کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن ڕێگایەک بۆ شکاندنی شکۆی دیکتاتۆر

13:23 - 20 رەزبەر 2722

ت. ئاگری

لە ماوەی دوو حەوتووی سەرەتای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێراندا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کورستان وێڕای پێشەنگایەتییان لە خۆپێشاندان و هاتنە سەر شەقام، دوو جاریش بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بەشداریی ئەم ناڕەزایەتیانە بوون.

جاری یەکەم لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوژرانی ناجوامێرانەی ژینا ئەمینی بە دەست جەللادانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو مانگرتنە وێڕای نیشاندانی ئاستی تووڕەیی خەڵکی کوردستان لەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی و هاودەنگییان لەگەڵ حیزبەکانی خۆیان، بوو بە هۆی ئەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەقزی شاری ژیناوە بە هەموو کوردستان و لە کوردستانیشەوە بە پانتایی هەموو ئێران بڵاو بێتەوە. بە جۆرێک کە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی کەموێنە هەموو جوغرافیای ئێرانی گرتەوە.

قورسایی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە ڕادەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە چنگ خەڵکی وەزاڵەهاتوو، پەنای بۆ هەموو فرت‌وفێڵێک برد. یەک لەوانەش هەڵخڕاندنی هەستی ئێرانییەکان بە "لە مەترسی‌کەوتنی سنوورەکان" و لەقاودانی مەترسیی دابەش‌کردنی خاکی ئێران لەلایەن حیزبەکانی کوردستانەوە بوو. بۆ ئەوەش دەستی بە تۆپباران، هاژەک‌باران و درۆن‌بارانی بنەماڵە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنکەی حیزبەکان لە باشووری کوردستان کرد. لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکان شەهید و بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر ماڵ و ژیانی ئاوارەییان کەوت. بەپێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی دیکە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەردا بۆ جارێکی دیکە دووکان و بازاڕیان داخستەوە و بێزاریی خۆیان لەو کردەوەیە و لە کۆی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە. لە سەر بانگەوازی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم جارە مانگرتن و داخستنی بازاڕ تا ڕادەیەک پەلی بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیش هاویشت. بەشێک لە دووکانداران و بازاڕیانی تاران، ئیسفەهان، ڕەشت و هێندێک شوێنی دیکەی ئێران دژ بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و بۆ هاودەردی لە گەڵ خەڵکی کوردستان دووکان و بازاڕیان داخست. هاوکات سەرەتایەک لە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی ئێرانیش هاتە ئاراوە. ئەوە وێڕای مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان و لە پارێزگای فارس.

وەک چۆن کورد هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە بوو، هەردوو جاری ئەم مانگرتنانەش گوڕوتینێکی نوێیان بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی ئێران دایەوە و نیشانیان دا کە چۆن خەڵکی کوردستان لە باری خەبات و تێگەیشتنی سیاسییەوە چەند هەنگاوێک لە پێش خەڵکی ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێرانەوەن.

 ئەو تێگەیشتن و ئەزموونەی خەڵکی کوردستان لە خەباتی سیاسی و مانگرتن، بە شێوەی کۆنکرێت بۆ خەباتی گەلی کورد لەم دوو دەیەی دواییدا دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی هەوڵی دا لەو شێوازەی خەبات کەلک وەرگرێ، بەڵام باری قورسی خەبات لە سەر خەڵکی کوردستان، سەرکوتی زۆری خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامی، تاقی‌نەکرانەوەی ئەو شێوە خەباتە تا ئەوکات و مەترسیی خەڵک لە نەگەیشتنی هاواریان بە گوێی دنیا بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە ئەوکات مانگرتن سەرکەوتوو نەبێ. بەڵام ساڵی ١٣٨٤ لە نێو ئەو سەرهەڵدانەدا کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کوژرانی شوانەی سەید قادر بە دەستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سیاسەتی تێرۆر و کوشتنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، شازدەهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملووی مەزن دووکان و بازاڕەکانیان داخست. سەرەڕای گوشار و ئازاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بازاڕیان و دووکانداران، ئەم ڕەوتە تا چەند ساڵ دواتریش بەردەوام دووپات دەکرایەوە. بەڵام گوشاری زۆری کۆماری ئیسلامی لەلایەک و ناهومێدیی خەڵک بە هۆی لێکترازانی ڕیزەکانی حیزب، بەرەبەرە ئەو شێوە خەباتەی بەرەو کاڵبوونەوە برد. دوای ئێعدامی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانی لە ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دووپات کردەوە. دوا جاریش هاژەک‌بارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی حەڤدە کەس لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزب و هاوکات سێ زیندانیی سیاسیش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دار دران، تووڕەیی زۆری خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە. لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانیی حیزبەکانی دەرەوەی ناوەند مانگرتنێکی سەراسەرییان بەڕێوە برد. مانگرتن لە کوردستان ئیدی بووە بە نەریت و بە شێوە خەباتێکی زۆر ئاشنا لە دەست خەڵکدا. هەر دوو مانگرتنی دوایی دەریانخست کە لە باشووریترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا باکووریترینیان، بەو شارانەشەوە کە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا هاوبەشن، لە کاتە پێویستەکاندا بە پیر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەوە دێن و خەڵک لەو ڕێگایەوە هاوپێوەندیی خۆیان لە گەڵ حیزبەکانی خۆیان و نەفرەتیان لە کۆماری  ئیسلامی و کردەوەکانی دەردەبڕن.

مانگرتن بە شێوەی داخستنی بازاڕ و نەچوونە سەر کار لە ئاستێکی لۆکاڵی و ناوچەییدا، شێوەیەک لە خەباتی مەدەنی و لە ڕاستیدا جۆرێک خەباتی پێچەوانەیە. بەو واتایە کە خەڵک کارێک ناکەن کە دەسەڵات حەزی لێیە و بەم جۆرە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دەسەڵات و لە کردەوەکانی، بە گوێی کاربەدەستانی حکوومەت و لە ڕێی مێدیاکانەوە بە دنیا ڕادەگەیەنن. بەڵام مانگرتن لە ئاستێکی گشتگیرتردا دەسکەوتی زۆر زیاتری بە دوادا دێ.    

ئێرانییەکان ئەگەرچی ئەزموونی لاوازکردن و لە عەرز دانی دەسەڵاتی پاشایەتییان لە رێگای مانگرتن و داخستنی بازاڕ لە ساڵی پێش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هەیە بەڵام ئەو کاتیش بازاڕ تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست ئەو ڕەوتانەدا بوو کە دواتر کۆماری ئیسلامییان پێک هێنا. لەو کاتەوە ڕێژیم بە درێژایی پتر لە چوار دەیە تەمەنیدا، تا ڕادەیەکی زۆر چەکی داخستنی بازاڕی لە دەست خەڵک دەرهێناوە. یەک لە دەسکەوتەکانی سەرهەڵدانی ژینا، دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی پەیوەست بوونی شارەکانی دیکەی ئێران بە خەباتی مانگرتنی خەڵکی کوردستانە. دوای دەسپێک و پەرە گرتنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان، مانگرتنێکی گشتگیر و بەردەوام، قۆناغێکی گرینگ و چارەنووسسازە لە ڕەوتی ڕووخانی ڕێژیم. مانگرتنی سەراسەری ناڕەزایەتییەکان بە ناخی کۆمەڵگەدا شۆڕ دەکاتەوە و گشتگیرتری دەکا و چین و توێژی زیاتری پێوە پەیوەست دەکا. هەروەها ڕێژیم لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکا. بە تایبەتی ئەگەر مانگرتن بوارەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی وڵات بگرێتەوە دەتوانێ دەوڵەت بە یەکجاریی نوقوستان بکا لە کاری بخا. بەڵام لە حاڵەتی ئاساییشدا لاوازیی ئابووری دەبێتە هۆی بچووکتر بوونەوەی دەوڵەت تا ئاستێک کە بە زەحمەت بتوانێ مووچەی کارمەندەکانی بە تایبەت بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی بدا. بەڵام بێ لەوە، مانگرتنی سەراسەری لە باری سیاسییەوە هەیمەنە و ئیقتداری دەسەڵات تێکدەشکێنێ. لەو قۆناغەدایە کە دانگەڕێز کردنی هێزە چەکدارەکان دەست پێ دەکا و ڕێژیم لە باری سەربازییەوە تووشی داڕمان دەبێ. داڕمانی سەربازی، ئیزۆلە بوونی دەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە و حکوومەت بچووک و بچووکتر دەکاتەوە. ئیدی خەڵکیش زیاتر ترسیان لە دەسەڵات دەشکێ و دوای ئەوە ڕاپەڕینێکی چەکداری و تەنانەت بە بەرد و تێڵاش دەتوانێ تەخت و بەختی جەماران و هەر حکوومەتێکی دیکتاتۆر بە یەکجاری تێکەوە پێچێ و ئەو پەڵە نەنگە لە داوێنی مرۆڤایەتی بشواتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.