کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەم بڵقە کەی دەتەقێتەوە؟ )شەقام، مانگرتن، دیپلۆماسیی چالاک)

23:52 - 20 رەزبەر 2722

ڕەزا دانشجوو

هەنگاوی یەکەم: دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئامادەبوون لە شەقام

ئەمجارەیان کۆماری ئیسلامی کچێکی بێتاوانی کوردی شەهید کردووە، ڕێژیم تەنانەت لە نەخۆشخانەی تاران بەزەیی بە بنەماڵە و کەسوکاری دانایەت، کوردکوشتن بۆتە خوو و شتێکی تەواو بێبایەخە لەلایان. ڕەنگە لەبەر ئەوەی تا ئێستا تێچووی ئەو هەمووە تاوانەیان نەداوە؟ بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ئەمجارەیان ڕۆژهەڵات لە جاران بەئاگاترە، حیزبە کوردییەکان لێدوان دەدەن و خەڵک پاڵپشتی دەکەن، سەقز و سنە داستانێکی گەورە دەخوڵقێنن و دەبنە دەسپێکی بەرخۆدانێکی گەورە کە زۆر بە زوویی هەموو ڕۆژهەڵات بەدوای خۆیدا دێنێت. هۆشیاری توخمێکی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی ئەمجارەیە لە ڕۆژهەڵاتدا، لە هەڵبژاردنی دروشمی گشتگیری "ژن، ژیان، ئازادی" تا دەگاتە هێرشکردنە سەر نۆرمەکانی ئیختیارکراوی ڕێژیم بە سووتاندنی لەچک و ڕووسەری. خەڵک دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە، پەیامێکی ڕوونە کە مەبەست ڕووخاندنی ئەو سیستەمە گەندەڵەیە و ئامانج دروست‌کردنی سیستەمێکی ئازاد و دێموکراتیکە. ئەم هەڵبژاردنە وشیارانە و دوورکەوتنەوە لە تاقمێک بیروبۆچوونی تەسک و بێ‌بنەما و کوێر، ناڕەزایەتییەکان بۆ هەموو ئێران بڵاو دەکاتەوە. "ئێمە ناسیۆنالیستی بیرتەسک نین کە تەحەمولی ئەوانی تر نەکەین"، ئێستا گۆڕەپانی یاریکردن تەواوی جوغرافیای ئێرانە و ئەوە ڕێژێمی بێدەسەڵات کردووە. ئێستا ناڕەزایەتیەکان بوون بە سەرەتای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر.

هەنگاوی دووەم: پەرەسەندنی شۆڕش، مانگرتنی سەرتاسەری

ڕێژێم کە توانای کۆنترۆڵکردنی کۆڵان و شەقامەکانی نییە، هێرش دەکاتە سەر بارەگای حیزبە کوردییەکان. هێرشێکی ترسنۆکانە کە دەبێتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و بنەماڵەی حیزبی دێموکرات.  ئامانجی کۆماری ئیسلامی بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ڕووداوەکانە بە بەکارهێنانی درۆن و موشەک تەنانەت بە نرخی شەهیدکردنی ژنی دووگیان و کۆرپەکەی.

ئەمە جۆرێکە لە بانگهێشت‌کردن بۆ جەنگ.  لەبەرامبەردا حیزبە کوردستانییەکان دەستبەجێ داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن، کوردستان جارێکی دیکە پێشەنگایەتی دەکات و ڕێگایەکی نوێ دەست پێ دەکات.  ئێستا، كۆماری ئیسلامی  زیاتر لە هەموو کات لە چارەسەری گرفتەکاندا ناتوانایە. خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هاتۆتە نێو قوتابخانە و زانکۆکانەوە. ئێستا "مەرگ بۆ خامنەیی" چۆتە نێو یاریی منداڵانی سەرشەقامەوە. کۆماری ئیسلامی پڕوپاگەندە بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت ناڕەزایەتییەکان کەم بوونەتەوە. جارێکی دیکە شەممە دێتەوە و خاڵی وەرچەرخانێکی دیکە لە شۆڕشی گەلی ئێراندا تۆمار دەکرێت.

ئێستا بڵاوبوونەوەی شۆڕش چ لە ڕووی جوغرافی و چ لە ڕووی گرووپەکانی بەشدار گەیشتووەتە ئاستێکی باوەڕپێنەکراو. ئێستا خەڵک دەپرسن تا تەقینەوەی یەکجاری چەند ڕۆژی شەممە ماوە؟

هەنگاوی سێیەم: بەرەو ڕووخانی ڕێژیم ، دیپلۆماسیی چالاک

چەند وڵاتێکی ئورووپی داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کرد ئێران بەجێ بهێڵن، ئەوان دەنگی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان بیست، تێگەیشتن کە ئەم شۆڕشە گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوە. ئێستا كاتی دیپلۆماسییە، كاتی كۆكردنەوەی نەیارانی كۆماری ئیسلامییە بە هەموو بیر و فكرەكانیانەوە. ڕۆژهەڵات دووجار بانگهێشتی لایەنە کوردستانییەکانی قبوڵ کرد و دیمەنەکەی ڕێک خست. ڕۆژهەڵات شۆڕشی دەست پێ کرد و باڵی پێدا، خەڵکی کوردستان بە گیانی خۆیان "شۆڕشی ژینا"یان بردە پێشەوە و شوناس و مانایان پێدا، ئێستا داوا لە سیاسەتمەدارەکانیان دەکەن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێک ڕەوت و کەسانی دۆگماتیک سەخت و پێویستیی بە پشوودرێژییەکی یەکجار زۆرە، بەڵام کاتێک خەڵکی کوردستان توانییان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بگەیەننە دوورترین ناوچەکانی ئێران و لە زمانی ژنانی تەنانەت زۆر مەزهەبی باشووری تارانەوە بیخوێننەوە، بۆچی سیاسەتمەدارانی کورد ناتوانن؟

بەڕێزان ئێستا نۆرەی ئێوەیە تا لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێ بکەن. پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی شۆڕشگێڕ لە هەموو گرووپ و ڕەوتی سیاسییەکان دەتوانێت وەشانی کۆماری ئیسلامی بپێچێتەوە. ئێستا ناوبەناو بڵاوکردنەوەی پەیام کاریگەریی نەماوە وخەڵک پێویستییان بە پەیوەندیەکی زۆر نزیکتر و ڕاستەوخۆ هەیە. لەبیرمان نەچێت گەورەترین ئافاتی شۆڕش بێدەنگە ناڕازییەکانن، ئەوانەی لە کۆماری ئیسلامی نائومێد بوون بەڵام پێیان وایە هیچ بەدیلێک نییە بۆ گرتنەوەی جێگای کۆماری ئیسلامی و دوای ڕووخانی ڕێژیم بارودۆخی وڵات بەرەو نائارامی دەڕوات. دیپلۆماسی دەتوانێت نیگەرانیی زۆر کەسی نابڕیار چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا پەیامێکی ڕوونە بۆ وڵاتانی جیهان کە سەرلەنوێ بە پرسی پشتیوانی خۆیان لە کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

با لە بیر نەکەین ڕۆژهەڵات لە هەموو شۆێنێکی ئێران زیاتر پێویستیی بە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە هەیە، ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئەم بزووتنەوەیە ئەنجامێکیی باشی لێ نەکەوێتەوە، زۆربەی زیانەکانی بە کوردستان دەگات.

شەقام، مانگرتن و دیپلۆماسیی چالاک سێ لقی ڕووباری ڕزگارین، دەبێ بەیەک بگەن و ببن بە لافاو بۆ سڕینەوە و پاککردنەوەی تەواوی ناڕاستییەکان و ڕووخاندنی پایەکان ڕێژیمی پەت و سێدارە. تکایە هەموو توانا و هێزی خۆتان بەکاربهێنن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی شۆڕشگێر.

زۆری نەماوە بۆ کۆتایی ژیانی ئەو کابوسە ٤٤ ساڵەیە، ئەمە ئەرکێکی مێژووییە. ئێتر لە ئیمپراتۆریەتی درۆ و فریودان جگە لە بڵقێک هیچی تر نەماوە. ئێستا شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕۆژهەڵات هەر ڕۆژ بە دەنگی دروشمەکانی سەرشەقام هەڵدەستن و سەرخۆش لە ورەی بەرز و ئازایەتی هاوڕێیانیان لە ڕۆژهەڵات دەپرسن: ئەم بڵقە کەی دەتەقێتەوە؟

ئەم وتارە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە.