کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران

11:45 - 21 رەزبەر 2722

وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەمارۆخستنە سەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕیک‌کەوتوون کە حەوتووی داهاتوو سزای نوێ بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنن.

هەواڵدەریی فەڕانسە لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکی ئورووپاییەوە ڕایگەیاند کە، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە کاردانەوە بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ساغ بوونەتەوە گەمارۆ بخەنە سەر ئەو ڕێژیمە. ئەو گەمارۆ و سزایانە بەتایبەت ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی دڕەندانە خەڵکی ڕاپەڕێوی ئێران سەرکوت دەکەن.

ئۆرزولا فێن دێرلاین، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئورووپاش، بە جەختکرنەوە لەسەر ئەوەیکە توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئێران بەدژی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دەبێ ڕابگیرێ، گوتی: کاتی ئەوە گەیشتووە کە بەرپرسانی سەرکوتکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بخەینە لیستی گەمارۆکانەوە و ئەو توندوتیژییانەی کە کۆماری ئیسلامی دەیکاتە سەر خۆپیشاندەرانی ئێرانی نابێ بێ وڵام بمێنێتەوە. چونکی ڕێژیمی ئێران زۆ دڕندانە و ڕاستەخۆ تەقە لە خەڵکی خۆپێشاندەر دەکا و تەنانەت منداڵی خوار ١٨ ساڵ دەکوژێ؛ بۆیە دەبێ هەموو جیهان بێنە سەر خەت و ئاگاداری جینایەتەکانی تاران بن.