کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی ڕەوا لە بەرانبەر ھێرشی دوژمندا بەرگری لە خۆمان دەکەین

00:25 - 21 رەزبەر 2722

(ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوكاری لەبارەی هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ڕێژیم بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان)

كۆمەڵانی خەڵكی خەباتكار!

حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران!

لە ماوەی ڕابردوودا و پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی كە لە كوردستانی پێشەنگی خەبات و خۆڕاگرییەوە سەری هەڵدا و سەرجەم شار و ناوچەكانی ئێرانی گرتەوە و بڕیاری ڕووخاندنی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامیی داوە، دامودەزگاكانی ڕێژیم لە تریبوونەكانی خۆیانەوە بانگەوازی شەڕێكی نابەرابەری سەربازی و ڕەوانییان دژی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وەڕێ خستووە.

سەرەڕای سەركوت و كوشتاری ڕۆژانەی خەڵكی ناڕازی لەسەر شەقامەكان، كۆماری ئیسلامی بە مووشەك و دڕۆن هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكان و ئێستا بە ھێنانی هێزێكی زۆری سەربازی بۆ سەر سنورەكانی كوردستان، هەڕەشەی بەزاندنی سەروەریی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و لەشكركێشی بۆ سەر حیزبەكان دەكات.

ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای مەحكووم‌كردنی هەر چەشنە دەستدرێژییەكی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنین كە ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان مەحكوومە و دەبێت ڕیسوا و لەقاو بدرێت.

ئێمە لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە کە ڕێزمان لە سەروەری حکوومەتی ھەرێم گرتووە و دەیگرین و بەو هۆکارە ھیچ چەشنە جووڵەیەکی نیزامی و پێشمەرگانەمان نەبووە، ڕایدەگەیەنین کە: 

لە حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان لە قووڵایی خاکی ھەرێمدا بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی ڕەوا لە بەرانبەر ھێرشی دوژمن بەرگری لە خۆمان دەکەین. هاوكات داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، حكوومەتی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم نوێنەران و كۆنسوڵگەرییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریكا لە هەرێمی كوردستان دەكەین بەرامبەر بەم ملهۆڕییانەی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و هەڵویستی جیدییان هەبێت. 

داوا لە ڕوناكبیران، كەسایەتییەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم كوردانی تاراوگە دەكەین لە بەرانبەر ستەمكاریی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوازێكی گونجاو ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و پاڵپشتیمان لێ بکەن.

كۆماری ئیسلامی نزیكە لەوەی كە سڵاو لە كۆتایی دەسەڵاتی 43 ساڵەی خۆی بكات، هەر بۆیە نەك ئەم هەڕەشانە و نەك سازكردنی شەڕێكی دیكە لە ناوچەكە ناتوانێت پێش بە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵكی كوردستان و ئێران بگرێت.

بژی هاوپشتی و یەكگرتووی خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەرانسەری ئێران،

بڕووخێ كۆماری ئیسلامی ئێران،

ژن ، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١
١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢