سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی خۆی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ناوچە سنوورییەکانی چۆمانی بە خەستی تۆپباران دەکا.
هێزە سپای پاسداران پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش (یەکشەممە، ١٠ی ڕەزبەر) بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان، بەربزین و بەرزاییەکانی سەقەری تۆپباران کردوە و لەو هێرشانەدا درۆنی خۆتەقێنیشی بەکار هێناوە.
کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لێدوانێکدا لەگەڵ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی تۆپبارانەکە دەڵێ ئەم هێرشە نوێیەکانی سپای پاسداران زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام زەرەر و زیانێکی زۆری لە ژینگە ناوچەکە داوە.
هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتی دراوسێی لە حاڵێکدایە کە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی حکوومەتیی خۆپیشاندەران و مووشەکبارانی بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکان سەدان شار و شوێنی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات داگرتوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش هەروەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی لە بری وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک و، بۆ بەلاڕێدا بردنی سەرنجی گشتیی خەڵک لەسەر ناڕەزایەتییەکان؛ دەستی بە مووشەکبارانی حیزبە کوردییەکان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە.