنیا پەڕۆیەک یان بەشێک لە بەرگ و لیباسی ژن نییە بەڵکوو کەرەسە و بەربەستێکە بۆ نەفی و نەهی ژن وەک جەستەیەک و بوونیکی کە حەول دەدرێت لەڕیی شاردنەوەی بە ئایینی بکرێت. ئەم شۆڕشە سەلماندی کە سیاسەتەکانی زێدە لە چڵ ساڵ دەسەڵاتی سەرکووت، پاوانخواز و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی هیچ‌کات نەیتوانیوە شەرعییەتێک لەنێو زەین و هزری کۆمەڵگەدا بۆخۆی مسۆگەر بکات، نیشانی داوە کە سیاسەتەکانی ئایینی و ئۆبژەپەروەری کۆماری ئیسلامی لەماوەی زێدە لە چل ساڵ دەسەڵاتی بەربڵاوی خۆیدا هیچ کات نەیتوانیوە مرۆڤی ملکەچ و گوێڕایەڵ بەرهەم بهێنێت و ئەگەر زۆریی دەسەڵات، پارە و هێزی نیزامی نەبێت، تەنانەت بۆ یەک چرکەش ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ حوکمی کۆمەڵگە بکات.

ئەم دەسەڵاتە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک‌ لەلایەن ژنانەوە بە ژنانی گەورە ساڵ، خویندکاری زانکۆ و قوتابخانەکان مەترسیی ڕووخانی لەسەرە و هیچ‌کات پایەکانی نەزەری، هزری و مەعریفی دەسەڵاتەکەی ئەوەندە لەرزۆک و هڵۆڵ نەبوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.